قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی ئوردن کۆبووەوە

12:34 - 2024-08-27
کوردستان
171 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی برەودان بە پەیوەندیی کشتوکاڵی نێوان هەرێم و وڵاتی ئوردن.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێم بەڕێوەچوو، تاوتوێی ئەو لێکتێگەیشتننامەیە کرا کە پێش چەند رۆژ لەنێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری کشتوکاڵدا و بە هەنگاوێکی پێویست دانرا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی کشتوکاڵی

لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشی هەردوولادا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، ئەولەوییەتی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و ئامانجمانە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دواتریش هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. 

ئاماژەی بەوەشدا لە قۆناغی یەکەمدا ئەولەوییەتی هەرێم، پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە پیشەسازی خۆراک کرا و قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا لەم ساڵانەی دواییدا هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە و لە پلانیشدایە کە زیاتر هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بدرێت لەم کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژەی گەشتوکاڵ کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە گرنگی پێ دەدرێت و ئامانجی پڕۆژەکە بەهێزترکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان