رۆژی شەممە 14ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و هەڤاڵ جوتیار نوری، مامۆستا جەلال خێلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و دکتۆر زەینەدین ئامۆکەیی بریکاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و مامۆستا عەباس خدر سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لە رۆڵی جوامێرانەی مامۆستایانی ئاینی کرد لە پڕۆسەکانی چاکسازیی کومەڵایەتی و پتەوکردنی پایەکانی ئاکار و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دەستگرتن بە بنەما و خەسڵەتە جوان و بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، سەرباری نەخشی بەرچاویان لە تێکۆشانی نیشتمانیی و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستاندا، بەو پێیەی زۆربەی سەرکردە و کاراکتەرە سەرەکییەکانی شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردستان کەسایەتی ئاینی بوون یان لەژێر کاریگەریی گوتاری زانایانی ئاینیدا بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆک مام جەلال رابەری گەورەی کۆچکردوو، بەگرنگی و بایەخەوە لە پێگەی مامۆستایانی ئاینی دەڕوانیی و هەمیشە لە پەیوەندیدابوو لەگەڵیاندا و پێشنیارەکانیانی بەهەند وەردەگرتن و داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ دەکردن. لە ئێستاشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەسەر هەمان رێچکە بایەخی تایبەتی دەدات بە زانایانی ئاینی و رێز لە تێڕوانین و سەرنجەکانیان دەگرێت و کاریان لەسەر دەکات، بۆ لەمەودواش ئەو بایەخدانە زیاتر دەبێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، داوای لە مامۆستایانی ئاینی کرد، مینەبەرەکانیان بکەنە سەکۆیەک بۆ مکوڕکردنی رایەڵەکانی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان و کارکردن جددی بۆ هێورکردنەوە و نەهێشتنی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان. هاوکات گیانی خۆشویستنی خاک و وڵات و داکۆکیکردن لە حکومەتی هەرێم لەنێو گەنجان و چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەدا پەرە پێبدەن، ئەو حکومەتەی بەری رەنج و فیداکاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بێ گومان جیاوازیی هەیە لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی کە دەکرێت رەخنەی لێبگرین و هەوڵی چاکسازیی بدەین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە مامۆستا جەلال خێلانی و دکتۆر زەینەدین ئامۆکەیی لە دوو وتەی جیاجیادا سەرنجیان خستەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە مامۆستایانی ئاینی و لەو بارەیەوە کۆمەڵێک پێشنیاریان خستەڕوو.
هاوکات دابان شەدەڵە، باسی لە کێشە و ئاڵینگارییەکانی بەردەم کارەکانی حکومەتی هەرێم کرد و هیوای خواست لە کابینەی ئایندەدا بتوانرێت باشتر خزمەت بە خەڵک بکرێت، جەختیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێم بەهەموو کەموکورتییەکانییەوە حکومەتی خۆمانە و قوربانی زۆرمان بۆ داوە، بۆیە دەبێت بەگیانی خۆمان بیپارێزین.
لە کۆتاییشدا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی تێڕوانین و سەرنجی خۆیان لەمەڕ کۆمەڵێک بابەتی جیاجیا خستەڕوو و روونکردنەوەی پێویستیان پێدرا.