بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، چوونە نوێنەران

نوێنەری جووتیاران: سەركەوتنمان بەدەستهێنا

01:14 - 2024-09-05
کوردستان
84 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
هەریەك لە فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و فەرماندەی فیرقەی 11 و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك بانگهێشتی نوێنەرانی عیراق دەكرێن بۆ لێكۆڵینەوە و چارەسەركردنی كێشەی جووتیارانی كوردی گوندی تۆپزاوای كەركوك، نوێنەری جووتیارانی گوندەكەش رایدەگەیەنێت: بۆ چارەسەركردنی كێشەی جووتیاران ئامادەی كۆبوونەوە بووین لەگەڵ لیژنەی مادەی 140 بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، لە یەكەم دانیشتنیشدا سەركەوتنمان بەدەستهێنا.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، ساتیع ناسیح نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوای كەركوك، كە خۆی یەكێك بوو لە ئەندامانی كۆبوونەوەكە، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە كێشەی زەویوزاری جووتیارانی تۆپزاوا، چونكە ماوەی دوو ساڵە فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و فیرقەی 11 لە سنووری گوندەكە جێگیركران و لە ماوەی رابردوودا كێشە و گرفتی زۆریان بۆ جووتیارانی ئەو ناوچەیە دروستكردووە و دەستیان بەسەر سەدان پارچە زەوی جووتیارانی ئەو گوندەدا گرتووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە دانیشتنەكەدا توانیمان بەبەڵگەو دۆكیومێنت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بسەلمێنین كە سوپا بەسەدان دۆنم زەوی جووتیارانی ئەو سنوورەی داگیركردووە و ئێستاش بەنیازە زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەوی دیكە لە گوندەكە داگیر بكات بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ سوپا، هەروەها دروستكردن و فراوانكردنی سەربازگە كۆنەكە، ئەم كارەی سوپاش سەرپێچییە لە بڕیارەكانی مادەی 140ی دەستووری عیراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی عیراق پاڵپشتی قسەكانی ئێمەیان كرد و دەستبەجێ دەستیان بە لێپرسینەوە لەو دوو فەرماندەیە و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك كرد، بڕیاریشە لە دانیشتنەكانی داهاتوودا بانگهێشتی هەریەك لە وەزیری بەرگریی و وەزیری كشتوكاڵ ‌و هادی عامری سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 بكرێت بۆ روونكردنەوە لەبارەی پێشێلکارییەكانی سوپا، چونكە ئەوان پێشێلی دەستوریان كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان