״حكومەتی هەرێم هەمیشە پابەندبووە بە دەستوورەوە ئامادەیە بۆ رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ״

10:45 - 2022-06-30
کوردستان
879 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگی كرد.
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر خەڵك و ژێرخانی ئابووریی هەرێم، سەرۆك وەزیران رایگەیاند: ئامانج لەو هێرشانە زیانگەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی هەرێم و پەكخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە. بۆ ئەوەش وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران ئەركی خۆیان لە پارێزگاریكردن لە دامەزراوە نیشتمانییەكانی هەرێم، كە سەرچاوەی دابینكردنی مووچە و خەرجییە گشتییەكانی هەرێمن، جێبەجێ بكەن.
لە تەوەرێكی دیكەدا، تایبەت بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت، وتی: حكومەتی فیدراڵ، بەبێ هیچ پاساوێكی قانوونی و دەستووریی، هەرێمی كوردستان بێبەش دەكات لە شایستە داراییەكانی، كە لەكۆی 26 مانگ، تائێستا تەنیا بۆ ماوەی 13 مانگ بڕە پارەیەكی بەناوی پێشینەوە ناردووە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ رێكەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیارییەكانی سەبارەت بە داهات و خەرجی و قەرز و میلاكی وەزیفی، بە ژمارە خستۆتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عیراق، بۆیە هیچ چارەسەرێك لە دەرەوەی دەستوور قبووڵكراو نییە. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حكومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی عیراق دەكات كە گوشاری ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی لە بواری نەوت و گاز لە هەرێم رابگرن. هەروەها حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك داكۆكی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێم دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش دەستەیەكی یاسایی سەرقاڵی ئامادەكارییە.
پاشان، جێگری سەرۆك وەزیران، باسی لەوەكرد كە زانیاریی تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەكانی كردۆتەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و لێكۆڵینەوەی وردیش كراوە بۆ ئەوەی رێكاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر. وتیشی: هێرشە‌كان كراونە‌تە‌سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی كۆرمۆر نەك ئەو بەشەی كە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت.
هەروەها، ئەنجومەنی وەزیران، داوایكرد دەزگاكانی راگەیاندن، لە رووماڵكردنی رووداوەكاندا، بەرپرسیارانە و پیشەییانە رەفتاربكەن. 
تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستانیش بۆ ساڵی 2022، وەزیری دارایی و ئابووری وتی: بەوپێیەی یاسای بودجەی فیدراڵ كاریگەریی دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم و ئەمساڵ حكومەتی فیدراڵ تائێستا یاسای بودجەی نییە، ئەوەش وایكردووە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم، وەك رەشنووس بمێنێتەوە.

#ئەنجومەنی وەزیران

بابەتە پەیوەندیدارەکان