د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
وشەی تابوو Taboo، واتە حەرام و قەدەغە، یان پیرۆز، ئەم وشەیە لەلای زۆربەی گەلان بەهەمان ناوەڕۆک بەکارهاتووە، لە هەندێ زماندا و لەوانە زمانی کوردی بووە بە (تاپۆ) Tapu، لە سۆسیۆلۆجیا و ئەنترۆپۆلۆجیادا لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر کراوە، بەتایبەتی شتە قەدەغەکان لەلای مرۆڤی کۆن و گەلانی دێریندا کە پێشێلکردنی تابووەکان لە باوەڕی مرۆڤی کۆندا بووەتە مایەی بەڵا و موسیبەت و نەخۆشی یان مردن.
شێوازی باوەڕهێنان بە تابووەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە و لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی دیکە دەگۆڕدرێت، لەلای هەندێ کەس کوشتنی هەندێ ئاژەڵی تایبەتی، بە تابوو دادەنرێت، بۆ نموونە سەربڕینی مانگا لەلای هەندێ گرووپی گەلانی هیندستان، یان بڕینەوەی درەخت دەبێتە مایەی بەڵا و موسیبەت لەلای ئەوروپییە دێرینەکان، هەندێ لە هۆزەکانی فینلەند درەختیان دەپەرست و لەژێریدا قوربانییان بۆ سەردەبڕی و نەدەبوو کەس درەخت ببڕێتەوە، بەتایبەتی هەندێ درەختی جیاواز کە پێیان وابوو شوێنگەی رۆحەکانەو رۆحی مردووان لەنێو ئەو درەختانەدا کۆدەبنەوە، هەندێ درەختیان وەکو بوونەوەری زیندوو تەماشا دەکرد (بڕوانە: جێمس فرێزەر_ لقی ئاڵتوونی).
بیرۆکەی تابوو پەیوەندیی بە بیرۆکەی پیرۆزی و موقەدەسەوە هەیە، هەر هێمایەک تابوو بنوێنێت ئەو هێمایە دەبێتە موقەدەس و نابێت دەستی لێ بدرێت، لە هەندێ خێڵ و هۆزدا بینینی سەرۆک هۆزیش جۆرێکە لە تابوو، نابێ هەموو کەسێک سەرۆک ببینێت، چونکە سەرۆک وزەیەکی رۆحیی تەمومژاویی تیادایە و نابێت خەڵکی ئاسایی سەرۆک ببینێت. زۆر جار تابوو جۆری خواردنیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە خواردنی گۆشتی بەراز لەلای موسڵمانان قەدەغە و تابووە، یان خواردنی گۆشتی مانگا لەلای بەشێکی هیندییەکان بەهەمان شێوە قەدەغەیە. دیارترین شێوەی تابوو بریتییە لە حەرامکردنی پەیوەندیی سێکسی لەنێوان ئەندامانی خێزان و خزمە زۆر نزیکەکاندا، یان ئەوەی بە مەحرەم ناودەبرێت، ئەم چەشنە تابووە لەلای گەلانی دێریندا جیاوازە.
فرۆید لە کتێبی (تەوتەم و تابوو_ 1938) و جێمس فرێزەر لە کتێبی (لقی ئاڵتوونی_ لێکۆڵینەوەیەک لە سیحر و ئایین_1890) و کلۆد لیڤی ستراوس لە کتێبی (بونیادە سەرەتاییەکانی خزمایەتی_ 1969) باسیان لەم زاراوەیە کردووە، پێیان وایە کۆمەڵگە خۆی لە بنەڕەتدا بەهۆی حەرامکردنی زینا لەگەڵ مەحرەمدا سەری هەڵداوە، تابوو ئامڕازێکە لە ئامڕازەکانی دیسپلین و رێکخستنی کۆمەڵایەتی، تابوو رۆڵی هەبووە لە بەردەوامبوونی کۆمەڵگە، فاکتەرێکی بنچینەییش بووە لە پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیدا.
لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی پەتریارکی و دواکەوتوودا، سێ جۆر تابوو هەن، یان سێ حاڵەت دەچنە نێو تابووەکانەوە، ئەو سێ تابووەش بریتین لە: (دەسەڵات) و (ئایین) و (سێکس). بەو مانایەی قسەکردن و رەخنەگرتن لەسەر ئەو سێ بابەتە بە تابوو دادەنرێت. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ئەو تابووانە شکێنراون و بەشێوەیەکی ئازادانە رەخنە لە سەرۆک و دەسەڵات و ئایین دەگیرێت، بە راشکاوی باس لە بابەتی سێکسی و گرفتە سێکسییەکان دەکرێت، بەتایبەتی لەلای گەنجان. ئەم سێ تابووە لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتدا رێگە لەوە دەگرن خەڵکی بە هوشیارییەکی رۆشنبیریی و رۆشنگەرانەوە باسی دەسەڵات و ئایین و سێکس بکەن، تابووی دەسەڵات رێگە نادات گەندەڵییەکان ئاشکرا بکرێن و رەخنەیان لێ بگیرێت، هەروەکو تابووی ئایینی رێگە نادات رووداوە ئاینییەکان و یاساکان لەنێو سیاقی مێژوویی خۆیاندا ببینن، رێگە نادات لە قوتابخانەکاندا گەنجان تێبگەیەنرێن کە کۆمەڵێک دیاردەی ئایینی بۆ سەردەمی خۆیان راست بوون و بۆ ئەمڕۆ بەسەرچوون، تابووی سێکسیش ئەوەندەی دیکە کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەبات و گەنجان دوچاری جۆرەها گرێی دەروونی دەکات. لەکۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتدا، سێکس پێش هاوسەرگیری، تابووە.
لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا رووبەرەکانی تابوو زۆر کەم دەبنەوە، بگرە بەپێچەوانەوە تابووەکان شێوەی دیکەیان هەیە، بۆ نموونە لە دەسەڵاتدا گەندەڵی و دیکتاتۆری دەبن بە تابوو، لە ئاییندا توندڕەویی و خۆسەپاندن دەبێت بە تابوو، لە سێکسیشدا چەپاندن دەبێت بە تابوو.