هاووڵاتیان داوای دوورخستنەوەیان دەکەن

کارگەی قیر و کەرەستەی بیناسازی لە نزیک شوێنی دانیشتوان

09:59 - 2024-08-25
ڕاپۆرت
182 جار خوێندراوەتەوە
کارگەیەکی سەر رێگەی مەخمور

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا 

زیاتر لە 40 ساڵە ژمارەیەك كارگەی دروستكردنی شیش‌، كاشی، قیر و هاڕینی بەرد و چەند جۆرێكی تر کەرەستەی بیناسازی لە باشووری شاری هەولێر لەسەر رێگەی مەخمور كاردەكەن، ئەوکات شوێنی ئەو کارگانە هەرچەند لە گوندەکان نزیک بوو، بەڵام لە سەنتەری شار دوور بوون، بەڵام بەهۆی فراوان بوونی شار کارگەکان بە تەواوی تێکەڵی شوێنی دانیشتوان بوون و لەكاتی كاركردنیاندا تۆز و خۆڵێكی زۆر و بۆنێكی ناخۆش بڵاودەكەنەوە.
لە ماوەی رابردوودا چەندینجار سکاڵا كراوە و داواكاری هاووڵاتیانی ئەو سنوورە گەیشتۆتە لایەنی پەیوەندار بۆ دوورخستنەوە یان داخستنیان، بەڵام بەشێك لەو كارگانە لەشوێنی خۆیان ماونەتەوە و بەردەوامن لە کارکردن.
عەلی  حسێن  لە گەڕەكی قەتەوی و سەركارێز لەنزیك كارگەكان بە کوردستانی نوێی وت: بوونی كارگەكانی ئەو سنوورە  وایكردووە بەردەوام ئاسمانی ناوچەکە تەڵخ و لێڵ بێت و بۆنی ناخۆش بێت، بەهۆی دوكەڵ و پاشماوەی كارگەكانی قیر، گەچ، كاشی و ئامێرەكانی شكاندنی بەرد.
ناچارکردنی خاوەن کارگەکان
كارگەكانی سەر رێگەی هەولێر- مەخموور دەكەوێتە ناو سنووری 150مەتری كە بەشێكی تەواوكراوە.
وتیشی: لەهیچ شوێنێكی دونیادا نەبووە كارگە لەناو شوێنی دانیشتواندا بێت، لەوڵاتان ناوچەی پیشەسازی تایبەت بە كارگەكان‌ و پیشە جیاوازەكان هەیە ‌و دوور لە ئاوەدانی  كاردەكەن، جگە لەوەش مەرجەكانیان بەسەردا دەسەپێنن كە زیانی بۆ مرۆڤ نەبێت، بەڵام لێرە دەبینین جگە لە بەردەوامبوونی كاركردنی ئەو كارگانە، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان هاتوچۆ دەكەن، ئەمەش هۆكاری خراپبوونی كەشوهەوا و ژینگەی  شوێنەکەیە.
هاووڵاتیانی ناوچەکە داواکارن لایەنی بەرپرس چیتر بەرژەوەندی و تەندروستی خەڵكی هەولێر نەکاتە قوربانی قازانجی چەند كەسێك، بەڵکو پێویستە خاوەن کارگەکان ناچار بکەن بگوازنەوە بۆ دەرەوەی شار و شوێنەکەیان بکرێتە باخچە و سەوزایی.
نیار عوزێری ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەکوردستانی نوێی راگەیاند: هەر كارێك ببێتەهۆی پیسكردنی ژینگەی شار و زیان بە تەندروستی مرۆڤ بگەیەنێت نابێت رێگەی کارکردنی پێ بدرێت تا ئەوکاتەی پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان دەبن.

 

هاووڵاتییەک: بوونی كارگەكانی دروستكردنی شیش‌، كاشی، قیر و هاڕینی بەرد وایكردووە بەردەوام ناوچەکە بۆنی ناخۆش و ئاسمانی خۆڵاوی بێت

 

نەبوونی چاودێری
ئەگەر ئەوكارە نەكرێت ئەوا غەدر لە شاری هەولێر‌ و دانیشتوانەكەی دەكرێت، بوونی كارگەی قیر، كاشی، بەرد و ئەوانی تر لەناوشار كارەساتە و رشتنی ژەهرە کە رۆژانە دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت.
وتیشی: نەبوونی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا هۆكارێكن بۆ بەردەوامبوونی سەرپێچییەكان، لەبەرئەوەی لەم حاڵەتەدا حكومەت و ئیدارەی پارێزگا هیچ چاودێرییەكیان لەسەر نابێت.
لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، ژمارەی كارگە و ئۆتۆمبێل و هۆكارەكانی گواستنەوە زیاتر بوون، هەموو ئەوانەش پێویستیان بە بەكارهێنانی سووتەمەنییە بۆ كارپێكردن، هەرکاتێکیش بەشێوەیەکی نازانستی بەکاربهێنرێن رەنگدانەوەی خراپی لەسەر مرۆڤ و ژینگە دەبێت.
ئاوات حوسامەدین  شارەزای بواری ژینگە لەبارەی کاریگەریی بوونی کارگە لە نزیک شوێنی دانیشتوان بەکوردستانی نوێی راگەیاند: ژێرەوەی زەوی هەمووی لە غاز و نەوت ‌و ماددەكیمیاییەكان پێکهاتووە، لەگەڵ هەر چالاكییەكی ناتەندروستی مرۆڤ كارەساتی لێدەكەوێتەوە.

 

شارەزایەکی ژینگە: كارگەكان یەكێكن لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە

 

سنوور دانان بۆ سەرپێچییەکان
كارگەكان یەكێكن لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە و ناكرێت وا بە سانایی سەیر بكرێن، بەتایبەتی ئەگەر لە شوێنی دانیشتوان نزیكبن، ئەوان لەكاتی كاركردنیان چەندین غازی ژەهراوی دەردەدەن، پاشماوەکانیان تێكەڵ بە خاك و ئاو  دەبێت، دواتر لە رێگەی  خۆراكی ئاژەڵ و سەوزە و میوە جارێكی تر دەگوزارێتەوە  بۆ مرۆڤ و چەندین نەخۆشی بڵادەكەنەوە.
ئاوات حوسامەدین وتی: پێویستە  حكومەت ئاستێك بۆ سەرپێچییە ژینگەییەکان دابنێت، هاوكات هاووڵاتیان هۆشیار بكاتەوە لە پاراستنی ژینگە، چونكە جگە لەوانەی بەچاوی خۆمان دەیانبین، پاشماوەی نەخۆشخانەكان و فڕێدانی پاشماوەی  ماڵەكان و ئۆتۆمبێل، هۆكارێكی سەرەكین  بۆ پیسكردنی ژینگە، بۆ كۆنترۆڵكردنی هەموو ئەوانە دەبێت ئەو كەسانە سزا بدرێن كە ژینگە پیس دەكەن.
بە مەبەستی وەرگرتنی لایەنی پەیوەندیدار چەندینجار سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازیمان کرد، تەنها وتیان بڕیاری داخستنی ئەو کارگانە دراوە و بەشێکیان کارەکانیان راگرتووە، دوای تەواوبوونی رێوشوێنەکان و دابینکردنی شوێن بۆیان سەرجەمیان دەگوازرێنەوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان