«چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی گەنجانی داهێنەر و كارساز و هاوكاریان دەبێت»

قوباد تاڵەبانی، ناوەندی فاوندەیشن هابی لە سلێمانی كردەوە

10:59 - 2024-08-20
کوردستان
286 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە سلێمانی ناوەندی فاوەندەیشن هابی كردەوە كە ناوەندێكە بۆ راهێنان و پشتگیریكردنی گەنجانی داهێنەر و كارساز تا بتوانن بیرۆكە و پڕۆژەكانی خۆیان سەرپێ بخەن.
لە رێوڕەسمی كردنەوەی ناوەندی فاوندەیشن هاب لە كارگەی كەلتوریی سلێمانی، كە دوێنێ بەئامادەبوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە كونسوڵی گشتیی وڵاتان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: ئەم ناوەندە لە دەرئەنجامی گفتوگۆیەكی درێژخایەن لەگەڵ كارسازان و خاوەنكارانی كوردستان بنیادنراوە و ئامانجەكەشی پشتگیریكردنی گەنجانی كارساز و داهێنەرە.
باسی لەوەشكرد كە لەمساڵدا لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان، چەندین بڕیاری باش دران لە نموونەی كەمكردنەوەی رۆتین و بارگرانی لەسەرشانی ئەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، بەڵام هێشتا هەندێك بەربەست مابوون، كە دامەزراندنی ئەم ناوەندە هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەی بەربەستەكان و هاوكار و یارمەتیدەری گەنجانی كارساز دەبێت تا پڕۆژەكانی خۆیان سەرپێ بخەن و وتیشی: ئەم ناوەندە وەك چەترێك دەبێت بۆ كۆكردنەوەی گەنجانی داهێنەر و كارساز و لەڕووی یاسایی و پسپۆڕییەوە راوێژیان پێدەدات بەو ئامانجەی بەسەر كێشە و بەربەستەكاندا زاڵبن.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان