سزای لە سێدارەدان هێنانەدی دادپەروەرییە یان تۆڵەکردنەوە؟

09:51 - 2022-06-29
ڕاپۆرت
2530 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد 

سزای لەسێدارەدان واتە کوشتنی کەسێک بە فەرمانی دادوەر وەک سزا بۆ پێشگرتنی گشتیی و قەدەغکردنی ئەو کارەی کە سزادرا و کردویەتی، ئەو تاوانانەش کە سزاکەیان کوشتنە بە تاوانی مەرگ ناو دەبرێن و سزای مەرگ گرانترین سزایە کە بۆ مرۆڤ دەبڕدرێتەوە و زیاتر دەوڵەت بڕیارەکەی دەدات.
لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان سزای لەسێدارەدان هەیە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی راگیراوە و لە رووی کردارییەوە جێبەجێ ناکرێت، بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان راگیراوە وەک ئاماژەیەک بۆ مرۆڤ دۆستی و پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان. 
لە هەرێم ماوەى 14 ساڵە سزای لەسێدارەدان راگیراوە و جێبەجێ ناکرێت، دواینجاریش کە ئەو سزایە بەسەر کەسێکدا جێبەجێکرابێت، ساڵى 2007 لە شارى دهۆک بوو.
سلێمان موحسین وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیاند، راگیران یان جێبەجێ نەکردنی سزای لەسێدارەدان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و ئەوە کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، ئەوان وەک دەستەی مافی مرۆڤ رێز لە بڕیاری دادگاکان دەگرن و نایانەوێت هیچ تاوانبارێک لە سزا هەڵبێت، بەڵام لەگەڵ کوشتنی مرۆڤ و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا نین.
ئەو تاوانانەش کە لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە لە یاسای سزادانی عیراقیدا دیاری کراون، وەک کوشتنی بە ئەنقەست، تیرۆر و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان.
وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا دەکات مادام سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، سزاکە لە دادگاکان لاببرێت و بکرێتە هەتا هەتایی.
408 کەس بە لە سێدارەدان  سزا دراون
بەپێی ئامارێکی دەستەی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 408 کەس هەن بە لەسێدارەدان سزا دراون و لە گرتووخانەکانن  بەشێوەیەک، لە پارێزگای هەولێر 150 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 158 کەس و لە پارێزگای دهۆک 100 کەس بە سێدارە سزا دراون.
دوو بۆچوون لەسەر ئەو پرسە هاتووەتە ئاراوە، هەندێک لەگەڵ ئەوەدان سزاى لەسێدارەدان هەبێت و جێبەجێبکرێت کە زیاتر کەسوکاری ئەو کەسانەن کە تاوانیان بەرامبەر کراوە، هەندێکى دیکەش لەگەڵ ئەوەدان ئەو سزایە لە هەرێم جێبەجێ نەکرێت و پێیانوایە کەسی تاوانبار هەرچییەکی کردبێت نابێت ژیانی لێ وەربگیرێتەوە.
چۆمان مەحمود توێژەری کۆمەڵایەتی وتی: بۆ ئەوەی دادپەروەری لەنێوان تاکەکان وەک یەک بێتە ئاراوە پێویستە یاسا وەک خۆی بەسەر هەمواندا جێبەجێ بکرێت و کەوتنە ژێر کاریگەریی قسەی گروپ یان کەسانێکی دیاریکراو یان کەسانی تاوانلێکراو بۆ جێبەجێکردن یان نەکردنی سزایەک پشێوی کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاراوە.
وتیشی، داواکاریی کەسوکاری تاوانلێکراوێک بۆ بەسزا گەیاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسی تاوانباردا لە دڵ گەرمی و بێتاقەتی کەسوکاری تاوانلێکراوەکەیە و ئەو کەسانە پێویستیان بە دڵدانەوەیە بۆ ئەوەی نادادی کۆمەڵایەتی دروست نەبێت پێویستە یاسا سەروەر بێت.
بیانوەکانی جێبەجێ نەکردنی سزای لەسێدارەدان
تەنها لەناو کەسوکاری تاوانباران و تاوان لێکراواندا ناکۆکی نییە لەسەر جێبەجێکردن و جێبەجێ نەکردنی سزای لە سێدارەدان، بەڵکو مشتومڕ و جیاوازیەکی قووڵ لەسەر سزای لەسێدارەدان هەیە بەتایبەت لەناو یاسا ناسان و شارەزایانی ئەو بوارەشدا رای جیاواز هەیە.
بەڵگە و بنەمای ئەو یاساییانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی و جێبەجێ نەکردنی سزای لە سێدارەدان دەکەن ئەمانەن:
1- سزاکە دەستدرێژییە بۆ سەر مافی ژیان: لێسەندنەوەی مافی ژیان لە کەسێک جیاوازی نییە کەسێكی ئاسایی بیکات یان دەوڵەت.
2-سزاکە چارەسەر نییە بۆ رێگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی تاوان.
3-سزاکە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و ناکرێت زیانەکەی قەرەبوو بکرێتەوە ئەگەر لە داهاتوو دەرکەوت کەسەکە بێتاوان بووە.
4- لەڕووی کردارییەوە و لە زۆرێک لە وڵاتان سزاکە زیاتر بەسەر کەسانی هەژار دا جێبەجێ دەبێت ئەوانەی توانای دابینکردنی پارێزەریان نییە.
5- دەکرێ سزاکە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی سیستمیان دیموکراسی نییە.
لایەنگرانی سزای لەسێدارەدان
لە هەمانکاتدا لایەنگرانی سزای لەسێدارەدان لەبەر چەند هۆکارێک داوای جێبەجێکردنی سزاکە دەکەن لەوانە:
1- دروستکردنی ترسی گشتی: سزای لەسێدارەدان کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی ترسێکی گشتی لای تاك و کۆمەڵگە لەوەی تاوان بکەن.
2- نەبوونی سزای جێگرەوە بۆ لەسێدارەدان: هیچ سزایەکی تر ناتوانێت وەک لەسێدارەدان رووبەڕووی تاوانە ترسناك و بە زیانەکان ببێتەوە و تاوانبارە ترسناکەکان رابگرێت لەوەی تاوانی گەورە بکەن.
3- بەدیهێنانی دادپەورەری: لایەنگرانی سزاکە پێیانوایە لەسێدارەدان سزایەکی دادپەروەرانەیە  بۆ ترسناکی ئەو تاوانەی کەسی تاوانبار کردویەتی.
لە 58 وڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکرێت و بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەشێکیان ئەو سزایەیان بەکارهێناوە بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانیان و کپکردنەوەی دەنگی ناڕازی سیاسی لە وڵاتەکانیاندا کەمجار لەو وڵاتانە لەسێدارەدان بەکارهاتووە بۆ سزادانی تاوانبارە راستەقینەکان.
ئەو وڵاتانەی لە ریزبەندی یەکەمدان لە چەسپاندنی  بنەماکانی مافی مرۆڤ، ئەوانەن کە سزای لە سێدارەدانیان هەڵگرتووە و جێبەجێ ناکرێت، لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کەس هەن کە بە لەسێدارەدان سزا دراون، بەڵام سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ ناکرێت و ژمارەشیان لە بەرزبوونەوەدایە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان