قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتەکەدا کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە میوانخانەی سەرۆک مام جەلال لە دوکان بەڕێوەچوو، مەکتەبی سکرتاریەت لە راپۆرتێکدا کار و چالاکییەکانیان بەوردی خستەڕوو لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، هەروەها بەرنامەی نوێی کارەکانیان خستەڕوو و جەختیان لە زیاتر خزمەتکردنی تێکۆشەران و پێشمەرگەی دێرین و هەموو ئەو هەڤاڵانە کردەوە کە لە بوارە جیاجیاکاندا بەشداری شۆڕشی نوێ بوون و هاوکار و پشتیوانی سەرخستنی خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان بوون .
قوباد تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشی لە هەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەت کە لە ماوەی رابردوودا دڵسۆزانە ئەرکەکانی سەرشانیان راپەڕاندووە جەختیکردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ بەسەرکردنەوەی هەڤاڵانی یەکێتی کە لە وێستگە جیاجیاکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتی خزمەتیان کردووە و روونیکردەوە؛ ئەرکمانە هەموومان لە خزمەتی هەموو ئەو تێکۆشەرانە بین کە ژیان و تەمەنی خۆیان بە شۆڕشی نوێ و گەلەکەیان بەخشی.
هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی مەکتەبی سکرتاریەتیشی راسپارد بەهەمان گوڕوتینی جارانەوە لە خزمەتی هەموو کۆمەڵانی خەڵک و تێکۆشەرانی شۆڕشی نوێ و کوردایەتی بن و دەرگایان بەرووی هەمواندا کراوەبێت و لە هەر شوێنێک هەڤاڵێکی یەکێتی پێویستیەکی هەبوو بە دەنگیەوە بچن، دەبێت مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال مەکتەبی هەموو چین و توێژەکان بێت و بەبێ جیاوازی خزمەتکاری خەڵک بن.