یادی 40 ساڵەی شەهیدی سەركردە، ملازم سەید كەریم

02:28 - 2024-09-15
کوردستان
266 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 15ی 9ی هەموو ساڵێك، یادی شەهیدبوونی یەكێك لە بەناوبانگترین و ئازاترین پێشمەرگە و فەرماندە و سەركردەكانی ناو هێزی پێشمەرگە و یەكێتی و شۆڕشی نوێیە، ئەویش ملازم سەید كەریمی هەمیشە نەمرە.
شەهید سەید كەریم، لاپەڕیەكی گەش و رەنگینی مێژووی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیی گەلی كوردستانە، گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی پڕ لە دوڕ و یاقووتی مێژووی گیانبازی و فیداكاریی گەلی كوردستانە، مایەی شانازی و سەربەزییە بۆ كوردستان كە خاوەنی رۆڵەی وەك ئەو قارەمانەیە.
شەهیدی سەركردە سەید كەریم سەید كەریم سەید رەسوڵ، ناسراو بە ملازم سەیدكەریم، لە دایكبووی ساڵی 1949ی گوندی هاودیان-ی قەزای رواندزە، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لەوێ تەواوكردووە، وەك خوێندكار لە كۆلێژی سەریازی بەغدا وەرگیراوە و ساڵی 1972 تەواوی كردووە و پلەی ملازمی پێبەخشراوە.
ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و بەهۆی لێهاتووییەوە كراوە بە فەرماندەی بەتالیۆن لە هێزی سەفین و تا هەرەسی ساڵی 1975 بەردەوام بووە، هەر دوای هەرەس چۆتە سوریا و ئاگاداری سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ بووە، بۆیە لە ساڵی 1976دا بەرەو باشووری كورستان گەڕاوەتەوە، بەڵام بەهۆی خراپی هەلومەرجی ئەوكاتە رێگەی گەڕانەوەی نابێت و دوای چەند مانگێك و لە بەهاری 1977دا لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگەی دەستەی چەكداری شۆڕشی نوێ لە سوریاوە گەیشتە ناوچەی برادۆست و دەستی بەخەباتی چەكداری كرد.
ئەوسەركردەیە دوای ئەوەی خۆی گەیاندەوە خاكی كوردستان، سەرەڕای دژواریی هەلومەرج و سەختی قۆناغەكە، بەڵام بە گوڕ و تینێكی پۆڵاین و هیوایەكی گەشەوە دەستی بە خەباتی پێشمەرگایەتی كرد، كاریگەریی كەسایەتی و جموجۆڵ و چالاكییەكانی بووە مایەی  ئەوەی هەر لە ساڵی 1977دا بكرێتە یەكەم فەرماندەی هەرێمی حەوتی باڵەك.
بەهاری ساڵی 1978 سەركردایەتی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ كادیرە پێشكەوتووەكانی سازدەكات و تیادا شەهید سەید كەریم و 25 هەڤاڵی دیكە بەشداری تێدادەكەن، لەو كۆبوونەوەیەدا سەركردایەتی تازە هەڵبژێردرایەوە و ملازم سەید كەریم بە ئەندامی یەدەگی سەركردایەتی كۆمەڵە، هەڵبژێردرا و ساڵی 1982ش دوای پێكهێنانی مەڵبەندەكان، كرایە لێپرسراوی عەسكەریی مەڵبەندی چوار.
شەهید بەشداری چەندین داستان و نەبەردی و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنی كردووە و هەڵۆ ئاسا بەرگریی لە خاكی داگیركراوی كوردستان كردووە، كە لە زۆرێك لەو داستان و بەرەنگارییانەدا رۆڵی فەرماندە و سەرپەرشتیاری بینیوە، دیارترینیان شەڕەكانی: ئیسكۆری، زیارەت، شێنێ، قەڵاسینج، قەندیل، هەورێ، چیوەی خواروو، سناوە، هیران، نازەنین، كەڵەكی باڵەییان و رزگاركردنی بێتواتە و شەڕەكانی سەركردایەتی و داستانی شێنێ.
وتە بەناوبانگەكەی (چ چنیە) هێشتا زیندووە و بۆتە بەشێك لە ئەدەبیاتی بوێری و چاونەترسیی گەلی كورد، دەگێڕنەوە هێندە ئازا و بەهێز و خاوەن ئیرایەكی جێگیربووە، لە بەرامبەر هەموو ئەگەرێكی دژوار و پڕمەترسیدا وشەی (چ نیە)ی بەكارهێناوە، باكی بە دوژمن نەبووە، لەوپەڕی خەستبوونەوەی هێرش و پەلامارەكانی هێزێكی زۆری دوژمن بۆ سەر چەند پێشمەرگەیەك، زۆر بەشێنەیی و بە باوەڕێكی پتەوەوە وتوویەتی (چ نییە).
 تەنانەت ئەوكاتەی ئاگاداریان كردبۆوە كە ئیستخباراتی بەعس پیلانی كوشتنیان داڕشتووە، وتبووی: (چ نیە، من لە دوژمن ناترسم).
بەداخەوە، رۆژی 15/9/1984 و لەكاتی وتووێژی نێوان شۆڕش و رژێمی بەعسدا، بەپیلانی ئیستیخباراتی عەسكەری لەگەڵ دوو پێشمەرگەی قارەمان و هاوڕێی بەناوی نەهرۆ عەبدوڵڵا و سەباح مەجید، لە رێگەی پۆلێك جاش و بەكرێگیراوەوە، لە بازگەی تاسڵوجەی نزیك سلێمانی شەهیدكران.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان