شه‌هید جوامێر، جوامێره‌كه‌ی تیپی 91ی سه‌فین

11:43 - 2024-09-02
کوردستان
168 جار خوێندراوەتەوە

حه‌یده‌ر مه‌نتك

به‌مانای‌ وشه‌ جوامێر له‌ رێبازی كوردایه‌تیدا، ده‌رچووی‌ كۆلێژ و كه‌سێكی‌ رۆشنبیر و كراوه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ خۆی‌ بوو، ئه‌وینی‌ خاك و نیشتمان، هه‌ستكردن به‌ پێویستیی خه‌بات هانده‌ر بوو كه‌ جوامێره‌ی له‌مه‌ڕخۆمان تێكه‌ڵ به‌ دنیای سیاسه‌ت وكاری‌ رێكخراوه‌یی ببێت، ئه‌مانه‌و چه‌ندین لایه‌نی‌ تری‌ شۆڕشگێڕی‌ و كوردایه‌تی‌ وایان له‌ كاك جوامێركرد خۆی نه‌زری نیشتمان بكات.
یاسین سه‌عید كه‌ ناسراوه‌ به‌ جوامێر، كوڕه‌ جوتیارێكی‌ گوندی‌ داره‌تووی‌ نزیك هه‌ولێربوو،  ساڵی‌ 1981 وه‌ك كادرێكی هۆشیار و پێگه‌یشتوو رویكرده‌ چیا و په‌یوه‌ندیكرد به‌ (ملازم خوله‌) له‌ ناوچه‌ی‌ خۆشناوه‌تی‌. 
كادێرێكی‌ دڵسۆز و شاره‌زابوو له‌ كاری‌ رێكخستن و خه‌باتی رێكخراوه‌یی، خاوه‌ن ئاستێكی به‌رزی رۆشنبیری‌ بوو، دواتریش بوو به‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ چالاك و ئازای ناو داستان و نه‌به‌ردییه‌كان، فه‌رمانده‌یه‌كی خاكی و خۆشه‌ویست و ره‌وشتبه‌رز و خۆنه‌ویست.
له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان و هاوسه‌نگه‌رانی و هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئاساییش بوایه‌، رێز و ئه‌ده‌بێكی ده‌گمه‌نی ده‌نواند و به‌ بایه‌خه‌وه‌ گوێی بۆ راده‌گرتن، هونه‌ری مامه‌ڵه‌ و گفتوگۆی وای كردبوو هه‌موان خۆشیان بووێت، پله‌ و پێگه‌ سیاسی و سه‌ربازی و رۆشنبیرییه‌كه‌ی نه‌ببووه‌ هۆی جیاوازی و خۆهه‌ڵاوێركردن له‌ خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ و له‌ هه‌ڤاڵانی خوارووی خۆی، ته‌نانه‌ت به‌ قسه‌خۆش و به‌ پێزه‌كانی مه‌جلیسی بۆ گه‌رم ده‌كردن، وای لێهاتبوو ئه‌و له‌كوێ بوایه‌ پێشمه‌رگه‌كانیش له‌وێ‌ ده‌بوون، خه‌ڵكی ئاسایی گوند و پیاوماقولان هه‌ر له‌وێ بوون، هه‌موو ئه‌مانه‌ش كردبوویه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ری.
پێشمه‌رگه‌ی دێرین، هه‌ڤاڵ مامۆستا به‌كر مسته‌فا له‌ باره‌ی شه‌هید جوامێره‌وه‌ ده‌ڵێت:  له‌ خێزانێكی‌ جووتیاری‌ كوردپه‌روه‌ر گه‌وره‌ بووه‌، ساڵی‌ 1981 په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید (ملازم خوله‌)ی فه‌رمانده‌ی تیپه‌ماندا دروستكردبوو و هاته‌ ده‌ره‌وه‌.
وتیشی: دیاره‌ شه‌هید جوامێر ببوو به‌ سه‌ربازی سوپای عیراق و به‌هۆی‌ بڕوانامه‌كه‌یه‌وه‌ به‌شداریی خولێكی‌ (سارۆخی‌ دژه‌ فڕۆكه‌)ی كردبوو و به‌ پله‌ی‌ (ئیمتیاز) ده‌رچوو بوو، به‌ڵام زوو له‌ سه‌ربازی‌ رایكرد و  به‌ كڵاشینكۆفێك و شه‌ش مه‌خزه‌نی پڕ له‌ فیشه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكرد به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕش زۆر گرنگ بوو.
ئه‌و هاوڕێیه‌ی شه‌هید جوامێر وتیشی: یه‌كه‌مجار له‌بناری‌ شاخی‌ ئاوه‌گرد بینیمان، ئێمه‌ له‌ نازه‌نینه‌وه‌ ده‌چووین بۆ سماقوڵی‌ و ئه‌ویش له‌ سماقوڵییه‌وه‌ به‌ره‌ولای ئێمه‌ ده‌هات، له‌ نیوه‌ی‌ رێگه‌ تووشمان بوو، له‌گه‌ڵ من گه‌ڕایه‌وه‌ و پرسیاری شه‌هید (ملازم خوله‌ی‌) كرد، وتم: له‌گه‌ڵماندایه‌، دواتر ده‌یبینی‌.
من پرسیاری‌ زۆرم لێكرد، دیاربوو كه‌سێكی‌ به‌ئاگاو شاره‌زا بوو و به‌ بیروباوه‌ڕه‌وه‌ هاتبوو، ئاماده‌ی هه‌موو شتێك بوو بۆ خزمه‌تی‌ كوردایه‌تی‌.
له‌كۆتایشدا وتی: شه‌هید جوامێر گه‌نجێكی‌ زۆر قۆز و قیافه‌یه‌كی‌ زۆر رێك و جوانی‌ هه‌بوو، هه‌رده‌تگوت بۆ پێشمه‌رگایه‌تی‌ دروستبووه‌، چوست و چالاك بوو، له‌ یه‌كه‌م ساتی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ وا ده‌هات پێش چاو كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، لێزان بوو له‌ به‌كارهێنانی چه‌ك و شه‌ڕ و رووداوه‌كاندا، له‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا گونجاو بوو، زۆر به‌ مشورو ئیداری‌ بوو، ره‌وشت به‌رزوو ده‌م به‌ خه‌نده‌بوو، له‌ رۆیشتندا چالاك و گورج بوو، هه‌موو پله‌كانی‌ بڕی‌ و بووه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ تیپی‌ 91ی‌ سه‌فین.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید یاسین سه‌عید جوامێر ده‌لۆ ناسراو به‌ جوامێر، له‌دایكبوونی ساڵی‌ 1956ی
گوندی‌ داره‌تووی پارێزگای‌ هه‌ولێره‌.
ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی موسڵه‌.
ساڵی‌ 1977 په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی‌ 1981 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ قوه‌تی‌ خۆشناوه‌تی‌.
به‌شداریی چه‌ندین نه‌به‌ردیی كردووه‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا بووه‌، پله‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی بڕیوه‌، فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت بووه‌ له‌ تیپی‌ 83ی‌ هه‌ورێ، دواتر گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ تیپی‌91ی‌ سه‌فین و دوای ماوه‌یه‌ك كراوه‌ته‌ جێگری فه‌رمانده‌ی ئه‌و تیپه‌.
سێیه‌م شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی.
رۆژی 24/6/1987 له‌ گوندی‌ نازه‌نین شه‌هیدكرا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان