خوێندنەوەیەکی کورت بۆ پەرتووکی (مهزلة العقل البشري)ی د. عەلی وەردی

11:55 - 2024-08-19
دووتوێ
235 جار خوێندراوەتەوە

کنێر عەبدوڵڵا

 

 

ئێمە چاوەڕوانی رۆشنبیران و مەلاکان بوین بۆئەوەی لە قەیرانەکاندا یارمەتی خەڵکەکەیان بدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بینیمان کە هەوڵ دەدەن رێگری لە چاکسازی بکەن و فشارێکی نوێ بخەنە سەر مێشکیان.

 

(مەخسەرەی عەقڵی مرۆیی) ناونیشانی یەکێکه لە پەرتوکەکانی نووسەر و کۆمەڵناسی عیراقی د. عەلی وەردی كە بە بڕوای من کەمینەیەکی ئەو مرۆڤانەیە کە توانیویەتی بەسوودوەرگرتن لە لایەنی پسپۆرییەکەی زۆربەی پەرتووکەکانی بە دیدێکی ئەکادیمی و کۆمەڵناسی و بێلایەنانە شیکاری ورد بۆ کۆمەڵگەکەی بکات.

پەرتووکەکە 359 لاپەڕەیە، ناوەڕۆکەکەی لە 12 بەش پێکهاتووە، جگە لە پێشەکی و کۆتاییەکەی.

 

پیاوانی ئاینی کۆمەڵگەی عیراقی بیرکردنەوەکانیان تا ئێستا بە شێوازی سەدەی دەیە، لە کاتێکدا لە سەدەی بیستدا دەژین

 

ئامانجم لە خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە بە کورتی، سەرنجڕاکێشانی خوێنەرە بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ئەم نووسەرە کە پاش خوێندنەوەی هەر یەکێک لە پەرتووکەکانی هەستێکت لا دروست دەبێت کە بەڕاستی عەقڵی تاک پێویستی بە سەرلەنوێ پێکهێنانەوە و وەستان بێت لەسەر ئەوەی گوزەراوەو دەگوزەرێت لە ژیاندا. دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت کاتێک نووسەر لەسەر باسەکان و نموونەکانی باسی لێوەدەکات و دەوەستێت، لە شوێنی خۆمانەوە واقعی رابردوو و ئێستای تیایدا دەژین بەبیرمان بکەوێتەوەو دەشێت ئەوەش بەشێکی زۆری پەیوەست بێت بە دیدو سەرنج و خوێندنەوەی نووسەر لە لایەک چ وەک سوودوەرگرتنی لە لایەنی پسپۆرییەکەی وەک توێژەر و لێکۆڵەر، لە لایەکی تر خودی خۆی  کە عیراقییە و سەرچاوەی تێڕوانین و نموونەکانی لە واقعی کۆمەڵگەکەی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش وایکردووە زیاتر خوێنەر درک و هەست بە رووداوەکان بکات. بۆیە مەبەستێکی ترم لە خوێندنەوەی ئەم پەرتووەکە بۆ ئاشنابوونی زیاتری خوێنەرە بە گرنگی ناوەڕۆکی پەرتووکەکە لە رووی بیروباوەڕەکانی خستویەتییەڕوو و دەرئەنجام بۆتە رەفتاری زۆرینەی خەڵک و کەلتوری باوی کۆمەڵگەی عیراقی، هەروەها تیشکخستنە سەر هەندێک بیروباوەڕی نووسەرە کە وەستان لە ئاستیدا و تێڕامان و تێفکرین و تێگەیشتن لە ئامانج و مەبەستەکانی پێویستە بۆ بیرکردنەوەی جدی هەر مرۆڤێک لەلای خۆیەوە، دواتر هەریەکەمان واقعیانە و دوور لە لایەنی سۆزداریی و بابەتییانە و دوور لە میزاجیەت، بێلایەنانە و دوور لە دەمارگیریی و لایەنداری بتوانین بڵێین، ئەوەی نەمانئەزانی وا ئێستا زانیمان و ئیدی بەرپرسیارێتیمان لێرەوە زیاتر دەبێت لەوانەی کە بەهەر هۆیەک بێت نەیانزانیوە یان نایانەوێت بیزانن یان تێبگەن.
لەکاتی خوێندنەوەی پەرتووکەکەدا هەندێک لەو باسانەی جێی سەرنجم بوون، دەمەوێت ئێوەی خوێنەرانی پێ بەشدار بکەم، تا ئێوەش بتوانن بە زمانی عەرەبی بێت یان کوردییەکەی درێژە بە خوێندنەوەی، نەک تەنها ئەم پەرتووکە، بەڵکو بە سەرجەم پەرتووکەکانی ئەم نووسەرە بدەن، من بەمە دەستم پێکرد و خوێندنەوەکانم بەردەوام دەبێت بۆ پەرتووکەکانی تریشی. من خۆم زۆر سوودمەند بووم لێی، ئەگەرچی لێتان ناشارمەوە زۆر ئازاربەخشیش بوو بۆم، لەهەمانکاتدا بۆ زانینی هەندێک راستی کە پێیدەوترێت راستییە تاڵەکانی کۆمەڵگەکەی خۆت و فەرمانڕەوایان و عەقڵی تاکەکان، چونکە دواجار زۆر پرسیار لە مێشکتدا دەوروژێت و بەخۆت دەڵێیت، من لە کوێ دەژیم و بۆ ئاوا دەژیم ؟ کێ بەرپرسە لەم ژیانەم؟ 

 

 

د. عەلی وەردی

 


نامەوێت هەموو خەڵک لێم رازی بن

ئەوەی جێی سەرنجم بوو لەسەرەتادا نووسەر دەڵێت: « من نامەوێت هەموو خەڵک لێم رازی بن، گریمان خەڵک ئامانجێکە بەدەست ناهێنرێت، وەک لە پەندە کۆنەکەدا گوتراوە، بەسە بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ خوێنەر بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ بکات، کە لە واقعدا ئەوەش راستییەکەیە». خودی ئەم دەستەواژەیە مەودایەکی تێگەیشتنی قوڵی هەیە وەک کۆی فەلسەفەی ژیان کە جێی تێڕامانم بوو و منیش بۆ خوێنەر بەجێیدەهێڵم.
نووسەر لەباسەکانیدا لەسەر زۆر چەمک وەستاوە و لەڕێی بواری کۆمەڵناسییەوە شیکاری بۆ کردووە، یەکێک لەو چەمکانەی باسی لێوەکردووە بریتییە لە لادانی جنسیی کە پێیوایە هاوشێوەی چەمکەکانی وەک لەشفرۆشی و تاوان و هاوشێوەکانی بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان ناوزەند دەکرێ کە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دەروونی و ژینگەی پەروەردەیی رۆڵ دەگێڕێن لەسەرهەڵدانی لە مرۆڤدا و بوونیشی لە کۆمەڵگە مرۆییەکاندا هەیە و هیچ کاتێکیش ناتوانرێ بنبڕبکرێت، بەڵکو سەیری کێشەکە دەکرێ لە روانگەی رێژەی تەشەنەسەندنییەوە لە نێوان خەڵکدا، بەو شێوەیە هەوڵدەدرێت رێژەکە کەم بکرێتەوە لە کۆمەڵدا، نەک نەمانی بەشێوەیەکی کۆتایی. هەر ئەوەشە وا پێناسەی کردووە کە دیاردەییەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە و چەندین هۆکار تێهەڵکێشی دەبێت و 2 ٪ ی خەڵک تووشی دەبن بەشێوەیەکی سروشتی کە بەهۆی کەمیی لە پێکهاتەی بایۆلۆجیانەوە روو دەدات و دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیانە، بەڵام دەڵێت: «ئەوەی جێی بایەخی توێژەرانی کۆمەڵایەتییە ئەوانەن کە بەهۆی کاریگەریی بارودۆخەکانی کۆمەڵایەتییەوە وەریانگرتووە واتە وەرگیراوە (مکتسب)ە کە رێژەکەی کەم و زیاد دەکات بەپێی هۆکاری جۆربەجۆری جیاواز. ئیدی بەچەندین نموونەی جیاوازی بوارەکان و گەڕانەوەی نووسەر بۆ سەرچاوەی سەرهەڵدان و باسکردنی لە رووی مێژووییەوە دەبێتە باسی دەستپێکی پەرتووکەکەی کە وەک هەر کێشەیەکی تری کۆمەڵ دەیبینێت. لەمەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بوونی کێشەکان پاڵنەرێکە لە پاڵنەرەکانی گەشەکردن و گەر وا نەبێت خەڵک بە قەناعەتەکەی خۆیەوە دادەنیشت.

جیاوازیی چەمک و تێگەیشتنەکان 
نووسەر جیاوازیی چەمک و تێگەیشتنەکان دەخاتەڕوو لە رووی مەنتقی تازەو کۆنەوەو دەڵێت:” یەکەمیان باوەڕی بە جووڵە و گەشەکردن هەیە، بەوەی هەموو شتێک لەم گەردونەدا گەشە دەکات لە دۆخێکەوە بۆ ئەویتر” لە هەمانکاتدا لێرەوە ئەرکی ئامۆژگاریکەران (واعظ) دەخاتەڕوو کە ئەرکیانە خوێندنەوەی دۆخەکە و پشکنین بۆ هێزی تەوژمەکە بکەن، پێش هەر بەرگرییکردنێکیان کە ئەمە یەکێکە لە کێشەکان کە بەرگری لە هەموو تەوژمێکی نوێ دەکەن، بۆ ئەمەش نموونەی زۆر دەخاتەڕوو کە چۆن بۆ خەڵکی حەرام دەکرێ و بۆ خۆیان حەڵاڵ، بۆیە دەرئەنجامی ئەم باسە ئەوەیە کە دەڵێت: “ پێم سەیرە کە ئامۆژگاریکەران دەڵێن: باشەکە لە خۆرئاوا وەربگرە و خراپەکەیشی فڕێ بدە” چونکە نووسەر شارستانییەت بە پاکیجێک دەبینێت، واتە ئامێرێکی پێکەوەگرێدراوە کە  بە باشی و خراپییەکانییەوە سەرهەڵدەدات و ناکرێت بەش بەش بکرێت یان بەشەکانی لەیەکتر جیابکرێنەوە، تەنانەت نووسەر دەڵێت: «لە تواناشدا نییە چاودێر لەسەر سنوور دابنرێ کە بژاردەی باش بکات و خراپەکە فڕێ بدات» بۆ ئەوەش چەندین نموونە باس دەکات لەوانە: باس لە ئیمامێک دەکات بەناوی یەحيا کە هەوڵی رووبەڕووبونەوەی ئەم تەوژمەی دەدا، بەوەی رێگری لە هاتنەناوەوی هەموو شتێکی کرد لە خۆرئاواوە، بەڵام بەهۆی بەهێزی تەوژمەکەوە ماوەیەکی کورت و کەمی خایاند، ئیتر وەک نموونەکانی تری کە باسی لە مانگرتنی دەکرد لە دەرمان لەکاتی نەخۆشیدا، یان هەڵگرتنی بە ئۆتۆمبیل یاخود تەلەفۆنکردنی و چەندین پێداویستی تر کە رووی لەزیادبوون دەکرد، بۆیە دواجار تیشک دەخاتە سەر ئەوەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی بەسەر هەموو وڵاتێکدا دەڕوات هاوشێوەی ئەوانەی پیایدا رۆشتون، چونکە شارستانیەتی خۆرئاوا (غرب) سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەوەی جێی باسکردنە،  ئەوە تایبەت نییە بە خەڵکی خۆرئاوا بە تەنها، بەڵکو شارستانیەتێکی جیهانییە کە خۆرهەڵات و خۆرئاوا هاوکاربوون لە دامەزراندنیدا، بۆیە دواجار لێرەوە باس لە چاوەڕوانبوونی  بیرمەندان و پیاوانی ئایینی و هیتر دەکات، کە یارمەتیدەری نەتەوەکەیان بن لەم قەیرانانەدا کە پێچەوانەکەی ئەوەی بەدیدەکرێت وەستانەوەیە لە ڕێی چاکسازی، بۆیە لە درێژەی باسەکەیدا لەم رووەوە باس لەوە دەکات کە ئێمە چاوەڕوانی رۆشنبیران و مەلاکان بوین بۆئەوەی لە قەیرانەکاندا یارمەتی خەڵکەکەیان بدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بینیمان کە هەوڵ دەدەن رێگری لە چاکسازی بکەن و فشارێکی نوێ بخەنە سەر مێشکیان. 
کیشەی براکانمان ئەوەیە کە دان بە بوونی بیری نوێدا نانێن، هەروەها گرنگی بەو تیۆرانە نادەن کە زاناکان ئەمڕۆ دۆزیویانەتەوە کە نزیکە لە هەڵوەشاندنەوەی تێورییە کۆنەکان، یەکێکیان لەنێو کتێبە کۆنەکاندا دەژی و بە زەحمەت جێیان دەهێڵێت. هەندێکجار وا دەبینرێت کە خۆبەزلزانە لەوەی کە پێی وایە پێویستی بە مۆڵەت نییە بۆ ئەوەی بەدوای زانستی نوێدا بگەڕێیت. بەداخەوە کە دەبینین براکانمان لە پیاوانی ئایینی لەم راستییە تێناگەن و هەربۆیە دەبینین کە بەرەنگاری هەموو رەوتێکی نوێ دەبنەوە، وەک ئەوەی مەسەلەکە لە دەستی ئەواندا بێت « ئەوان دەڵێن و خەڵکێش گوێی لێدەبێت کە چی دەڵێن»
لەو روانگەیەوە نووسەر دەڵێت:» ئێمە ئەمڕۆ بە گواستنەوەیەکی سەختدا  تێدەپەڕین و ئازارێکی زۆر بەدیدەکەین، نزیکەی سەدەیەک بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژییان، دواتر لەناکاو شارستانییەتی نوێمان بۆ هات، بۆیە لە هەر یەکێک لە ماڵەکانماندا شەڕ و مشتومڕێک لە نێوان نەوەی کۆن و نەوەی نوێدا بەدیدەکرێت،  ئەو  بە چاویلکەی سەدەی 10 سەیری ژیان دەکات و ئەویتریش دەیەوێت بە چاویلکەی سەدەی 20 سەیری ژیان بکات. ئەو چەمکە نوێیانەی کە لۆژیکی مۆدێرن باوەڕیان پێیەتی، چەمکی جووڵە و گەشەکردنن، هەمووشتێک لەم گەردونەدا لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر گەشە دەکات و هیچ وەستانێک نییە لە گەشەکردنیدا، بۆیە بۆتە ئەرکی بانگخوازان کە دیراسەی ئەو گەشەکردنانە بکەن و  پێش گەیاندنیان بەخەڵک لەڕێی وتارەکانیانەوە.»

 

د. عەلی وەردی

 

 

جیاوازیی نێوان ژیانی مەدەنی و تەقلیدی 
لە بەشی یەکەمی پەرتووکەکەدا لە تەوەرێکدا باس لە جیاوازیی نێوان ژیانی مەدەنی و تەقلیدی دەکات، بەوەی ئەو بنەمایەی کە مەدەنیەتی لەسەر بونیاددەنرێت، بریتییە لە زەحمەتی و نەهامەتی و ئازار، بۆیە ئەو ناوچانەی کە بە ئاسانی قوتی ژیان بەدەستدەهێنن و بێ ماندوبوون پارەیان دەستدەکەوێت و نرخی پارەیان لا نییە، ناتوانن مەدەنیەت بەرهەم بهێنێنن، بەو واتایەی کۆمەڵگەیەکە راهاتووە لەسەر تەمبەڵیی و تەسلیمبوون بە قەدەر و چێژوەرگرتن لە خەون و خەیاڵەکان و ژیانێکی ئیسراحەت. بۆیە پێی وایە ژیانی مەدەنی باجێکی قورسە لەلایەک دەستکەوتە و لەلایەکی تر زیانە و گرێدراوی دڵەڕاوکێ و ئازار و ماندوبوونە و ئەوەی ئەم ژیانە هەڵدەبژێرێت دەبێت لەمە تێبگەن، چونکە رێک جیاوازە لە ژیانی سەرەتایی یان تەقلیدی کە گرێدراوی دڵنیایی و ئارامی دەروونییە و مرۆڤەکان لەسەر رەوڕەوەی ژیانی باو و پاپران و نەوەکانی پێش خۆیان، درێژە بە ژیان دەدەنەوە، دوور لە دڵەڕاوکێ و پرسیارکردن و ماندوێتی و بگرە قەناعەتیان هەیە، چونکە هەموویشی بە ئاسانی بۆیان ماوەتەوە و هاتۆتە بەردەستیان. بۆیە لەمیانەی قسەکانیدا دەڵێت:” توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان سەلماندویانە ئەوانەی باوەڕیان تەنها بە دابونەریتی باوباپیرانیان هەیە، بە چەقبەستوویی و ئارامیی دەمێننەوە و هیچ هەنگاوێک بۆ پێشەوە نانێن  کە ناکۆکییەکی توندڕەو لە ناویاندا دەبێت، بەڵام لەسەر بنەمای شەخسی، نەک بیروباوەڕیی کە پێچەوانەکەی راستە کە لە نێو کۆمەڵگەی مەدەنیدا بوونی دەبێت، بەوەی کۆمەڵگەیەکی جووڵاوە و مرۆڤیش لەم جۆرەی کۆمەڵگەدا ئارامیی دەرونیی و دڵنیایی بەدەستناهێنێ وەک لەوەی لە کۆمەڵگەی چەقبەستودا دەستیدەکەوێت، بۆ ئەم دوو جۆرەی ژیان و کۆمەڵگەیە، نموونەی جیاوازی وڵاتان دەهێنێتەوە کە چۆن لە هەندێکیان مرۆڤ بەرۆژ و شەو، هەر لە جووڵە و راکردنێکی بەردەوامدایە و گەر لێی بپرسیت بەرەو کوێ؟ بەردەوام دەبێ لە رۆشتن و بە چەند وشەیەکی ناڕوون وەڵامت دەداتەوە و دواتر بەراووردی دەکات بە کۆمەڵگەی چەقبەستوو کە دروشمیان بریتییە لە “ پەلەکردن لە شەیتانەوەیە” واتە پێیان وایە کە رۆژەکان درێژن و پێویست بە ترس ناکات تیایدا  ئیدی دوو رێگە و ژیان و کەلتور و کۆمەڵگەی جیاوازە بە مرۆڤەکانەوە، کە کۆکەرەوەی ئەو دوو رێگە پێکەوە مەحاڵ و خەیاڵە، وەک ئەوەی هەندێک لە بیرمەندە عیراقییەکان باس لەوە دەکەن با باشییەکانی مەدەنیەت هەڵگرین و واز لە خراپییەکانی بهێنین. واتە باوەڕیان بە دابەشکردنی مەدەنیەت هەبوو بە پاکردنەوەی لە ماندوێتی و دڵەڕاوکێی لەگەڵ پاراستنی و نوێبونەوەو داهێنانەکانی. کە ئەم بۆچوون و ڕایە یەکی نەدەگرتەوە، چونکە مەدەنییەت دابەش ناکرێت و بگرە وەک ئامێرێکی پێکەوە لکێنراوە، کە هاتە ناو کۆمەڵگەیەکەوە بە باش و خراپییەکانییەوە دێت و ئەم راستییەش عیراقییەکان لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمەوە درکیان پێکرد، کە سەرسام بوون بە  داهێنان لە فکر و نوێبونەوە لە سیستم کە لەلایەن مەدەنیەتی خۆرئاواوە بەدییان کرد. کە بێگومان ئەمەو چەندین خەسڵەتی بنەڕەتی تری جیاوازی هەن لە نێو ئەو دوو سیستمە جیاوازەدا کە یەکێک لە باسەکانی تری نووسەردا خۆی لە ئازادی فکری دەبینێتەوە، کە لەکۆمەڵگەی چەقبەستوودا ترس لە بوونی تەنانەت وشەکەش هەیە، نەک ئەوەی تاک هەڵگری ناوەڕۆکەکەی بێت لە رووی خوێندنەوەو زانین و تێگەیشتن لێی کە بەشێوەیەک نییە وەک باس دەکرێت راکێشی قورسایی و هیلاکی بێت بۆ تاک، بەڵکو بەرەو پێشکەوتن و جووڵەی کۆمەڵایەتی دەبات کە پێچەوانەی واقعی تاکێکە کە لە کۆمەڵێکی چەقبەستودا چێژوخۆشی تایبەت لەوەدا بەدیدەکات کە جیاواز بێت لە نزیکەکانی بە شتێک لە تێگەیشتن.
یەکێکی تر لە دروشمەکانی کۆمەڵگە سەرەتایی و تەقلیدییەکان بریتییە لە “رازیبوون گەنجینەیەکی لە گۆڕ نەنراوە” وەک ئەوەی بەدەوییەکان دەڵێن:” ئەوەی لەدەستتدایە خەرجی بکە و سبەی دێتەوە شوێنی” هەروەها خەسڵەتێکی تری کە ئاماژەی پێ دەدات، بریتییە لە خۆهیلاک نەکردن بە کارەوە وەک ئەوەی باس دەکات و دەڵێ بە کەسێک وترا بیر لە چی دەکەیتەوە؟ لە وەڵامدا وتی:»هیچ نییە بیری لێ بکەمەوە، بەشێک خواردنی باشم هەیە بۆ خواردن.»

 

مەنتقی کۆن پێی وایە لە نێوان دوو تیمدا یەکێکیان دەبێتە راست و ئەویتریان هەڵە، بەڵام لە مەنتقی نوێدا ئەم بیروباوەڕەی سڕییەوە بەوەی راستی لای تیمێکی خەڵک قورخ ناکرێت، بەڵکو هەریەک لەو دوو تیمە لە روانگەی خۆیانەوە راستییەکان دەبینن، واتە راستی چەندین رووی هەیە نەک یەک ڕوو

پیاوانی ئایینی کۆمەڵگەی عیراقی
نووسەر باس لە  پیاوانی ئاینی کۆمەڵگەی عیراقی دەکات بەوەی بیرکردنەوەکانیان تا ئێستا بە شێوازی سەدەی دەیە، لە کاتێکدا لە سەدەی  بیستدا دەژین. بەشێوەیەک جیاکەرەوە نییە لە نێوان مەنتقی کۆن و نوێ، لەکاتێکدا نووسەر پێی وایە، بمانەوێ یان نەمانەوێ مەنتقی نوێ سەردەکەوێت، چونکە هیچ شتێک نابێتە وەستانی مەنتقی زانستی، لەو روانگەیەی کاروانی مێژوو بەردەوامە و ناوەستێت.
لەلایەکی تر نووسەر باس لە راستی و بیروباوەڕ دەکات و رای وایە جێی ستەمە گەر سزای خەڵک بدەین لەسەر بیروباوەڕەکانیان کە زادەی پەرەوەردەی کۆمەڵایەتییانە، واتە مرۆڤ هەڵگری هەمان بیروباوەڕی باوانیانە کە بۆیان ماوەتەوە دواتر لە کۆتادا بیری لێدەکاتەوە کە زۆرجار بیرکردنەوەکەش لە پشتگیرییکردنی بۆ هەمان بیروباوەڕ دەبێت،  زۆر بە کەمیی کەسێک هەبێت بیروباوەرەکەی بگۆڕێت، چونکە دەبێت هۆکاری تر هەبن لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە پاڵنەری بن. 
نووسەر پێی وایە قورسە بۆ مرۆڤ یان مەحاڵە کە سەیری مەسەلەکان بە ئازادییەکی تەواوەوە بکات، بۆیە هەندێک کەس پێیان وایە کە ئازادن لە بیرکردنەوەیان، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە چوارچێوەی فکری سنووردارکردنێکی لاشعورییە و بابەتێکە بەسەر عەقڵی مرۆڤەکانەوە کە هەستی پێناکەن، لەکاتێکدا نەبێت  بچێتە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بە گواستنەوەی بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ و سەرنجی ئەوە بدات کە فکر و چەمکی جیاواز هەن لەوەی هەڵگرێتی، ئەو کات هەست بە بارگرانی بە سنووردارکردنی فکرییەوە هەیە و خەریکە فکر دەست بە کرانەوە دەکات، بۆیە پێی وایە هەڵە نییە گەر بوترێت کە مرۆڤ چەند بگەڕێت و چەند مەودای بینینی و ئاسۆ و زانینی فراوانتر بێت بەسەر جیاوازییەکاندا، ئەو کات لەو چوارچێوە فکرییەی خۆی جیادەبێتەوە کە لێی لەدایکبووە و ئیدی دەتوانێت بیری خۆی ئازاد بکات کەم تا زۆر، دیارە پێچەوانەکەیشی راستە واتە چەند مرۆڤ خۆی گۆشەگیر و وەلا بنێت  یان پەراوێز بکات، زۆر دەمارگیرتر دەبێت و بیری تەسکتر دەبێت. ئەو کات چاوەڕوانی بێلایەنی لە حوکمدانیان ناکرێت لەو کەسانەی لە ژینگەکەیان دوورناکەونەوە کە لێی لەدایکبوون و ئەو کتێبانەش ناخوێننەوە کە هەڵگری هاوشێوەی بیرکردنەوەو بیروباوەڕەکانی نەبێت. 
بەڵگەش بۆ ئەمە باس دەکات و بە نموونەی مەسەلەی ژنان گرێی دەداتەوە و دەڵێت: «کاریگەریی ئەمەمان بە روونی بینی لە ژناندا لەو سەردەمەی ژنانمان لە ماڵەکانیان بەند کرد و ئاسۆکانی گەڕان و تێکەڵبوون و،، هتد بەرتەسککردەوە لێیان، بەو شێوەیە عەقڵیان ساویلکە بوو ئەمەش بوو کە دەوترا عەقڵی یەکسانە بە نیوەی عەقڵی پیاو».  نموونەی ژنی خۆرئاوایش دەهێنێتەوە کە چۆن کێبڕکێ لەگەڵ پیاواندا دەکەن لە دووربینی و سەلامەتی راوبۆچونیان،  هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێکردنی تازەی کاتێک هاتە دەرەوەو مەیدانی کار و دەستی کرد بە کارکردن و گەشتکردن و خوێندن وەک هەمان ئەوەی پیاوان دەیکەن.
بۆیە نووسەر دەڵێت:” ئازادی رەها نییە، واتە هیچ کەس ناتوانێت لە کۆت و بەندە فکرییەکانی ئازاد بێت بەشێوەیەکی تەواو، بەڵام دەتوانێت بە شێوەیەکی رێژەیی لە بیرکردنەوەکانیدا ئازاد بێت.»

 

 

 

هەقیقەت
لە لایەکی تر نووسەر باس لە راستی، واتە هەقیقەت دەکات بەوەی بیرمەندی سنووردار لە رووی کۆمەڵایەتییەوە چاوەکانی لەسەر یەک لایەنی راستی چڕدەکاتەوە و لایەنەکانی تری فەرامۆش دەکات، ئەوەش بەهۆی گرێدراوی بە دابونەریتەکانەوە بەگشتیی و پێی وایە یەک هەقیقەت هەیە، بۆیە تا سنوورێکی دیارییکراو دەتوانێت جووڵە بکات، بەڵام کەسی ئازاد کەم تا زۆر دەتوانێت و بەوەش نزیکبوونەوەی لە هەقیقەت زیاتر دەبێت، بۆیە مەنتقی کۆن پێی وایە لە نێوان دوو تیمدا یەکێکیان دەبێتە راست و ئەویتریان هەڵە، بەڵام لە مەنتقی نوێدا ئەم بیروباوەڕەی سڕییەوە بەوەی راستی لای تیمێکی خەڵک قورخ ناکرێت، بەڵکو هەریەک لەو دوو تیمە لە روانگەی خۆیانەوە راستییەکان دەبینن، واتە راستی چەندین رووی هەیە نەک یەک ڕوو، بۆیە لە کۆتایی ئەم باسەدا نووسەر دەڵێت:» راست و هەڵە دوو مەسەلەی گرێدراون، لە کوێ راستی هەبێت هەڵەش هەیە و کەی دوو تیم ناکۆکیان هەبوو لەسەر شتێک ئەوە بەڵگەی ئەوەیە هەریەکەیان راست و هەڵەن لەهەمانکاتدا، بەو واتایەی تیمێکیان پێکهێنەری لایەنی راست و ئەویتریان لایەنی هەڵەکە، بۆیە دەبێت  مرۆڤ درک بەوە بکات کە دەچێتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە ئەو بیرۆکە سنوردارانەی باو و باپیرانی شانازیان پێوە دەکرد ئیتر لە سەردەمێکی تردا  بە کاریگەری نامێننەوە.»
هەروەها باس لە گرنگی تێگەیشتن و بەکارهێنانی چەند چەمکێک دەکات، لەوانە: رێکەوتن و چەندین نموونەی جیاواز دەهێنێتەوە لەکاتی بوونی مشتومڕ، ناکۆکی، گفتوگۆ و جیاوازیی بیروبۆچونەکانی نێوان  دوو لایەندا کە بەهۆی پێداگیریی و خۆبەڕاست زانینی هەرلایەکیان هیچ کامیان ناگەنە رێکەوتن، چونکە هەریەکەیان خۆی بە خاوەن راستی دەزانێت، ئەوەش بە گرفت و نەرێنی دەزانێت بەتایبەت گەر خودی مەسەلەکان پەیوەست بێ بە دۆخ و بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە، بۆ ئەوەش نموونەی مشتومڕی نێوان عەلی کوڕی ئەبو تالیب و ئەبوبەکر دەهێنێتەوە و دەڵێت:” گەر مشتومڕەکانیان دەربارەی باشترینیان بێت لە چوارچێوەی گەڕان بەدوای بیروباوەڕەکانی پەیوەستن بە کێشەکانی هەن، ئەوا مشتومڕێکی بەسوودە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام مشتومڕەکە تایبەتە بە پێگەی هەردووکیان لە ئاییندا کە ئەمە جیاوازە و دەچێتە باسی جێگریی و نهێنیییەکانەوە کە هیچی لەبارەوە نازانین. 
 لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات خەڵک لەو سەردەمەدا تێگەیشتن و لە گرنگی ئەو ناکۆکییەیان نەدەزانی و بەگشتی بەدوای سەرۆکەکانیانەوە بوون و ئەوانیش مەیلیان بەرەو ئەو کەسانە بوو کە پشکێکی گەورەتریان لە پارە دەدا پێیان و ئیتر گرنگیان نەدەدا بەوەی کە ئەم پارەیە تاڵان کراوە یان زەوتکراو. خەڵک لە گرنگی ئەم ململانێیە تێنەدەگەیشتن جگە لە سەردەمی مۆدێرن، دوای ئەوەی رای گشتی پێگەیشت و هۆشیاری گەلان زیادی کرد و دەستیان کرد بە لێپرسینەوە لە فەرمانڕەواکانیان لە هەر یەک فلسێک کە لە پارەی میللەت خەرجیان دەکرد.
یەکێکی تری چەمکەکانی نووسەر باسی لێوە دەکات پرسی مێژووە کە پێی وایە مەبەستی گەلە زیندووەکان لە لێکۆڵینەوەی مێژوو بۆ سوودوەرگرتنە بۆ ئێستا و داهاتوومان، بۆیە کاتێک ناکۆکی یان گفتوگۆ لەسەر مەسەلەیەک دەکرێ کە دەیان سەدەی بەسەردا تێپەڕیوە، بە نموونە بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆ ئێستا و داهاتوومان هەبێت دەبێتە جێی گاڵتەجاری.

 

 

ناکۆکی چەند زەرەرمەندە بۆ مرۆڤ، بەڵام سوودمەندیشە، چونکە هانی مرۆڤ دەدات بەرەو کاری بەرهەمهێن و داهێنان و بەهۆیەوە مرۆڤ هەست بە گەشەکردنی دەکات، بۆیە کۆمەڵگەی هاوسەنگ ئەوەیە کە هاوسەنگی ئەو دوو هێزە رابگرێ یەکێکیان زاڵ نەبێ بەسەر ئەویتردا

 

 لە لایەکی دیکە نووسەر باس لە پاڵەوانی مێژوو دەکات و دەڵێت:” گرنگی پاڵەوانەکانی مێژوو تەنها لە بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکانیانەوەیە کە لە هەوڵداندا بوون بۆی، چونکە پێگەی کۆمەڵایەتی پاڵەوان بە هەڵگرتن و پیادەکردنی بیروباوەڕەکانییوەیەتی و بەڕادەی قوربانیدانێتی لە پێناویدا، نەک پەیوەندیی بە پاڵەوانەوە هەبێت. کاتێک مێژوو دەخوێنینەوە دەمانەوێت لێوەی ناکۆکی و ململانێکانی بیروباوەڕەکان جیابکەینەوەو لەوێوە پاڵەوانەکان وەک هێمایەک وەرگرین بۆ ئەو بیروباوەڕانە.»

فەلسەفەی دیموکراسی
 چەمک یان فەلسەفەی دیموکراسی باسێکی تری بابەتەکانی ئەم بەشەی پەرتووکەکەیە و دەڵێت:” دیموکراسی باوەڕی بە حەقیقەتی رەها نییە، بەڵکو باوەڕی بەو راستییە هەیە کە زۆرینەی خەڵک باوەڕیان پێی هەیە. ئەو سیستمە زۆرینەیەی کە دیموکراسی مۆدێرن لەسەری بونیادنراوە، بوونی نەبووە تا ئەو کاتەی زۆرێک مەرجەکان جێبەجێ نەکران، گرنگترینیان بڵاوبوونەوەی پەروەردە، هۆشیاریی بیروڕای گشتی، پێکهێنانی حزبە مۆدێرنەکان، سەرهەڵدانی چاپەمەنی و هاوشێوەکانیان بوو. ئەم سیستمە هێشتا ناتەواوە و کەموکوڕی زۆری هەیە، تا زیاتر هۆشیاری خەڵک زیاتر بێت و پەروەردە بڵاوبێتەوە، توانای زۆرینە بۆ سەپاندنی بۆچوونی خۆی بەسەر دەسەڵاتداراندا زیاتر دەبێت” 
 سەبارەت بە هەقیقەتیش ئەوە دەخاتەڕوو کە هەموومان بانگەشەی ئەوە دەکەین کە ئێمە حەقیقەتمان خۆشدەوێت و دەمانەوێت لە ناخی دڵەوە پشتگیریی بکەین، بەڵام لە واقیعدا تەنها ئەو حەقیقەتە شیعرییەمان خۆشدەوێت، کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانمان دەکات، چونکە ئێمە لە دوورترین کەسانین لێی. بۆ ئەمەش نموونەی وەزیرو خەڵک دەهێنێتەوە و دەڵێت:» هەموو ئەوانەی پێویستیان هەیه، پێیان وایه ئەوان لە خەڵکی تر شایستەترن بۆ بەدیهێنانی پێداویستییەکانیان، بۆ نموونه هەر کەسێک بچێته لای وەزیرێک و بەڵگەکەی خۆی هەڵگرتبێ و بیانووی رەوا بهێنێتەوه که وەزیر ناتوانێت ناڕەزایی لێبگرێت و ئەگەر ناڕەزایەتیی هەبووبێت، لە روانگەی ئەوانەوە دەبووە خراپەکار، نەفرەتلێکردنی.»
هەروەها نووسەر لەسەر چەمکی ژیانی کۆمەڵایەتی دەوەستێت کە، بریتییە لە ململانێیەکی بەردەوام لە نێوان بەرژەوەندییە تایبەتەکاندا هاوشێوەی ململانێی بازرگانەکان کە دواجار کۆمەڵ سوودمەندە لێی، چونکە ئەنجامی کۆتایی بەدەستدەهێنێ. کە گەشە بە بەروبوومە زانستی و ئابووریی و سیاسییەکەی دەدات. واتە ئەو بەروبوومەی کۆمەڵ بەدەستیدەهێنێت لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان تاک و کۆمەڵەکان نرخێکی زۆری هەیە. ئەوەش لەو روانگەیەوەیە کە مرۆڤ تێربوونی نییە لە رووی پێداویستییەکانییەوە و لە جووڵەی بەردەوام و گەشەسەندنی بەردەوامدایە، کە ئەوەش نهێنی شارستانیەتێتی، تەنانەت گەر چاکسازی بکرێ لە سیستمی بەروبووم و دابەشکردنی لە نێوان مرۆڤەکاندا. نموونەی زۆر لەسەر ئەمەش دەهێنێتەوە. یەک لەوانە باس لەوە دەکات کاتێک کوڕێک ئەوەندەی هەواداری کچێک دەبێ و دەست بە موغازەلەکردنی دەکات و پێی دەڵێت:” هەتاهەتایە خۆشم دەویت” دواتر پەلە دەکات و ماچی دەکات و نایەڵێت رۆژێک تێپەڕێ  بەسەردا هاوسەرگیری دەکەن و شیرینی دەخۆن لە مانگی هەنگوینیدا و پاش تەواوبوونیشی، مانگی شەڕ دەستپێدەکات کە هەریەکەیان لۆمەی ئەویتر دەکات. لەو روانگەیەوە نووسەر پێی وایە هیچ شتێک لەم دونیایەدا نییە کە مرۆڤ چێژی بەردەوامی لێ ببینێت و چەند چێژەکە گەورەبێت پاش وەرگرتنی وردە وردە دژایەتی دەکات، ئیدی نموونەکان بەردەوام ئەبێ تا ئاستی حەز و ویستی مرۆڤ تا بواری سیاسی و پۆست و دەسەڵاتەکان. بێ جیاوازی مرۆڤەکان لە هەر کوێیەکی دونیا بن، زۆر خەسڵەت هەن پەیوەندییدارە بە سروشتی مرۆڤەوە کە بۆ نموونە هەر خۆی خۆشدەوێت و دەیەوێت خۆی لەبەرچاوان بێت و بە شیاوی باشترین دەزانێ و خۆی شایەنی وەسفکردن و دەستکەوتەکانە پێش هەر کەسێکی تر،  گەر کەسێکیش هاتە هاوشانی لەوێوە ئیرەیی سەرهەڵدەدات کە هەندێک پێی وایە لە مرۆڤی خۆرئاواییدا نەبێت کە ئەمەش ناڕاستە، بەڵام دەتوانرێت بوترێت کە ئیرەیی کەمترە بەتایبەت لە شارە گەورەکان کە لەسەر ئاستێکی شەخسی نییە، بۆیە لەوێ ئیرەیی دەکرێ بێ ئەوەی مرۆڤەکان لەسەر ئاستی شەخسی یەکتربناسن، وەک ئەوەی لە شارێکی بچووک یان گوندێک بن و یەکتر لە نزیکەوە بناسن یان لە منداڵییەوە کە زیاتر لەم نێوەندانەدا دەبینرێت. ئیدی بێ جیاوازی ئاستی خوێندن و پیشەو هتد کە نموونەی پیاوانی ئاینی و نێوەندی زانکۆکان دەهێنێتەوە.

جیاوازیی کۆمەڵگەی هەنگ و مرۆڤ

لە بەشێکی تری پەرتووکەکەدا کە درێژەدەری پێشووە، باس لە جیاوازی کۆمەڵگەی هەنگ و مرۆڤ دەکات کە دوو کۆمەڵگەی پێچەوانەن هەنگ بە جووڵەیەکی غەریزەیی هاوشێوەی ئامێر کە هەست بەخۆی ناکات کارەکانی دەکات و شا لە شوێنەکەی خۆی دڵنیایە، هەربۆیە ملیۆنەها ساڵە ماوەتەوەو گەشەکردن و پەرەسەندن بەخۆوە نابینێت، بەڵام کۆمەڵگەی مرۆیی لە گەشەکردن بەردەوامدایە غەریزە پاڵنەری نییە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵەکەی، بۆیە بەخزمەتکردنی چاوەڕوانی پاداشت دەکات و کێشەکەی لەوەدایە بەردەوام گلەیی و سکاڵا دەکات و خۆی لەوانیتر بە خزمەتگوزارتر، یان وزەیەکی بەرزتر و بیرکردنەوەی تەندروستر دەبینێت. بۆیە خەمی نووسەر لە کارکردنی جدی مرۆڤەکاندا دەبینێتەوە بۆ دامەزراندنی سستمێکی کۆمەڵایەتی باشتر لەمەی تیایدا دەژین کە لایەنی کەم زۆرینە خۆشگوزەران بن لەو روانگەیەوە رازییکردنی هەموو خەڵک مەحاڵە چەند بکەی خەڵکانێک هەن هەست بە ستەملێکراویی و قوربانی دەبینن ئەگەرچی راستیش نەبێت، بۆ ئەمەش نموونەی هاوڕێیەکی دەهێنێتەوە کە مامۆستا بوو و دواتر وەزیفەیەکی هەستیاری وەرگرت، بەڵام بەهۆی دزییەوە لە وەزیفەکەیشی دەرکرا و دەڵێت  بەر لەوەی پرسیاری دەرکردنی بکەم دەستیکرد بە قسەکردن بەوەی خۆی بە ستەمڵێکراو دەبینی، لەکاتێکدا هۆکارەکەی لە واقع و رەفتارەکانیدا بەڕوونی دیار بوو. 
بەداخەوە مرۆڤ هەقیقەت تەنها لە قاوغی خۆیەوە دەبینێت کە تیایدا دەژی کە یەکەم کەس خۆی دەبینێت تیایدا کە شایەنی باشترینەکان بێت. گومان لەوەدا نییە کە ئاستی رۆشنبیری رۆڵ دەگێڕێت لەمەدا، بەڵام وەک نووسەر ئاماژەی پێ دەدات زۆرن ئەوانەی بانگەشەی رۆشنبیربوون دەکەن کە تەنهان لەناو خەڵکیدا. وێڕای ئەوەی کۆمەڵە خەڵکێک پێیانوایە رۆشنبیری ئەوان راستە و بەها کۆمەڵایەتییەکەیان پێوەری جێگیرن و هەقی پێدەپێورێت کە بێگومان ئەو مرۆڤەی لەهەر ژینگەیەک لەدایکبوو بێت، کاریگەریی بە پێوەرەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەبێت هەستی پێ بکات یان نا. نووسەر کۆتایی باسەکە بەوە دەهێنێت کە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو لەوانەیە زیاتر ئەندامەکانی هان بدات بۆ ململانێی زیانبەخش زیاتر لەوەی هانیان بدات بۆ کێبڕکێی سوودبەخش، چونکە ئێمە هێشتا لە ژێر کاریگەریی بەها کۆچەرییەکانداین (بەدەوی )و ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە بە جلوبەرگی شارستانی کۆچەریین و بەهاکانی کۆچەریش بۆ ژیانی بیابان گونجاون، بەڵام لەگەڵ ژیانی نوێی شاردا ناگونجێن.
کێشەی ئێمه ئەمڕۆ ئەوەیه که ئێمه خزمەت به بیرۆکەکانی شارستانییەت دەکەین و دواتر له ژیانی کردەیی خۆماندا دابونەریتی کۆچەرێتی پەیڕەو دەکەین، ئێمە دەمانەوێت لە لایەک تاڵانی بکەین بۆ ئەوەی لە لەلایەکی دیکەوه بە بەرزی دەرکەوین.
مرۆڤە شارستانییەکان هاوشێوەی ئێمە خەبات دەکەن، بەڵام هەوڵەکانیان زیاتر بەرەو بەرهەمهێنانی فکری یان ماددیی چڕدەبێتەوە، وەک چۆن یەکێکیان دەیەوێت بەوەوە بیسەلمێنێت کە لەوانیتر شایستەی پێگەیەکی زیاترە، لە کاتێکدا ئێمە لە پێناو(بەرزبونەوە)دا خەبات دەکەین و یەکێک لە ئێمە دەیەوێت تاڵانچی و دزێک بێت لەبری ئەوەی بەرهەمهێنەر یان دروستکەر بێت. هەر لەبەر ئەمەشە زۆرێک لە ئێمە دەستمان کردووە بە تاڵانکردنی پارە بۆ ئەوەی بۆنە و ئاهەنگەکانی پێ ساز بکەین، یان کۆشکی پێ دروست بکەین کە دەیانجار زیاترە لە پێویستی خۆیان و کاتێک ئەو کارە دەکەن خەڵک قەدریان دەزانن.

