ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت، باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵایین

11:22 - 2024-08-27
کوردستان
603 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئاستی ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، كە دواهەمینیان پرسی پارێزگای كەركوك بوو، كە پاش حەوت ساڵ لە ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم دانانی پارێزگارێكی كورددا، یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە بە ئامانج گەیشت. لەدوای ئەم سەركەوتنەی یەكێتی وەك هەمیشە پەیامێكی راشكاوانەی بڵاوكردەوە و دەستی تەبایی و هەماهەنگی بۆ هەموو هێزەكان درێژكردەوە، تا ئەو سەركەوتنانە بكەین بە فاكتی بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر كوردستان و ئاساییكردنەوەی ناوچە دابڕاوەكان و چارەسەركردنێكی ریشەییانەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا و هەر پرسێكی دیكە.

كەچی بەداخەوە لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەهۆی رق و كینەی ئەستووری باڵێكی ناو پارتی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، زەمینە نەڕەخسا كە كورد بە تەبایی و یەكڕیزی بەشداربێت و بە یەك تیمیش دانوستان بكات، سەرەڕای ئەوانەش باڵی دەستڕۆیشتوو و خۆسەپێنی ناو پارتی، نەك پێشوازیی لەم نیازپاكییەی یەكێتی نەكرد، بەڵكو بە رق و كینەیەكی ئەستوورەوە لەرێگەی میدیای رەسمی و سێبەرەوە رۆژانە پەلاماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات و كۆمەڵێك تۆمەتی نابەجێ و پڕ لە درۆ هەڵدەبەستێت و دەخاتە پاڵ یەكێتی. هەر بەوەش نەوەستان، بەڵكو لە دوێنێوە بابەتی جوڵەپێكردنی هێزێكی حەشدی شەعبی لە دەڤەری كوڵەجۆی گەرمیان كراوەتە كەرەستەیەكی دیكەی تۆمەت هەڵبەستن و ئەمجارە بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، میدیای ئەو باڵە خۆسەپێن و شكستخواردووە پەیامێكی چەواشەكارانە كە دوورە لە هەر ئاكارێكی میدیایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی، بڵاودەكەنەوە، كە گوایە ئەو هێزەی حەشد بە رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ یەكێتی و بە ئاگاداریی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هاتوون، هەرچەندە هەر زوو چەواشەكارییەكەیان بوو  بە بڵقی سەر ئاو و ریسی درۆیان بوو بە خوری، چونكە هەر زوو یەكێتی پەیامێكی راشكاوانە و بەرپرسانەی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند كە نە ئاگاداری هاتنی هێزەكەی حەشدین و نە قبوڵی دەكەین بمێننەوە، پاشانیش بە هەوڵ و دیپلۆماسیەتی یەكێتی هێزەكە پاشەكشەی كرد، هەر زووش لێداونەكەی حەشدی شەعبی خۆیان كە دووپاتیان كردەوە هاتنەكەیان پەیوەست بووە بە زانیارییەكی هەواڵگریی بۆ كێوماڵكردنی ناوچەژە بەشوێن چەكدارانی تیرۆرستی داعشدا، تەنها مایەپوچی بۆ میدیای درۆی ئەم باڵە هێشتەوە.
ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە ئەوەیە كە هاوكات لەگەڵ ئەم چەواشەكارییانەی ئەوان لەسەر جووڵەی هێزێكی حەشدی شەعبی، ئاگرێكی بێ ئامان لە دەڤەری بەرواری باڵا لە بادینان تەڕ و وشكی چوار گوندەكەی سوتاند و لە پاڵ كارەساتە ژینگەیی و سروشتییەكەی ناوچەكەدا خەریك بوو هاووڵاتیانی ئەو گوندانە هاوشێوەی رەز و باخیان ببنە قوربانی و كارەساتێكی مرۆییش رووبدات.
بۆیە ئەگەر راستە مەسرور بارزانی و میدیا چەواشەكارەكەی خەمی هاووڵاتیان و خاكی كوردستانیانە، دەبوایە لە جیاتی پەیامی چەواشەكاریی و ئەو هات و هاوارە لەسەر كوڵەجۆی دەڤەری گەرمیان، پەیامێكی كورتیان هەبووایە و تێیدا داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی لە خەڵكی كوردستان كردبایە، بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری بادینان كە بەهانای هاووڵاتیانی ئەو گوندانەوە بچن و ژیانیان لە مەترسی رزگار بكەن، ئەوكاتە بەدڵنیاییەوە دڵسۆزان و خێرخوازانی دەڤەری بادینان بە هانای خەڵكە لێقەوماوەكە دەچوون و ئەو زیانە زۆرە بەر گوندەكانیان نەدەكەوت و ئاوارەی شوێنەكانی دیكە نەدەبوون، كەچی لەسەر ئەم رووداوە دڵتەزێنە مێش میوانیان نەبوو.
بۆیە ئێمە رایدەگەیەنین كە پشوو درێژیمان بەرامبەر رق و كینە و چەواشەكارییەكانی ئەم باڵە شەڕەنگیزەی ناو پارتی سنووری خۆی هەیە و لێرە بەدواوە بێدەنگی دەشكێنین، نەك هەر وەڵامی چەواشەكارییەكانیان دەدەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو راستییانە دەخەینەڕوو كە مەسرور بارزانی هۆكاری تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ‌و حكومڕانیی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانە و لەو ساتەوەختەوەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ كەوتوونەتە مەترسییەوە و تەنانەت شیرازەی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان هەر ئەوە دەیسەلمێنێت، كە بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوانەی مەسرور بارزانییەوە حزبەكەیان خەریكە دەبێتە حزبێكی لۆكاڵی.
لەلایەكی دیكەوە ئەگەر مەرامێكی دیكەی باڵە خۆسەپێنەکەی ناو پارتی لە خوڵقاندنی كەشێكی ناسەقامگیری  سیاسی و میدیایی لە هەولێر  بۆ ئەو مەرامە بێت، كە جارێكی دیكە بە خەیاڵی خۆی هەڵبژاردن دوابخرێت و لەسەر كورسیی حوكم بمێنێتەوە، ئەوا ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانین و دەبێ تاڵاوی ئەو شكستە بچێژن جا زوو یا درەنگ، دوا پەیامیشمان ئەوەیە كە ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت وا باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵایین.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان