کۆبوونەوەی بازنەکانی حکومەت لە مەڵبەندی دیراساتی گشتی بەڕێوەچوو و جەخت لە ئامادەیی تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
بە سەرپەرشتی هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاریی سنووری مەڵبەندی سلێمانی و دکتۆر یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات و ژوان ئیسماعیل لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی، هەنگاوەکانی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی باس لە ئامادەکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، بەتایبەت بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی و جەخت لەسەر هەماهەنگی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی کرایەوە.
هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاریی سنووری سلێمانی، باسی لە ئامادەکارییەکان لە سنووری سلێمانی کرد و وتی: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، یەکێتی لە سنووری سلێمانی و تەواوی سنوور و بازنەکانی دیکە، بە بەرنامە و پلانێکی تۆکمە کار بۆ سەرخستنی لیستەکەمان دەکەین و لەو رووەوە هەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئۆرگان و کادیرانی یەکێتی زیاد لە هەر کاتێکی دیکە ئامادەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دکتۆر یوسف گۆران باسی لە گرنگی بەشداریی هەڤاڵانی تیمی یەکێتی لە حکومەت کرد و وتی: لەم قۆناغەدا، گرنگە هەڤاڵانی تیمی یەکێتی لە حکومەت هاوشان لەگەڵ هەڤاڵانی ئۆرگانەکانی دیکەی یەکێتی بەشدارییەکی کارایان هەبێت و پاڵپشت بن لە هەنگاوەکانی سەرخستنی لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.