سەربەست، خەمێك بە ئاسمانی كاریتانەوە

11:12 - 2024-08-28
کوردستان
176 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

كە زەنگی تەلەفۆنەكەی لێیدا، پێكەوە لە بارەگای كۆمەڵەی پێشمەرگەدێرینەكان بووین، ساتێكی خەمهێنەر و دژوار بوو، هەواڵی جوانەمەرگبوونی (سەربەست)یان بە هەڤاڵ سابیر كاریتانی راگەیاند، ساتێكی پڕ لە ئازاربوو، گوزارشت ناكرێت.
ئێوارەیەكی گەرمای بەتینی هەولێر، پەڵەهەورەكان ئاسمانی گوندی كاریتانیان تەنیبوو و جیاوازتر لە رۆژان خۆیان نمایش دەكرد، هەر لە جوڵە و كشانیاندا دیاربوو كە ئیتر وەرزی بارانێكی بە خەم و رووداوێكی ناخهەژێن و كارەساتئامێزیان لە پاشكۆدا هەڵگرتووە، كارەساتی جوانەمەرگبوونی نەوەكەی مام مەولودی كاریتانی بندیانان.
نەوەیەك ناخ پاك، جوانبین و بێوەی، تازە پێگەیشتووەیەكی ژیر و پەروەردەی خانەوادەیەكی ماندووی ژێر ساباتی خەبات و تێكۆشان، لێوانلێو دڵسۆز و پەرۆش بۆ كوردایەتی.
سەربەست، ناوێك لە بنەڕەتدا خوازیاربووە سەربەست بێت و بەسەربەستی بڕوانێتە ژیان.
سەربەستێك هەموو هیواو ئاواتی ئەوەبوو لە ژێر سایە و سێبەری سەربەستیدا خەون و خولیای باوكی و خانەوادەكەی بكاتە پرۆژەیەك بۆگەیشتن بە لوتكەی ئارامی و كەناری یەكبوونی هەموو ئەو دەنگە ناڕازییانەی میللەتێك بۆی پەرۆشە.
سەربەست سابیر مولود، كوڕی فەرماندە و تێكۆشەری دێرین (سابیر كاریتانی)یە، لە دایكبووی ساڵی 1990 و دەرچووی پەیمانگە- كتێبخانەو زانیارییە.
ماوەی پێنج ساڵ پێشمەرگە بووە لە یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگەدا، دواجار كارمەندی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بووە.
رۆژی 7/7/2024 لە بەنداوی (كاریتان)دا خنكا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان