لاپەڕەی سەروەران
شەهید رەزا بیكەیسی پێشمەرگەیەكی دێرین و قارەمانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لە خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتی سەردەمی شاخدا رۆڵی گەورەی گێڕاوە.
كاتێكیش راپەڕین سەریگرت و دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزران، بە هەمان گوڕوتینی سەردەمی شاخەوە شانی خستە بەر ئەركی گرانی ئەو قۆناغە و زیاتریش لە دەزگای ئەمنیدا خۆی بینییەوە كە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كوردستان بوو، هەر لەو پێناوەشدا شەهیدكرا.
ژیاننامەكەی
شەهیدی نەمر رەزا حەمەئەمین ئیسماعیل، لە دایكبووی ساڵی 1960ی بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری شارۆچكەی پێنجوێنە، ئەندامی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە و لە ساڵی 1977دا بووە بە پێشمەرگە.
سەرەتا لە كەرتی چواری هەرێمی سێی ئەوسا چەكی شەرەفی لە شانكردووە، پێشمەرگەیەكی خۆشەویست و قارەمانی ناو هەڤاڵەكانی بوو بەشداریی چەندین داستان و نەبەردیی كردووە دژبە داگیركەر و دارودەستەكانی دوژمن، وەك: (شەڕی پێنجوێن و دەوروبەری، ناڵپارێزو رەزلە و ناربەروو) تا شەڕەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، لەوێوە بۆ كفری و سەرقەڵاو سەركردایەتی و هەروەها لە داستانی قەیوان-ماوەت رۆڵی گرنگ و قارەمانانەی هەبووە، لەو شەڕەدا و باقی نەبەردی و داستانەكانی یەكێتی رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
شەهید لە خەباتی پێشمەرگایەتی دا توانیویەتی ئازایانەو خۆنەویستانە بەشداری چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە بكات.
لە راپەرینی 1991یشدا رۆڵی كاریگەری هەبووە لە ئازادكردنی خاكی كوردستاندا، لە راپەڕینی دووەمی شاری سلێمانیدا ئازایانە بەشداریی كرد بۆ پاككردنەوەی سەربازگە و بنەكەكانی رژێمی بەعس لە نێوان سلێمانی و عەربەتدا.
دوای ئازادكردنی خاكی كوردستان، شەهید رەزا ئەركێكی دیكەی پێسپێردرا لە پارێزگاریكردن لە وڵات، ئەویش كە كرایە (فەرماندەی هێزی چواری پێنجوێن)، لە ئەركەكەی بەردەوام بوو تا گۆڕانكاریكردن لە شێوازێكی تری خزمەتكردن بە خەڵك و خاكی كوردستان و پاراستنی ئەمنیەت، ئەویش دەستبەكاربوونی بوو لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی.
لەوێوە شەهید رەزا گورجتر و جیاواز لە جاران لەو سلكەدا خزمەتی بەبرچاوی كرد، یەكێك بوو لە كەسە دڵسۆز و چالاك و خۆنەویستەكانی ئاسایشی سلێمانی كە لەو ئەركەشیدا هەر پێشمەرگانە خەباتی دەكرد.
مەخابن، لە ئەركێكی گرنگدا بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی خەڵك، رۆژی 29/8/1995 شەهیدكرا و چووە كاروانی نەمرانەوە.