ماتیۆ بیرتینی ئه‌ستێره‌ی ئیتاڵی و یه‌كێك له به‌هێزترین پاڵێوراوان بۆ بردنه‌وه‌ی گراندسلامی ویمبڵدۆن به‌هۆی كۆرۆناوه پاشه‌كشه‌ی له پاڵه‌وانێتییه‌كه كرد.
بیرتینی له رێگه‌ی پێگه كۆمه‌ڵه‌یه‌تیه‌كانه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه داناوه به‌ناچاری پاشه‌كشه‌ی له پاڵه‌وانێتییه‌كه كردوه، ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م یاری بكات.
بیرتینی ریزبه‌ندی 11ی جیهانه و ساڵی رابردوو گه‌یشتبووه یاری كۆتایی ویمبڵدۆن و ئه‌مساڵیش به‌شداری دوو پاڵه‌وانێتی سه‌ر یاریگای چیمه‌ن كردوه‌و هه‌ردووكی بردۆته‌وه، بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌كرا ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوی ویمبڵدۆن بكات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی لێهاتووییه‌كه‌ی له‌سه‌ر یاریگای چیمه‌ن.
بیرتینی نووسیویه‌تی: به دڵێكی شكاوه‌وه پاشه‌كشه‌ی خۆم راده‌گه‌ینم له ویمبڵدۆن به‌هۆی كۆرۆناوه.
بیرتینی بووه دووه‌م یاریزانی ئاست به‌رز به‌هۆی كۆرۆناوه پاشه‌كشه‌ی بكات كه پێش ئه‌و مارین چیلیچی دووه‌می سالی 2017 پاشه‌كشه‌ی كرد.
بیریتینی نووسیویه‌تی: نیشانه‌ی ئه‌نفلۆنزام هه‌یه‌و چه‌ند رۆژێكه كه‌ره‌نتینه‌م، هه‌رچه‌نده نیشانه‌كان به‌هێز نین به‌ڵام دوای پشكنین ده‌ركه‌وت كه تووشی كۆرۆنا بووم.
له كۆتایشدا نووسیویه‌تی: هیچ وشه‌یه‌ك نییه وه‌سفی ئه‌و بێ هیواییه بكات كه تیایدام، خه‌ونه‌كه‌م ئه‌مساڵ له‌بارچوو به‌ڵام به‌هێزتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه.