قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بڕیاریداوە رێڕەوی حکومڕانی راست بکاتەوە

07:31 - 2024-08-28
کوردستان
308 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان سەرکەوت زەکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و لوقمان وەردی، بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕین، لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتی کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، باسی دۆخی سیاسی هەرێم و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان کرد و بە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازی وەسف کرد بۆ یەکێتی و بۆ داهاتووی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کرد کە لەم چەند ساڵەی دواییدا یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بە هاوکاری هەموو سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتی سەلماندویەتی کە تەنها هێزێکە کە لە توانایدایە ئەو گۆڕانکارییە دروست بکات کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوای دەکەن.  
وتیشی؛ بەشێکی بەرچاوی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بەو قەناعەتە گەیشتوون کە یەکێتی توانی هاوسەنگیی هێز دروستبکاتەوە و بڕیاریداوە رێڕەوی حکومڕانی راست بکاتەوە. 

لێپرسراوی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوەشدا لەم هەڵبژادنەدا لیستی دەنگدەران پاککراوەتەوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت بەناوی مردوانەوە ساختەکاری بکات، هەربۆیە چاوەڕێین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و چاومان لە سەرکەوتنێکی گەورەیە.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی دۆخی ئێستای یەکێتی بۆ ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە روونکردەوە کە یەکێتی لەم قۆناغەدا لە کوردستان و عیراق و سیاسەتی ناوچەکەدا هێزێکی کاریگەرە و رۆژ لە دوای رۆژیش پێگەی بەهێزتر دەبێت.

وتیشی؛ ئێستا جەماوەر و دۆست و تەنانەت نەیارانی یەکێتیش چاویان لەوەیە ئەو سەرکەوتنانەی یەکێتی لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە تۆماری کردوە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش لە ئاستێکی گەورەتردا دووبارەی بکاتەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان