ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژەكەی قوباد تاڵەبانی كردە بنەما بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیاریدا بایۆمەتری بكاتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبونەوەیەكدا كە بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەڕێوەچووە، بڕیاردراوە بایۆمەتری بكرێتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان، بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
دەشڵێت، لە كاتی خۆتۆماركردن لە بایۆمەتری و پلەبەرزكردنەوە یەكجار ١٪ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە دەبڕدرێت و دەدرێتە وەزارەتی پلاندانانی عیراق.
بەپێی بڕیارەكە، پێویستە حكومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییەكان لەو بارەیەوە رادەستی وەزارەتی پلاندانان بكات تا لەمساڵدا سەرجەم رێوشوێنەكان لەو بارەیەوە تەواوبكرێن.
پڕۆژەی تۆماركردنی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران لە بایۆمەتری كە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە ئامادەكرا، بۆ یەكەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ و لە كابینەی هەشتەمدا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.