جێگری سەرۆك وەزیران: چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا

10:17 - 2022-06-28
کوردستان
425 جار خوێندراوەتەوە

«ژمارەیەكی زیاتر زەمالەی خوێندن بۆ خوێندكارانی هەرێم لە زانكۆكانی روسیا دابین دەكرێت»

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر لەگەڵ ئۆلیك لێڤنین كونسوڵی گشتیی كۆماری روسیا لە هەرێم كۆبۆوە و پێكەوە تاوتوێی چۆنێتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە كەلتووری و زانستییەكانی نێوان روسیا و هەرێمی كوردستانیان كرد.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ بەڕێوەچوو، باسی دۆخی سیاسیی عیراق و بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ كرا، جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەوەی «پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بە یەكدەنگی بەشداری لە دانوستانەكاندا بكەن». داواشیكرد لایەنە عیراقییەكان لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی عیراقدا ئاستی داواكارییە حزبییەكانی خۆیان كەم بكەنەوە و لە جیاتی ئەوە گفتوگۆ بكەن لەسەر چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی حكومڕانی و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی چۆنێتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە كەلتووری و زانستییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیا كرا. باس لە پێویستی پێكهێنانی دامەزراوەیەكی تایبەت كرا بۆ دروستكردنی پەیوەندیی زانستی لەنێوان زانكۆكانی كوردستان و زانكۆكانی روسیا و بۆ ئەمەش خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی روسیا ئەندام بن لەو دامەزراوەیەدا تا رۆڵی زیاتر ببینین لە بەهێزكردنی پەیوەندیی كەلتووری و رۆشنبیری و زانستی لەنێوان هەردوولادا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا باس لە چۆنێتیی زیادكردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندكارانی كورد كرا لە زانكۆكانی روسیا و كونسوڵی روسیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ دابینكردنی ژمارەیەكی زیاتری زەمالەی خوێندن بۆ خوێندكارانی هەرێم.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەسەر دروستكردنی پەیوەندیی لەنێوان مۆزەخانەكانی كوردستان و روسیا. كونسوڵی روسیا ئاماژەی بەوەدا «پلانیان هەیە بەم نزیكانە سەردانی سلێمانی و مۆزەخانەی سلێمانی بكەن بۆ دروستكردنی پەیوەندیی و هاوكاری لەنێوان مۆزەخانەی سلێمانی و چەند مۆزەخانەیەكی روسیادا»

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان