پ.ی.د. سامان مستەفا
دەستپێک
ئەرشیفی عوسمانی پڕە لە بەڵگەنامەی رەسمی کە تژیین لە زانیاری سەرنجڕاکێشی نەبیستراو و نەبینراو لەمەڕ بابەتی: مێژووی سیاسی، ئابووری، کەلتوریی و ئایینی کۆمەڵگەی کوردی، کە دۆزینەوە و ساغکرنەوەیان دەتوانێت تۆزی سەر چەندان راستەقینەی مێژوومان بۆ بتەکێنێت و چەندان گۆشەی تاریکی مێژووی کوردمان بۆ رووناک بکاتەوە و وەڵامی چەندان پرسیاری بێ وەڵامی مێژووی کورد بداتەوە.
هەروەها جودا لە تۆمارکردنی رووداوە ئاسایی و یاساییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی، زۆرجار چەندان رووداوی سەیر و سەرنجڕاکێشیش لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کراون، لەو رووداوە سەرنج راکێشانەش بەسەرهاتی دۆزینەوەی سککەی دێرینە و بەردی بەنرخ و چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵیاندا لەم ناوچانەی کە سەدان فەرسەخ لە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانییەوە دوور بوون.
لەم دۆسییەدا بەسەرهاتی دۆزیینەوەی سەدان سککەی دێرینەی ئیسلامی و کریستییان دەخەینەڕوو کە لە ساڵی 1852 لە گوندی عەربەتی سەربە سەنجەقی ئەوکاتی سلێمانی دۆزراونەتەوە، دواتر بەگوێرەی رێوشوێن و دابی ئیداری ئەو کات، سککە دۆزراوەکان لەگەڵ نووسراوی رەسمی نێردراون بۆ ئەستەمبوڵ تاوەکو جۆر و بەهای سککەکان و چۆنییەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەیسەکەدا بۆ روونبکەنەوە.
ژمارە و جۆری سککە دۆزراوەکان
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەیەکی رەسمی ئەرشیفی عوسمانی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ( 22/ جەمادی الاخر 1268کۆچی / 13/ نیسانی 1852ز) لە گوندی عەربەت لە سەنجەقی سلێمانی بڕێک سکەی دێرینە دۆزراوەتەوە، دواتر، لەگەڵ وردەکاری ئەم رووداوە، نووسراو لەبارەی ئەوەی ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و چی لەو سکە دێرینە بەنرخانە بکەن لەگەڵ راپۆرتێکی مەجلیس (ئەحکامی عەدلییە) نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایشی دەوڵەتی عوسمانی، وەک لەو نووسراوەدا کە( لەلایەن دائیرەی مەکتوبی قەلەمی عمومی ویلایەت ئەڤراقی- لە نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشت ویلایەتەکان لە سەرۆکایەتی حکومەت)ەوە بۆ قایمقامییەتی سلێمانی نێردراوە ئاماژە بەوە کراوە: سککەکان لە: 606 سکەی کوفی ئیسلامی و 38 ئاقچەی کریستیان پێکهاتوون.
دیارییکردنی جۆر و بەهای سککە دێریینەکان
دوای ئەوەی تەواوی سککە دۆزراوەکان هاوپێچ لەگەڵ نووسراوی دەسەڵاتی لۆکاڵی سلێمانی لەو بارەیەوە نێردراوە بۆ مەجلیسی ئەحکامی عەدلییە لە پایتەخت، ئەوانیش دوای هاوپێچ کردنی نووسراو و راپۆرتی خۆیان سککەکانیان ناردۆتە خەزێنەی تایبەتی شاهانە و ئەوانیش هەستاون بە دیارییکردنی جۆری سککەکان و کێشان و پێوانەکردنیان، دوای تەواوکردنی پڕۆسەی کێشان و پێوانەکردنی سککەکان روونیانکردۆتەوە کە ئەوانەی ناوی ئیسلامییان لەسەربووە، عەیاری ریالی بوون و بە هەمووی 576 درهەم بوون، هەر درهەمێکیش 112 پارە بووە، کە کۆی گشتی بەهاکەیان 1612 قروش خەمڵێنراوە. هەرچی سککە کریستیانییەکانیشە بە 45 درهەم قەبڵێنراوە، هەر درهەمێکیشی 104 پارە، بەهای بە هەر درهەمێکیش لەو سککانە بە 117 قروش خەمڵێنراوە، بەهای کۆی گشتی سککەکان بە گوێرەی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی تایبەتی شاهانە بریتی بووە لە 1729 و نیو قروش.
چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سککە دۆزراوەکان
هەرچی سەبارەت بەچۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ کەیسی سککە دۆزراوەکان لەو نووسراوەدا کە وەک وەڵام بۆ قایمقامییەتی سلێمانی نێردراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، سێیەکی سککە ئیسلامییەکان، و پێنج یەکی ئاقچە کریستیانییەکان، واتا 1098 هەزار و نەوەت و هەشت قروش دەبێتە هی خەزێنەی دەوڵەت، ئەوەشی دەمێنێتەوە، 631 شەش سەت و سی و یەک قروش و هەش پارەی دەدرێتەوە بەو کەسانەی دۆزیویانەتەوە، ئەو شەش سەت و سی و یەک قروش و هەشت پارەیە دەبێت لەلایەن سندوقی دارایی لیوای ناوبراوەوە بە سەنەدی وەرگرتن پێیان بدرێت و ئەوەش روونبکرێتەوە ئەو بڕە پارە لەچ پارەیەک دراوەتە ئەو کەسانەی سککەکانیان دۆزیوەتوە و ئەو سەندانە بە شێوەی خشتە بنێردرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و وەزارەتیان لێ ئاگاداربکرێتەوە.
ماوەتەوە بڵێم ئەوەی جێگەی سەرنجە هەم دەسەڵاتی لۆکاڵی ئەوکاتی سلێمانی و هەمیش ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی وەک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چەند بەشێوەیەکی هەستیار و ورد و بیرۆکراتییانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو سککە دێرینە دۆزراوانەدا کردووە کە چەندان میل لە دوور سەنتەری دەسەڵاتەکە و لە گوندێکی دوورە دەستدا دۆزراونەتەوە. لەوەش زیاتر هەم سککەکان وەک شوێنەوارێکی مێژووی براونەتە خەزێنەی تایبەتی دەوڵەت و هەمیش ئەوانەی سککەکانیان دۆزیوەتەوە لە دەسکەوتی ماددی دۆزینەوەی سککەکان بێبەشنەکراون و دوای خەمڵاندن بە ئەندازەی پێویست بەشیان بۆ جیاکراوەتەوە.
سەرچاوە:
BOA. A. MKT.UM.527-44.