گەرمەی 31ی ئاب و ئەو شۆکەی کە لای نوسەران و سیاسیەکان دروستی کرد

بۆچوونی جیهانی و ناوخۆیی لەسەر خیانەتەکە

11:35 - 2024-09-01
ڕاپۆرت
285 جار خوێندراوەتەوە

پەلکێشکردنی سوپای عیراق بە قەبارەیەکی گەورەی یەکەی سەربازیی و ئامێری سەربازیی تانک و زرێپۆش و تۆپخانە لەلایەن پارتییەوە لە 31ی ئابدا بەهەموو پێوەرێک وەک خیانەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ساڵی 1996دا لەسەر ئەو حزبە و سەرکردایەتییەکەی تۆمارکرا، ئەو تۆمارکردنەش نەک بەتەنها لەسەر بنەمای رکابەریی حزبی و لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەڕووی سیاسییەوە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی ناوخۆش لەلایەن رووناکبیران و شرۆڤەکارانەوە مایەی شۆکێکی ئەوتۆ بوو کە جگە لە وشەی خیانەت وەک (کاڵایەکی پڕبە باڵا) نەدەچووە ژێر هیچ پێناسەیەکی دیکەوە.
ئەمەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێ دراوە و هەڵوێستەی لەسەر کراوە، هەندێکی رای حزبیی یەکێتییانەیە، دەنا بەشێکی شرۆڤە و لێکدانەوەی رووداوەکەیە لە دیدی کەسانی سیاسی و رووناکبیرانەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکێتییەوە نییە، ئەمەش مشتێکە لە خەرواری هەزاران هەڵوێستی تری رەخنەگرانە بەرامبەر بەو خیانەتە.

بیڵ كلینتۆن سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا
گروپێكی كوردی (پارتی) كە لەرابردوودا دژی سەدام بوون، ئێستا بڕیاریانداوە هەماهەنگی لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەمە شەرعییەت نادات بەوەی، كە هێزە عیراقییەكان بەربدرێنە گیانی خەڵكی هەولێر.
لەچەند مانگی رابردوودا بەبەردەوامی هەوڵمانداوە،  ئاگربەستی نێوان هێزە كوردییەكان بپارێزین، هێرشەكەی عیراق بەنزین دەكات بە ئاگردا و دەبێتە هۆی تێكچوونی سەقامگیریی ناوچەكە.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی حزبی سۆشیالیستی كوردستان
من بەرگریی لە یەكێتی ناكەم، بەڵام ئێستا ئەگەر یەكێتیش ئەوەی بكردایە، هەمان قسەم دەكرد، بەڵام پارتی دوو سێ شتی كردووە، هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆ بووە، سوپای عیراقی هێناوە، حكومەت و پایتەختی هەرێمی رادەست كردووە، ئەو تانكانەی كە میللەت بەدەستی بەتاڵ دەریان كرد، ئەو كەوتە پێشیان هێنانیەوە بۆ ناو شاری هەولێر، پارتی شەڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردووە شەڕی سۆشیالیستی كردووە، هیچ حزبێك نەماوە وابزانم ئەوەی شەڕیشی نەكردبێت، مشتەی ناو هەمانەكەی لێداوە، واتە گوشاری خستۆتە سەری.
 لەبەر ئەوە ئێمە پێمان وایە ئەوانەی پارتی كردوویەتی ئەوە نییە كە ئێمە بڵێین هەردوولا وایانكرد، یان هەردوولا تاوانیان هەیە، راستە هەردوولا بەرپرسیارن لەسەر بارودۆخی میللەتی كورد، بەڵام لایەنێك سوپا و تانك بهێنێت و لایەنیكیش لەبەرەی خەڵکدا بێت، یاخود هیچ نەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا بێت و بەرگری بكات بەرامبەر بەو دوژمنە داگیركەرە، ئەوە پێموایە جیاوازی هەیە لە نێوانیاندا.

 

محەمەدی حاجی مەحمود:  من بەرگریی لە یەكێتی ناكەم، ئێستا ئەگەر یەكێتیش ئەوەی بكردایە، هەمان قسەم دەكرد، بەڵام پارتی هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆ بووە، سوپای عیراقی هێناوە، حكومەت و پایتەختی هەرێمی رادەست كردووە

 

لە یەکەمین ساڵیادی31ی ئابدا
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکەمین ساڵیادی ئەو خیانەتە نەتەوەییەدا کۆنگرەی لەژێر ناونیشانی کۆنگرەی 31ی ئابدا رێکخست بۆ تاوتوێکردنی ئەو خیانەتە و لێکەوتەکانی و پێشهاتەکانی دواتر، لەو رووەشەوە لە میانی کونگرەکەدا چەند کەسایەتییەک چ وەک شرۆڤەکار و چ وەک دیدگای رووناکبیری لەوبارەیەوە رای راشکاوانەی خۆیان خستەڕوو، کوردستانی نوێ-ش لەو رووەوە تەوەرێکی بەناوی مەلەفی 31ی ئابەوە کردەوە کە یەکەم وتاریان لەلایەن ستران عەبدوڵڵاوە نووسرا، دواتر چەند کەسایەتی و شرۆڤەکار و رووناکبیرێک رای خۆیان دەربڕی. 
ستران عەبدوڵڵا: هەڵمەتێک بکرێت بۆ بەمیللیکردنی خیانەتی 31ی ئاب. پاش ساڵێک لە خیانەتەکە هێشتا بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد نەیتوانیووە بۆ خیانەتێکی نیشتمانی، هەڵمەتێکی میللیی دەستەجەمعی سازبکرێت.
رێبین هەردی: مادام 31ی ئاب روویداوە و ئەو خیانەتە کراوە، کەوابێ راپەڕین بۆخۆی پڕۆژەیەکی ناتەواوە.
شاهۆ سەعید: 31ی ئاب هەموو بۆچوون و قەناعەتەکانی پێشووی ئاوەژوو کرد و درزێکی گەورەی خستە ئەو دیواری بێدەنگییەوە کە هەبوو و ئاخۆ ئەو حزبەی زاتی ئەوەی کرد خیانەتی ئاب بکات، نوێنەرایەتیی تەنها بنەماڵەیەک دەکات یان توێژێکی فراوانی میللەت؟
بەهرۆز گەڵاڵی: یەکێتی هەمیشە تێڕوانینێکی بابەتییانەی هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا و هەر ئەوەش ئەم حزبەی کردۆتە خاوەن ئەزموون بۆ هەڵسانەوە لە نووچدان، بەڵام پارتی لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەزموونی هەڵسانەوەی خۆبەخۆ نییە، پەنای بردە بەر هێنانی هێزی سەربازیی رژێم بۆ داگیرکردنی هەولێر.

نیاز سەعید عەلی: «داگیرکردنی هەولێر لەلایەن سوپای عیراقەوە لە 31ی ئابدا، لەلایەن خودی مەسعود بازرازنییەوە بە شەڕێکی رەوا دانراوە، بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عیراق!» 
ئەمەش بۆخۆی خیانەتە لە ستراتیژ و هەرگیز وەک تاکتیک لێی ناڕوانرێت، چونکە ئەو پەرلەمانە کرایە لانە و بنکەی سیخوڕیی رژێمی سەدام کە پێشتر یاسای فیدراڵیی تێدا ئیقرار کرابوو.
جەمال نەبەز: «راستە شەڕی براکوژی تاوانێکی گەورەیە، بەڵام گازکردنی لەشکرکێشیی بێگانە جانەوەرێتی و دڕندایەتی و ناپاکییەکی گەورەیە».

کاوە محەمەد: «بۆ چوارەمین جارە کە وەفدی یەکێتی و پارتی خەریکی گفتوگۆن، گۆڕانکاریی گەورە لە عیراق و کوردستان روودەدەن، یەکەمیان لە مانگی ئابی 1995دا بوو کە وەفدی هەردوولا لە دبلن دانیشتبوون، هەواڵی هەڵهاتنی حسێن کامیل و سەدامی برای گەیشتە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکان و رووداوەکەش وەفدی پارتیی تەزاند و سەرەنجام بووە هاندەرێک بۆ ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، جاری دووەمیان کە شەوی 30\31ی ئابی 1996 نوێنەرانی هەردوولا لە لەندەن دانیشتبوون کەچی پارتی لەگەڵ رژێمی عیراق لە داڕشتنی تانوپۆکانی خیانەتی 31ی ئاب ببوونەوە و چەند سەعاتێکی کەم دوای ئەو نیوەشەوە پەلاماردانی شاری هەولێر دەستیپێکرد، جاری سێیەمیش لە 11ی ئازاری ئەمساڵ 1997 لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لە ئەنقەرە محێدین رەحیمی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لە هەولێر تیرۆر کراو و پارتی بەو هەنجەتە خۆیان لە گفتوگۆکان کشاندەوە».
ئازاد جندیانی «بۆئەوەی بەڕاستی بتوانین کوردایەتی لە قەیرانەکەی دەرباز بکەین، سەرەتا پێویستە دوور لە عاتیفە و هەڵچوون و دوور لە بەرژەوەندیی تاکحزبی قەیرانەکە کە خیانەتی 31ی ئابیش خەتەرناکترین قۆناغی قەیرانەکەیە». 
لە وتارێکی دیکەشدا جوندیانی نووسیوێتی: «هەندێک لە شرۆڤەکاران و رووناکبیران پێیانوابوو کە سەرەنجام پارتی خیاری نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە کوردستاندا هەڵدەبژێرێت، بەڵام لە 31ی ئابی 1997 مەسعود بارزانی راشکاوانە رای خۆی ساغکردەوە و بە تێزێکی مەغرورانەی تازەوە دەرگای بەڕووی هەموو ئومێدەکانی ئاشتیدا داخست» و دەڵێت: «پارتی بێ ئەوەی شەرم بکات، لە هەولێردا ئاهەنگی بۆ خیانەتی (ئاب) گێڕا».

بابەتە پەیوەندیدارەکان