شه‌هیدبوون، به‌ڵێنی فه‌رمانده‌یه‌ك

11:51 - 2024-09-02
کوردستان
116 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكه‌یی


شه‌هیدی نه‌مر ئیسماعیل فه‌قێ عه‌بدولڕه‌حمان ناسراو به‌ ئیسماعیل ونكه‌یی، له‌ دایكبووی ساڵی 1954ی شاری هه‌ولێره‌ و تا پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی خوێندووه‌.
شه‌هید ئیسماعیل له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ر په‌روه‌رده‌بووه‌ و له‌ ته‌مه‌نێكی كه‌مدا بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول له‌لای شه‌هیدی سه‌ركرده‌ دكتۆر خالید سه‌عید، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وكاته‌ به‌ته‌مه‌ن زۆر بچووك بووه‌، به‌ڵام ده‌بێته‌ خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌رو هاوڕێكانی، له‌ شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌دا له‌گرتنی چیای شیشار رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه‌، بۆیه‌ شه‌هید دكتۆر خالید پله‌ی سه‌رده‌سته‌ی ئه‌وسای پێ ده‌به‌خشێت.
ساڵی 1978 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌، چالاكانه‌ و چاونه‌ترسانه‌ كاره‌كانی رێكخستنی ئه‌نجامداوه‌، ساڵی 1980 خه‌باتی شارو شاخی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ و بۆته‌وه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، دواتر له‌ كه‌رتی سێی تیپی 91ی سه‌فین درێژه‌ی به‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی داوه‌.
له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕو داستانی دژ به‌ رژێمی به‌عس كردووه‌، له‌وانه‌: شه‌ڕه‌كانی جاده‌ی نێوان كۆیه‌ و هه‌ولێر و گرتنی ره‌بایه‌كانی لۆفه‌ی خانزاد-رێگه‌ی مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین و باره‌گای  فه‌وجی گه‌رۆته‌ و زنجیره‌ ره‌بایه‌كانی رێگه‌ی هیران- شه‌قڵاوه‌ و مه‌ڵبه‌ندی سێی رێكخستنی هه‌ولێر، هه‌روه‌ها به‌شداریكردووه‌ له‌ لێدانی ئه‌منی ته‌واری ناوشاری هه‌ولێر و گه‌ڕه‌كی مه‌نتكاوه‌ و گرتنی بیره‌نه‌وته‌كانی كه‌ركوك و شه‌ڕی سێ مانگه‌ی قه‌یوان-ماوه‌ت و  داستانی رزگاری.
شه‌هید رۆڵی باڵای هه‌بووه‌ له‌ شه‌ڕه‌كاندا و جارێكیش برینداركراوه‌، له‌به‌ر لێهاتوویی و دڵسۆزیی كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌یی كه‌رتی سێی تیپی 91ی سه‌فین.
كاتێك نه‌خشه‌ی ئازادكردنی ناحیه‌ی دێگه‌ڵه‌ داده‌ڕێژرا، ئیسماعیل ونكه‌یی وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی ئازا سه‌ختترین ره‌بایه‌ی بۆخۆی دانابوو كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ری و به‌ڵێنیشی به‌سه‌رپه‌رشتیاری گشتی شه‌ڕه‌كه‌ دابوو كه‌ یان ده‌بێت ره‌بایه‌كه‌ بگرێت یان ده‌بێت شه‌هیدبێت، له‌راستیدا هه‌ردوو به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌جێهێنا، شه‌وی 3\4/9/1987 شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و ره‌بایه‌كه‌ی گرت، له‌هه‌مان كاتدا شه‌هیدكرا و بووه‌ حه‌وته‌مین شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌كه‌ی.
 

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان