وتەبێژی یەكێتی و یۆنامی تەئكید لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەكەنەوە.
دوێنێ لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی ی.ن.ك پێشوازی لە وەفدێكی یۆنامی لە هەرێم كرد كە پێكهاتبوو لە فرانسیك لاناو بەرپرسی یۆنامی، مۆنیا رادزی مۆتسی بەرپرسی بەشی كاروباری سیاسی یۆنامی، ریكاردۆ چێڤۆ و عەزیز بەرزنجی راوێژكارانی سیاسی یۆنامی.
لەدیدارێكدا، تیشك خرایەسەر ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و لەوبارەیەوە بەرپرسی یۆنامی ئامادەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی و هیوای خواست بانگەشەی هەڵبژاردن بە هێمنی و ئارامی تێبپەڕێت. وتەبێژی یەكێتی-ش ئاماژەی بە كاریگەریی یۆنامی كرد بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا و وتی: هەمیشە رۆڵی گرنگتان گێڕاوە لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردندا، هیوادارین لەم هەڵبژاردنەشدا هاوكاربن لە پێشكەشكردنی رێنمایی و زانیاریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرددا.