کامالا هاریس هەلێکی مێژوویی دەداتە ئەمریکییەکان
لە کۆتایی کۆنگرەی دیموکراتەکانی ئەمریکادا «کامالا هاریس» رەزامەندیی دەربڕی بۆ رکابەریکردنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، وەک لە تۆڕی میدیایی CNN دا هاتووە، هاریس لە وتارێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا، خۆی وەک کاراکتەرێکی بەهێز و متمانەپێکراو نمایشکرد و بەڵێنیدا کە بۆ ئەمریکییەکان خەبات بکات، ئابووریی وڵاتەکەی ببوژێنێتەوە، یاسای کۆچ فۆرمەڵە بکاتەوە ، وەک CNN دەڵێت: کاندیدی دیموکراتەکان هیوابەخشی ئەمریکییەکانە و پەیمانی داوە نرخ لە بازاڕدا دابەزێنێت و ببێتە سەرۆکی گشت ئەمریکییەکان.
ئەو پەیمانیداوە رووبەڕووی دیکتاتۆرەکانی جیهان ببێتەوە و داکۆکی لە ئیسرائیل بکات، مافی چارەی خۆنووسینیش بۆ فەلەستینییەکان بهێنێتەدی و سەرکۆنەی ئێرانیشی کرد.
سەرۆکی هیندستان بۆچی چووەتە ئۆکرانیا؟
لە تازەترین پێشهاتدا «نارێندرا مۆدی «سەرۆکی هیندستان بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە ئۆکرانیا، وەک راگەیەندراوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی نێوان روسیا و ئۆکرانیایە، لەسەر ئەم هەوڵەش، رۆژنامەی «فرانکفۆرتە ئەلگێماینە»ی ئەڵمانی نووسیوویەتی: مەبەستی سەرەکیی ئەو سەردانە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی وڵاتەکەیەتی، بۆ دروستکردنی هەژموون و پێگە و رکابەرێتی لەگەڵ چیندا، هیندستان پێویستی بە پاڵپشتیی ئەوروپیەکانە، بۆیە ئۆکرانیای بەلاوە گرنگە.
کوژرانی 200 هەزار سەرباز لە روسیا و ئۆکراین چی دەگەیەنێت؟
لەم رۆژانە سوپای ئۆکرانیا هێرشی کردۆتە سەر ناوچەی کۆرسک، بە وتەی خۆیان، دەیان کیلۆمەتر چوونەتە پێشەوە و زیانی زۆریان بە روسەکان گەیاندووە، گوایە ئەو هێرشە گوشارێکە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو.
رۆژنامەی «هیلسنگین سانۆمات»ی فینلەندی نووسیوێتی: هێرشی لەناکاوی ئۆکرانیا بۆ سەر روسیا و چالاکیی درۆنەکانیان لەسەر کریملن و بەکارهێنانی سەگی رۆبۆتی لە بەرەکانی جەنگدا، دوو ئاماژەمان نیشان دەدات، یەکەم هێشتا وا زوو ئاشتی دروست نابێت، دووەمیش هۆشداریی دانە بە هاووڵاتیانی روسیا کە ئەوان تەنها چاودێر نین بەسەر پەلامارەکانی سوپای وڵاتەکەیانەوە، بەڵکو دەبێت وەک هاووڵاتیانی کیێڤ ببنە بەشێک لە جەنگ.
هەروەها پێگەی تێلیگرامی کرواتیش پێیوایە کە روسەکانی ئەو ناوچەیە، هاوشێوەی ئۆکرانییەکان بێتاوانن و بەشدار نین لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیاندا و تەنها گوێڕایەڵی فەرمانەکانی حکومەت و میدیاکانیانن.
دەشنووسێت کوژرانی 200 هەزار سەرباز لە هەردوولا و برینداربوونی سەدان هەزاری تر، بێ بایەخیی مرۆڤ دەگەیەنێت لەلای سیاسییەکان.
ئەجێندای کۆنگرە تەنها دژایەتی ترەمپ بوو
رۆژنامەی «واڵ ستریت جۆرناڵ» ی ئەمریکیش رەخنە لە دیموکراتەکان دەگرێت بەوەی کە لەو کۆنگرەیەدا خۆیان وەک پاڵەوانی ئازادی وێناکرد و کارنامەی راستەقینەی خۆیان شاردەوە، ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەمەش جێی شۆکە، چونکە لەڕاستیدا ئازادی پرسی کۆمارییەکانە و ئەوان کردیانە هی خۆیان، بەڵام دیارە فێڵی ئازادیی راستەقینە بریتییە لە چەواشەکردنی راستییەکان.
رۆژنامەی روسی «نێشاڤیسمایا گاسێتا» کە لە مۆسکۆ دەردەچێت، نووسیویەتی کۆنگرەکە وەک نمایشێکی هۆلیوود بوو، هیچ گفتوگۆیەک نەکرا کە دیموکراتەکان لە داهاتوودا چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، تەنها یەک ئەجێندایان هەبوو، ئەویش ئەوەیە نەهێڵن ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆک.
دڕدۆنگی نێوان هاوپەیمانیی ناتۆ و تورکیا
لە وتارێکی شیکاریی رۆژنامەی «فاینانشاڵ تایمز»ی بەریتانیدا هاتووە، روسیا و تورکیا لە کەین و بەینی ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی زۆر گەورەدان، ئەویش دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمیە بەناوی «ئاکویۆ» لە نزیک بنکەی ئاسمانیی ئینچەرلیک و بنکەی راداری بەرگریی مووشەکی بالیستیکی ناتۆشە کە لەناو خاکی تورکیادایە، بەپێی قسەی چاودێران: رەنگە تورکیا رادارێکی زیادە بۆ پاراستنی وێستگەکە دروست بکات، بەو پێیە وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێدەکات کە بەرپرسانی سەربازیی ناتۆ ترسیان لەوە هەیە کە رەنگە مۆسکۆ هێز بهێنێتە ناوەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی وێستگەکەی خۆی کە لەلایەن تورکیاوە رێگەی پێدەدرێت.
ئەمەش لەلایەن ناتۆوە جێی قبووڵکردن نییە، بۆیە ناتۆ لە تورکیای ئەندامی خۆی نیگەرانە.
ئامادەکردنی: بورهان ئەمین