د. عەلی وەردی

ناکۆکی و هاوکاری
 لە بەشێکی تردا نووسەر باسی ناکۆکی و هاوکاری  دەکات بەوەی گرێدراوی یەکن لە ژیانی مرۆڤدا ئەگەرچی ئەرکیان جیاوازە و بگرە هەر لە ناو خێزانەکانەوە درکی پێ دەکرێت تا ناوەندەکانی تر و هیچ کامیان بێ ئەویتر نابێ هاوشێوەی خۆشەویستی و قین. پێی وایە ناکۆکی چەند زەرەرمەندە بۆ مرۆڤ، بەڵام سوودمەندیشە، چونکە هانی مرۆڤ دەدات بەرەو کاری بەرهەمهێن و داهێنان و بەهۆیەوە مرۆڤ هەست بە گەشەکردنی دەکات، بۆیە کۆمەڵگەی هاوسەنگ ئەوەیە کە هاوسەنگی ئەو دوو هێزە رابگرێ یەکێکیان زاڵ نەبێ بەسەر ئەویتردا.  وەک نووسەر دەڵێت: «ئەوەیە کە دیموکراسی نوێ بانگەشەی بۆ دەکات لە وڵاتی ئەواندا، نەک وڵاتەکەمان» 
بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی مرۆیی بۆ رۆشتن پێویستی بە دوو قاچ هەیە کە بریتییە لە دووبەرەی دژبەیەک و  قورسە جووڵە بەیەک قاچ بکات، بۆیە گەر دیراسەی هەر کۆمەڵگەیەکیش بکرێ، دەبینرێت دوو کۆمەڵ ناکۆک و ململانێ دەکەن، کۆمەڵەی پارێزگاران کە باوەڕیان بە مانەوەی هەموو نەریتە کۆنەکان هەیە و داوای پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەکەن و پیرۆزکردنی یەکێتیبوون، لە بەرامبەریشدا پێچەوانەکەی کە بانگەشەی نوێبونەوەو گۆڕانکاری دەکات یان شۆڕش و گوێ بە یەکێتیبوون نادەن بەقەد پێشکەوتن و گونجاندن کە دواجار هەردووکیان پێویستن و نوێنەرایەتی دوو لایەنی جیانەکراوەی واقعی کۆمەڵایەتی دەکەن و بۆ ئەمەش پاشاکان، حزبە سیاسییەکان و ئیسلامییەکان دەکاتە نمونەی زیندوو لەسەر باسەکەی.

 

نووسەر ئاماژە بەوە دەدات توێژینەوە نوێکان پێیان وایە، کە دەمارگیری خەسڵەتێکی رەسەنی عەقڵی مرۆڤە، نەک مەسەلەیەکی لەناکاو وەک ئەوەی هەندێک ئاماژەی پێدەدەن

 

مەخسەرەی عەقڵی مرۆیی
مەخسەرەی عەقڵی مرۆیی بەشی هەشتەمی ئەم پەرتووکە لەخۆ دەگرێ و بۆچونە جیاوازەکان تایبەت بەم بابەتە دەخاتەڕوو لە دیدی فەیلەسوفە جیاوازەکان و نووسەر پێی وایە، عەقڵی مرۆڤ گەشە ناکات مەگەر لە سنووری ئەو قاڵبەی کە کۆمەڵگە بۆی دروستی دەکات و نادادپەروەرییە داوا لە کەسێک بکەین کە بۆ نموونە لەناو کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ژیاوە، فەلسەفەیەکی ئاڵۆزمان بۆ بەرهەم بهێنێت وەک ماتماتیک بە نموونە.  ئەوە باس دەکات کە تایبەتمەندێتییەکانی ئەم سەردەمەی تیایدا دەژین ئەوەیە کە هەقیقەتی رەها بەهای خۆی لەدەستداوەو سوڵتانی رێژەیی جێی گرتۆتەوە، بۆیە دەشێت ئەوەی تۆ بە هەقی دەزانیت لای ئەویدی پێچەوانەکەی بێت. 
جگە لەوە نووسەر ئاماژە بەوە دەدات  توێژینەوە نوێکان پێیان وایە، کە دەمارگیری خەسڵەتێکی رەسەنی عەقڵی مرۆڤە، نەک مەسەلەیەکی لەناکاو وەک ئەوەی هەندێک ئاماژەی پێدەدەن. ئیدی لەم رووەوە نووسەر رای ئەنشتاین و  زۆرێک لە فەیلەسوفەکان باس دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی دەچینە سەردەمێکی نوێوە بە هەموو مانایەکەوە کە جێی هیچ رەهایی یان پێوەرە گشتییەکان نابێتەوە.
نووسەر دەڵێت: دەمەوێت کتێبەکەم بەوە کۆتایی پێبهێنم کە پێشتر لە کتێبی ئامۆژگارکەرانی سوڵتانەکان کۆتاییم پێهێنا، ئەویش ئەوەیە، کە سەردەمی سوڵتانەکان تێپەڕیوە و سەردەمی گەلان جێگەی گرتووەتەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە شێوازی بیرکردنەوەمان پێچەوانە بکەینەوە، بۆیە شایەنی ئەوە نییە کە ئێمە لە سەدەی بیستەمدا بژین، بەو شێوازە بیر بکەینەوە کە باوباپیرانمان لە سەدە تاریکەکاندا بیریان لێدەکردەوە. نەوەی نوێ خەریکە بیرۆکەی مۆدێرن دەخوێنن، مێشکی تێر بووە لە لۆژیکی واقعی خۆی.  داوا لەمەلاکان دەکەم بە بیروڕای هاوشێوە لەگەڵ سەردەمدا بێن بۆ ئەوەی رێزیان لێبگرن و گوێ لە قسەکانیان بگرن، ئەگینا دەبێت گاڵتەیان پێبکات و بەجێیان بهێڵێت و بیروبۆچوونیش وەک چەک لەگەڵ گۆڕانی رۆژگاردا دەگۆڕێت وەک ئەوەی دەیەوێت بیروڕای کۆنی خۆی بپارێزێت و وەک ئەوە وایە  شەڕی رەشاش بە چەکی عەنتەر بن شەداد بکات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان