سالار یاسین
لە مێژووی سینەمای ئەمریکیدا زۆر فیلم لەسەر مافیا و رۆڵی مافیا بەرهەم هاتووە، ئەو فیلمانە هەمە جۆرن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بەسەر دوو جۆر دابەشیان بکەین: جۆری یەکەمیان ئەو فیلمانەن ئەکشنیان زۆر زیاترە لە فیکرە و چیرۆکی فیلمەکە، واتە چیرۆک و فیکرەی سەرەکی ناو فیلمەکە بە تەواوی لە ناو ئەکشندا نقووم بووە، لەبەرئەوە ئەو فیلمانە لاوازن و یادەوەرییەک لە لای بینەر دروست ناکەن. بەڵام جۆری دووهەمیان ئەو فیلمانەن چیرۆک و فیکرەکەی لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و دەکرێت لە چەند روویەکەوە مرۆڤ حیکمەتی لێوە فێربێ، ئەو فیلمانە چەندە دیمەنی ئەکشن و توندوتیژی تێدابێ، لە خزمەتی گەیاندنی فیکرە و چیرۆکی فیلمەکە دایە. ئەو فیلمانە دەرهێنەر و ئەکتەرەکانیان لە ئاستێکی زۆر بەرز و جیهانییدان و هەرچەندە کۆنیش بن، بینەریان لە زیادبووندایە و کاریگەرییان لەسەر یادەوەری هەیە.
فیلمی کازینۆ
فیلمی (Casino) «کازینۆ یان گازینۆ»چیرۆکێکی راستەقینەیە و بە یەکێک لە جوانترین فیلمەکان دادەنرێت کە لەسەر مافیا بەرهەم هاتبێت، ئەگەر فیلمەکانی(The Godfather،Good fellas،Donnie Brassco،The untouchables) زۆر فیلمی تریش کە لێرەدا ناتوانم ناوەکانیان بنووسم، بە باشترین فیلمەکانی دونیای مافیا دابنرێت، ئەوە فیلمی(Casino) جگە لە فیلمی(The Godfather) دەتوانم بڵێم لە سەرووی هەموویانە.
ئەو فیلمە لە ساڵی 1995دا بەرهەم هاتووە، دەرهێنەرەکەی Martin Scorsese بە یەکێک لە باشترین دەرهێنەرەکانی سینەمای ئەمریکی دادەنرێت و دەرهێنەری زۆر فیلمی گرنگە، لێرەدا ناوی چەند فیلمێک دەهێنم:
goodfellas،taxi Driver،mean streets ،The Irish man ،killers of the flower moon
فیلمی کازینۆ خەڵاتی (Golden globe) بەدەستهێناوە، نزیکەی 40 تا 50 ملیۆن دۆلاری تێچووەو نزیکەی 116 ملیۆن دۆلاری بەرهەمهێناوە، لەو فیلمەدا کۆمەڵێک ئەکتەری زۆر بەشداریان کردووە، لێرەدا تەنها ناوی چەند کەسێکیان دەنووسم:
Robert De Niro رۆڵی « سام» دەبینێت
Joe Pesci رۆڵی « نیکی « دەبینێت
Sharon Ston رۆڵی « گینگەر» دەبینێت
James woods رۆڵی « لاستەر» دەبینێت
کازینۆ فیلمێکی نۆرماڵ نییە و تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، ئەو جۆرە فیلمە دەبێت دیقەت لە دیالۆگ و دەستەواژە و هەڵسوکەوتەکان بددەیت، بۆیە کاتێک سەیری ئەو فیلمە دەکەیت دەبێت کاتێکی گونجاوی بۆ تەرخان بکەیت و دڵنیابیی بۆ ماوەی دوو یان سێ سەعاتی تر هیچ کارێکت بۆ نایەتە پێش، ئەو کاتەش باشتر دەتوانی تەرکیز بکەیت و چێژ لە فیلمەکە وەرگریت.
فیلمی (Casino) کازینۆ، چیرۆکێکی راستەقینەیە و بە یەکێک لە جوانترین فیلمەکان دادەنرێت کە لەسەر مافیا بەرهەم هاتبێت، ئەو فیلمە باسی گروپێک مافیا دەکات لە شاری لاس ڤێگاس کە خاوەنی گەورەترین قومارخانەن
شاری لاس ڤێگاس
ئەو فیلمە باسی گروپێک مافیا دەکات لە شاری لاس ڤێگاس کە خاوەنی گەورەترین قومارخانەن، لاس ڤێگاس شارێکی جوان و دڵگیرە وەک باس دەکرێت، شەو و رۆژی وەکو یەکی لێهاتووە، بەسەدان هوتێل و قومارخانە و یانەی شەوانەی تێدایە، شوێنێکی گەشتیاری خۆشە و لە ئاستی هەموو جیهان و ناوخۆی ئەمریکا خەڵک رووی تێدەکەن، ئەویش یان بۆ قومارکردن بێ یان بۆ کات بەسەر بردنبێ.
لەو فیلمەدا جگە لە رووە جوانەکەی لاس ڤێگاس، رووە ناشیرینەکەی ئەو شارە پیشان دەدات، ئەو رووە تاریکەی دوورە لە هەموو ئینسانیەتێک و تەنها پیلانگێڕی و شەڕ و پێکدادانی مافیاکانی تێدایە. لە بارەی شاری لاس ڤێگاسەوە(سام) لە یەکەم دیدارییدا لەگەڵ (نیکی) پێی دەڵێت: (ئاگاداربە ئێرە گاڵتەنییە وەک باک هۆم «مەبەستی ئیتالیایە» ییە، لێرە دەبێت کێرڤی پرۆفایلەکەت لە خوارەوە بێ، خەڵکی ئێرە و کابۆییەکانی، حەز بە ئێمەمانان ناکەن) مەبەستی ئەوەیە کە هەموو شتێک بە بێ دەنگی بڕوات و دوور لە شەڕ و توندوتیژی، بەتایبەت ئەو مۆڵەتی بەرێوەبردنی کازینۆی نییە، بۆیە ئاگاداری(نیکی) دەکاتەوە کە هیچ شەڕ و ئاژاوەیەک دروست نەکات، تاوەکو ئەو مۆڵەتەی بەدەست دێنێت، بەڵام (نیکی) لە لایەکی ترەوە بۆ مەسەلەکە دەڕوانێت و دەڵێت:(نیگەران مەبە سەبارەت بە مۆڵەتەکە من نابم بە کێشە بۆت، بەڵام سەیری ئەو شارە بکە چ پارەیەکی لێ دەردێت، باشترین شت لەو شارە ئەوەیە، کەس نازانێت ئێمە چی دەکەین، کەسیش ئێمە نابینێ خەریکی چین)
هەڵبەتە مەبەستی گەورەیی شارەکەیە کە کەس بە کەسە، وەک لای خۆمان دەڵێن: شار بێ خاوەنە. لە دیمەنێکی تردا دەڵێت: ئەو کارە نایاساییانەی لێرە لەسەری خەڵات دەکرێن، لە باک هۆم(مەبەستی ئیتاڵیایە) لەسەری زیندان دەکرێن.
لە فیلمەکەدا (سام) واتە (Robert De Niro)کارەکتەری سەرەکییە و رۆڵێکی زۆر جوانی هەیە، تەنها لە جلوبەرگدا 70 جۆری ستایلی جلی بۆ کراوە و لە بەری کردووە، کەسێکی زیرەک و باوەڕ بەخۆیە، سەرچاوەیەکی گرنگی پەیداکردنی پارەیە بۆ(ریمۆ) کە یەکێکە لە سەرکردەکانی ئەو گروپە مافیایە، هەر ئەویش دەستنیشانی(سام) دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بەرێوەبەری گەورەترین قومارخانە لە لاس ڤێگاس، هەروەها (نیکی) رادەسپێرێت کە ئاگاداری(سام) بێ و پارێزگاری لێبکات. لەلایەکی ترەوە (سام) و(نیکی) هاوڕێی منداڵی یەکترن، بەڵام دوو کەسێتی بە تەواوی لە یەکتری جیاوازن، (سام) کەسێکی نەرمونیانە و حەزی لێیە خۆی لە هەموو کێشەیەک بە دووربگرێت، بەڵام(نیکی) کەسێکی تەواو توندوتیژە و تەنها باوەڕی بە کوشتن هەیە بۆ دەربازبوون لە گرفتەکان.
هەر لە سەرەتاوە(سام) دەزانێت دەچێتە ناو یارییەکی ترسناکەوە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر باوەڕی بەخۆی هەیە، بۆیە سەرباری نەبوونی مۆڵەتی بەرێوەبردنی کازینۆ، بەڵام پۆستەکە وەردەگرێت، لەسەرەتادا کارەکانی زۆر بە باشی دەڕوات و لەو پارە خەیاڵییەی کە دەستیکەوتووە دڵی هەموویان خۆش دەکات بەتایبەت هەفتانە دووجار، دوو جانتای گەورەی دۆلار، بەبێ ئەوەی داخیلی حسابات بکرێت، یان باجی لێ بدرێت، بۆ سەرکردایەتی ئەو گروپە دەنێرێت، تیمی سەرکردایەتی گروپی مافیاکە، هێندە دڵیان بەو باردۆخە خۆش بوو، هەرگیز شتی وایان بۆ هەڵنەکەوتبوو، بۆیە لە جیاتی ئەوەی تەرکیزیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە بێت، هەر داوای پارەی زیاتریان دەکرد، لێرەوە هێواش هێواش بارودۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات تا کار گەیشتە ئەوەی کارمەندەکانی خوارەوە دزیان دەکرد، ئەوەش ترسەکەی لەوەدابوو بێ متمانەیی دروست دەکرد، لە میتینگێکدا یەکێک لە سەرکردەی ئەو گروپە مافیایە هەندێک قسەی کرد کە ماناکەی وادەکەوێتەوە، ئێمە خۆمان دزین چۆن رێگە دەدەین دزێکی تر بێت و دزی لە ئێمە بکات، ئایا دزی لە دز دەکرێ؟! بێگومان نەخێر.
لە فیلمەکەدا گرفتێکی تریان بەرەو روودەبێتەوە ئەویش (نیکی) دەیان تاوان لەو شارە ئەنجام دەدات، بەهۆیەوە(FBI) بەدواوەین بۆئەوەی بە بەڵگەوە بیگرن،(نیکی) هەرکاتێک بیەوێت بێتە دەرەوە دەبێ بۆ خۆ ونکردن لە(FBI) نزیکەی 10 تۆتۆمبیل بگۆڕێ، جگەلەوە بەردەوام ناوی لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە ئەوەش بۆ(سام) زۆر خراپە و ناوی دەکەوێتە ناو ناوان بەوەی برادەری (نیکی)یە.
ژنێکی سەرنجڕاکێش
کارەکتەری (Sheron ston) کە ناوی (گینگەر) رۆڵێکی زۆر جوانی هەیە خەڵاتی باشترین ئەکتەر وەردەگرێت، ستایلی جلوبەرگی تەواو لەگەڵ فیلمەکە گونجاوەو نزیکەی 40 جۆر ستایلی جلی بۆ کراوە، لە فیلمەکەدا ژنێکی زۆر جوان و بەرچاوە، بەڵام جوانی زۆرجار لە جیاتی ئەوەی چارەی کێشەت بۆ بکات، تووشی کێشەت دەکات، بەتایبەت ئەگەر جوانی عەقڵی لەگەڵ نەبێت، هەر موسیبەتێکە بۆ خۆی، ئەو ژنە زۆر پولەکییە و هەموو شتێک بۆ پارە دەکات ئەوەی بە ئینگلیزی پێی دەڵێن:(gold digger)
هەڵبەتە زۆر لە پیاوان حەز بەو جۆرە ژنانە دەکەن کە نرخیان هەیە و رۆڵی لەشفرۆش دەبینن، بەڵام بەنرخێکی زۆر تر(گینگەر)یش یەکێکە لەو ژنانە و پیاوێکی خۆشدەوێ بەناوی(لاستەر)کە(Jams woods) رۆڵەکەی بینیوە، ئەو پیاوە لە فیلمەکەدا کەسێکی زۆر فاشیلە و هەمیشە کێشەی پارەی هەیە و بەردەوام کێشەکی هەیە،(گینگەر) باوەڕی بە هاوسەرگیری نییە، بەڵام رازی دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ(سام) بکات، ئەوەش تەنها لەبەر بەرژەوەندیی دارایی، بۆیە لە پشت پیاوەکەیەوە، پەیوەندیی لەگەڵ(لاستەر) دەبەستێت و یارمەتی داراییە دەدات، واتە خیانەتی لە خۆشەویستەکەی کرد و هاوسەرگیری کرد، ئێستا خیانەت لە هاوسەرەکەی دەکات یارمەتی دارایی خۆشەویستەکەی دەدات. سەیری ئەو کەسایەتییە ئاڵۆزە بکەن، بەڵام لە هەمووی خراپتر ئەوە بوو کاتێک پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ(نیکی) ئەنجامدا، بە مەبەستی یارمەتیدانی بۆ دەرهێنانی پارەکانی لە بانک، پارەکانیش هەر (سام) پێیدابوو. لە لایەکی ترەوە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بووە بەشێوەیەک کە ئاگاداری خۆی نەبووە. لە دیمەنێکدا ئازاری کچەکەی دەدات و هەردوو دەستی دەبەستێتەوە و لە ماڵ بەجێی دەهێڵێت، لە هەموو ئەوانەشدا هەست بە پەشیمانی و هیچ هەڵەیەک ناکات، دواتر کە پارەکەی دەکەوێتە دەست هەمووی لە مادەی هۆشبەر خەرج دەکات و هەر بەهۆی ئەوەشەوە دەمرێت.
بەڵام ئەوەی یارییەکەی بەتەواوی تێکدا، ئەو پەیوەندییە بوو کە لەگەڵ (نیکی) دروستی کرد، چونکە ئەوە پێچەوانەی ئەو یاسایە بوو کە ئەو گروپە مافیایە باوەڕیان پێ بوو، کە نابێ هیچ کەس پەیوەندیی سێکسی یان خۆشەویستی لەگەڵ خێزانی هاوڕێکانی دروست بکات،(نیکی) جگە لە کێشەکانی تری، ئەوەش وای لێکرد کە بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە بیکوژن.
سەرباری هەموو ئەوانەش(سام) کەسیکی زۆر بەوەفایە بۆ هاوڕێکانی و داواکاری «ئێف بی ئای» رەت دەکاتەوە کە زانیاریان بداتێ. لە دوای گیرانی تەواوی ئەو گروپە مافیایە (سام) تاکە کەسە رزگاری دەبێت، کاتێک ئۆتۆمبیلەکەی دەتەقێننەوە. دەسەڵات و پارە دوو چەکی زۆر گرنگن بۆ کۆنترۆڵکردنی زۆر شت، بەڵام ئەگەر نەزانی بەکاریان بهێنیت، لە کۆتاییدا سەری خاوەنەکەی دەخوات.