بۆچی فەیلەسوفەکان دژ بە ژن بوون؟

10:33 - 2024-08-25
کەلتور
484 جار خوێندراوەتەوە

نوسینی: شەیما یوسف
وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق

میسۆجینی*: بۆچی فەیلەسوفەکان دژ بە ژن بوون؟ 
بە پێچەوانەی ئەوەی بە خەیاڵدا دێت لە ناونیشانی وتارەکە، ئەمە نە داکۆکییە ونە فێمێنیستییە –بە حوکمی رەگەزی نووسەرەکەی – بەڵکو بە پلەی یەکەم هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی هەڵوێستی نەرێنیی فەیلەسوفەکان بەرانبەر بە ژن لە هەموو رەهەند و گۆشەکانییەوە.
میسۆجینیی فەلسەفی
میسۆجینی وەکو دەستەواژە بریتییە لە کۆمەڵێک بیرۆکە و ئایدیا کە لەسەر بەسووک روانین لە ژن و بوغزاندنی و پۆلێنکردنی لە پێگەیەکی نزمی کۆمەڵایەتیدا بینابووە. ئەمە شتێکی تازە نییە، ئەوەی مایەی شۆکە ئەوەیە هەندێ لە کەسایەتییە زەبەلاحەکانی فیکر، هەڵگری ئەم ئایدیایانە بن و لە بیرکردنەوە و نووسینەکانیاندا رەنگی دابێتەوە، هەروەک شۆپنهاوەر لەبارەی ژنەوە دەڵێ: «ژن ئاژەڵێکە بە قژی درێژ و بیرکردنەوەی کورتەوە»، و نیچە دەڵێ: «نەچیتە ژوورەوە بۆ لای ژن ئەگەر شوڵکت پێ نەبێت». 
رۆسۆی فەیلەسوفی فەرەنسیی شۆڕشگێر، کە شۆڕشەکەی تەنها بۆ خاتری پیاوان بوو، داوای یەکسانیشی بۆ هەموو مرۆڤایەتی نەدەکرد، بەڵکو یەکسانی لە نێوان پیاو و پیاودا و بەردەوام دەیگوت: «ئەگەر ژنێک سکاڵای لە نایەکسانی لەگەڵ پیاودا کرد، ئەوە هەڵەیە». هەروەها گوتەی زۆری تر کە هەر گوێمان لێیان دەبێت پرسیاری زۆر دێتە ئاراوە گرنگترینیان: بۆچی ئەم هەموو رق و کینە و سوکایەتییە دژ بە ژن؟ هەنجەتەکەی چییە و چۆن دەبێت ئەمجۆرە گوتە و ئایدیایانەی سووک لە ژن دەڕوانن وەکو ئادەمیزاد لە دەم و دەستی مەزنترین و ئاقڵترین بیرمەندەکانەوە بێت؟
جیاکارییەکی خۆڕسک یان وەرگیراو؟ 
نیچە دەڵێ: «هەموو فەلسەفەیەکی مەزن بە دانپیانانی دامەزرێنەرەکەی، جۆرێکە لە یادەوەریی نهێنی و تایبەتی دەرەوەی ویستی فەیلەسوفەکە خۆی».
رەنگە سەرەتا را و گوتەکانی هەندێ لە فەیلەسوفەکان لەبارەی ژنەوە مایەی شۆک بێت، لەبەرئەوەی لە ئەقڵە بیرکەرەوە مەزنەکانەوە دەرچووە، بەڵام ئەو سەرسوڕمانە دەڕەوێتەوە دوای ئەوەی گوێمان لەو گوتەیەی پێشووی نیچە دەبێت. 
بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لە هەڵوێستی میسۆجینیی فەیلەسوفەکان بەرانبەر بە ژن بکەین، دەبێت یەکەمجار شیبکەینەوە بۆ بابەتە سەرەتاییەکانی و بۆ بزوێنەر و پاڵنەرەکانی، یان وەک نیچە دەڵێ بۆ «یادەوەرییە تایبەتە نهێنییەکان»، با روون بین، ئێمە بەرانبەر مەسەلەیەکی رەخنەیی یان رایەکی بابەتی نین، چونکە من رەنگە رەخنەت لێ بگرم، بەڵام رێزم بۆت هەیە وەک مرۆڤ پێکهاتە و ئەقڵ و هەستی هەیە، بەڵام کاتێک دەتبوغزێنم و سووکایەتیت پێدەکەم و بە ناشرینترین وەسفەکان جنێوت پێدەدەم، لێرەدا کەمێک بابەتەکە دەبێتە بابەتێکی کەسی، یان لانیکەم ئەوە یەکەم لێکدانەوەی لۆژیکی دەبێت کە بە مێشکدا دێت، هەموومان دەزانین سروشتی رق و کینە هەستێکی لایەنگیرییە، و لەدایکبووی هەڵوێست و ئەزموونی تاکە کەسییە لەگەڵ خەڵک و ژینگەی دەوروبەر. با ئیستا لە ژیانی تایبەتیی هەندێ لە فەیلەسوفەکان وردبینەوە، بەتایبەتی ئەزموونی تایبەتییان لەگەڵ ژندا، بۆئەوەی بابەتەکە لێرەدا نەبێتە تەنها گریمانە.

 

نیمچە رێکەوتنێک هەیە لەسەر حەقیقەتی ئەوەی ژن –بە درێژایی سەردەمەکان- چانسی پێ نەدراوە بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی خۆی بدات

 

شۆپنهاوەر: 
پەیوەندیی بە دایکییەوە زۆر خراپ بووە، بەردەوام بەکەمی لە بەهای فیکری و تواناکانی شۆپنهاوەری روانیووە، تەنانەت سووکایەتیی بە بابەتی ماستەرنامەکەی دەکات و لە وەڵامدا شۆپنهاوەر پێی دەڵێ: «کتێبەکە دەخوێنرێتەوە دایە، تەنانەت دوای ئەوەی کتێبەکانت لە تەنەکەی خۆڵەکەدا دیار نامێنن»، پەیوەندیی بە دایکییەوە هێندەی تر خراپ دەبێت بەتایبەتی کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات، دوای ئەوەی دایکی بایەخی پێنادات و لەکاتی نەخۆشییەکەیدا دەستبەرداری دەبێت، ئیتر هێندەی تر پەیوەندیی نێوانیان وشك دەبێتەوە».
نیچە:
نیچە شانسێکی خراپی هەبوو، زنجیرەیەک لە شکستی سۆزداریی یەک لە دوای یەکی هەبوو. سەرەتا خۆشەویستیی بۆ کچێک ناوی «ماتیلدا تریمبباخ» هەبوو، کاتێک داوای هاوسەرگیریی لێکرد رەتی کردەوە و شووی بەو هاوڕێیەی کرد کە راسیپاردبوو داوای هاوسەرگیرییەکەی بۆ بکات. کۆتاییەکەشی خۆشەویستیی بۆ دەروونناس و نووسەری ئەڵمانی-رووسی «لو سالۆمی»، کە ئەویش خۆشەویستییەکەی و داوای هاوسەرگیرییەکەی رەتکردەوە. 
ژان ژاک رۆسۆ:
هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکدا دەکات هیچ بایەخێکی بۆ مەعریفە و رۆشنبیری نابێت و هیچ شتێک لە فەلسەفە و سیاسەت تێناگات، کە رۆسۆ بە خەڵکی دەناساند، دەیگوت «بەڕێوەبەری ماڵ»ە. رۆسۆ دەڵێ زۆری هەوڵداوە رۆشنبیری بکات بەڵام بێ سوود بووە، کاتێک گوتوویەتی: «سەرەتا هەوڵـمدا ئەقڵی چاکبکەم، بەڵام هەوڵەکانم شکستیان هێنا، ئەقڵی وەکو خۆی مایەوە، قبووڵی رۆشنبیری ناکات». 
بڵێی ئەم نمونانەی ئەزموونە تایبەتەکانی فەیلەسوفەکان لەگەڵ ژندا بەس بێت بۆ ئەوەی کێشەی میسۆلۆجینیانەمان بۆ روون بکاتەوە؟ بەتایبەت کە بەتەواوەتی نازانین ئەو را و بۆچوونە میسۆجینیانەیان دوای ئەزموونەکانی ژیانیان دروستبووە یان پێشتر؟ 
وەڵام نەخێر، مەرج نییە، هەروەها ناتوانین یەقینی ئەوەمان هەبێت ئەو ئەزموونانە رۆڵی سەرەکی لە دروستبوونی ئاڕاستەی میسۆجینیی فەلسەفی دەگێڕن، هەروەک ناشتوانین رۆڵی کاریگەری لە بەرچاو نەگرین چ سەرەکی بێت یان بە پلەی دووەم.
خاڵێکی تر هەیە زۆر گرنگە و نابێت فەرامۆشی بکەین، ئەویش وێنەی ژنە لە کۆمەڵگەی خۆرئاوادا ئەو دەمەی کە نوقمی دابونەریتی سەدە کۆنەکان بوو و کۆمەڵگە دادپەروەرانە لێی نەڕوانیووە، ئیتر ئاسایی بووە ئەو وێنەیە لە بیرکردنەوەیدا رەنگ بداتەوە و بەبێ ویستی خۆی ئەقڵ قووتی بدات. هیگل دەڵێ: «هەر یەک لە ئێمە کوڕی سەردەمی خۆی و پەروەردەی زەمەنی خۆیەتی و لە تواناماندایە بڵێین فەلسەفەش وەکو خۆی لە سەردەمی خۆیدا لە فیکردا کۆبۆتەوە». 
بەرهەمی رۆشنبیریی و شارستانی: 
هەندێک هەوڵدەدەن نزمیی پێگەی ژن، چ لەناو کۆمەڵگە کۆنەکان یان سەردەمی ئێستادا، بە بەراوردکردنی ئەو کۆمەڵگەیانە لەنێوان تواناکانی ژن و پیاودا لێکبدەنەوە، بەڵام دوور لە مشتومڕە باوەکە سەبارەت بە جیاوازیی سروشتی بیۆلۆژییان، هێشتا شتێکی نەزانراو لە هاوکێشەکەدا دەمێنێتەوە، کە زۆربەی جار چاوی لێ دادەخرێت، لە کاتێکدا ناتوانرێ هاوکێشەکە حەل بکرێ بەبێ دۆزینەوەی بەهاکەی. ئیتر هەرچەند هاوڕا بین یان جیاواز بێت راکانمان، نیمچە رێکەوتنێک هەیە لەسەر حەقیقەتی ئەوەی ژن –بە درێژایی سەردەمەکان- چانسی پێ نەدراوە بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی خۆی بدات، بە پێچەوانەی پیاوەوە کە هەردوو سیستەمی باوکسالاری وسەرمایەداری هەمیشە پشتگیرییان لێکردوە. 
وێل دیۆرانت لە کتێبی خۆشییەکانی فەلسەفە The Joys of Philosophy دا دەڵێ: 
بلیمەتە نێرینەکان هەڵبژاردەکانی ملیۆنەها پیاوی خوێنەوارن و بلیمەتە مێینەکان هەڵبژاردەی چەند سەد ژنێکی خوێنەوارن، لە ژنەکان شاعیری وەکو «سافۆ» و رۆماننوسی وەکو «ماری ئان ئیڤانس»، و زانای بواری سروشت وەکو «مادام کۆری» و زانای ماتماتیکی وەکو «هیپاتیا وکۆڤالفسکی» و بیرمەندی وەکو «مادام دی ستایل»، بەڵکو تەنانەت حاکمی بەهێزی وەکو «ئەلیزابێسی شاژن»  «ولاترین دی میتشی» هەڵکەوتوون. ئەو وێنە ناشیرینەی فەیلەسوفەکان لە نووسینەکانیاندا لەبارەی ژنەوە بەرجەستەیان کردووە جگە لە نموونەیەکی بچووککراوەی وێنە ئەسڵییەکەی کۆمەڵگە بەرجەستەی کردووە زیاتر نییە، هەروەها وێنەیەکە لە تابلۆیەک لە تابلۆ تایبەتەکانیان کە بە فڵچەی ئەزموونەکانیان کێشاویانە لەبارەی ژنەوە، یان وەکو «مارتن هایدگەر» دەڵێ: «ئەوەی مەزن بیر بکاتەوە، دەبێت بەشێوەیەکی مەزن هەڵە بکات».

*میسۆجینی Misogeny: وشەیەکی یۆنانییە، بە واتای رق و کینە لە ژن یان بەکەمزانینی و شیشرۆنی رۆمانی بە Gynophobia، واتا ترس لە ژنان ناوی بردووە. –وەرگێڕ-

بابەتە پەیوەندیدارەکان