وجدی الاهدل
له‌وكاته‌وه‌ی رۆماننووسی كۆڵۆمبی گابریل گارسیا ماركیز رۆمانه نایاب و گه‌وره‌كه‌ی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)ی بڵاوكرده‌وه، له ساڵی 1967دا شێوازێكی ئه‌ده‌بی نوێ جیهانی داگیركرد و ره‌خنه‌گره‌كان ئه‌م شێوازه‌یان به ناوی (ریالیزمی جادوویی)یه‌وه ناونا ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه كاریگه‌ری ئه‌م شێوازه هونه‌رییه له ئه‌مریكای لاتینییه‌وه گوازرایه‌وه بۆ سه‌دان نووسه‌ر له ئاسیا و ئه‌فریقیا و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا، له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی رۆمان ده‌ركه‌وت كه رێبازی (ریالیزمی جادوویی) پیاده ده‌كرد، ئه‌م شه‌پۆله هه‌ر به‌رده‌وامه تاوه‌كو رۆژگاری ئه‌مڕۆشمان ئه‌م ریالیزمی جادوویییه سه‌د ساڵی ته‌مه‌نی ته‌واوكردووه. كه‌واته ریالیزمی جادوویی چییه؟ له كوێ ده‌ركه‌وت؟ كه‌ی ده‌ركه‌وت؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه ته‌واو كتوپڕ ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م زاراوه ره‌خنه‌ییه‌یان بیستووه و هه‌وڵیانداوه بۆ ره‌گوڕیشه‌كه‌ی بگه‌ڕێن. دیدی باو ئه‌وه‌یه كه نیشتمانی یه‌كه‌م و ده‌ركه‌وتنی ریالیزمی جادوویی ئه‌مریكای لاتینه، به‌ڵام راستییه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌ڵمانیا ئه‌و وڵاته‌یه بۆ یه‌كه‌م جار ریالیزمی جادوویی تێدا ده‌ركه‌وتووه و یه‌كه‌م كه‌س له جیهاندا كه ئه‌و زاراوه‌یه‌ی داتاشی ره‌خنه‌گری هونه‌ری ئه‌ڵمانی (فرانزڕوه) بوو كه له ساڵی 1925دا كتێبێكی به‌ناوی (ریالیزمی جادوویی)یه‌وه بڵاوكرده‌وه و تێیدا باسی له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ریالیزمی جادوویی كرد و به (22) تایبه‌تمه‌ندی ده‌ستنیشانیكردن، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه بریتی نه‌بوو له ره‌خنه‌گرتن له كاره ئه‌ده‌بییه‌كان، به‌ڵكو ره‌خنه‌گرتنێكی هونه‌ری بوو بۆ شێوه‌كاره ئه‌ڵمانییه‌كان ئه‌وانه‌ی كه له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌ركه‌وتن و كاره‌كانیان سه‌ر به‌و شه‌پۆله هونه‌رییه بوو كه به شه‌پۆلی (پاش پێرفۆرمانس) ناسرابوو.
به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ریالیزمی جادوویی له سه‌ره‌تادا له نێو هونه‌ری شێوه‌كاریدا سه‌ریهه‌ڵداوه و دواتر گوازراوه‌ته‌وه بۆ نێو دنیای ئه‌ده‌ب، گشت هونه‌رمه‌ندانی بزووتنه‌وه‌ی (پاش پێرفۆرمانس)ی ئه‌ڵمانی كاریگه‌ربوون به هونه‌رمه‌ندی ئیتالی بلیمه‌ت (جۆرجیۆدی شیریكۆ) كه به‌ڕاستی به پێشه‌نگی یه‌كه‌می هونه‌ری ریالیزمی جادوویی له جیهاندا داده‌نرێت. هه‌ر كه‌سێك بخوازێت زیاتر له‌م بابه‌ته بكۆڵێته‌وه ده‌توانێت به دوای تابلۆكانی هونه‌رمه‌ندان (شیریكۆ) و (ئۆتۆدیكس)دا بگه‌ڕێت و لێیان وردبێته‌وه، راسته‌وخۆ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت شێوازی ریالیزمی جادوویی واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت ره‌خنه‌گری هونه‌ری (فیلاند شمیث) تایبه‌تمه‌ندییه هونه‌رییه‌كانی ریالیزمی جادوویی هاوشێوه‌ی ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی (فرانزڕوه) به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كورتكرده‌وه:
1- دانپێدانان و فۆكه‌سكردنێكی تیژ: كه بریتییه له دیدێكی دوور له سۆز و خاوه‌ن فۆكه‌سكردنێكی تیژ.
2- ئاڕاسته‌كردنی دیدی هونه‌رمه‌ند به‌ره‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه گرنگ نین و له ژیانی رۆژانه ده‌دوێن و بایه‌خ به‌وێنه‌كێشان و وێناكردنی هه‌موو شتێكی ناشیرین ده‌ده‌ن.
3- داڕشتنی بونیادێكی یه‌كگرتوویی تاك جۆری: ئه‌م هونه‌ره هه‌میشه باس له پانتاییه‌كی هاوشێوه‌ی شووشه ده‌كات كه هیچ هه‌وایه‌ك ناچێته ژوورێ لێوه‌ی و دواجار بۆچوونێكی جێگیر ده‌به‌خشێت هیچ جۆره ژیان و جووڵه‌یه‌كی تێدا به‌دیناكرێت.
4- ئازادبوونی گشت تابلۆكان له هێماكانی كاری ده‌ستی یاخود پیشه‌یی.
5- گشت كاره‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی رۆحییان هه‌یه له‌گه‌ڵ بابه‌ته ماتریالییه‌كاندا.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هونه‌ری ریالیزمی جادوویی به‌وه ده‌ناسرێته‌وه هونه‌رێكی مێلانكۆب و نادیاره و له‌وانه‌یه دیارترین كه‌سایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی شه‌پۆلی ریالیزمی جادووكاری بكات له بواری وێنه‌كێشاندا ژنه هونه‌رمه‌ندی مه‌كسیكی (فریدا كاڵۆ) بێت.
له چله‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا رۆماننووسی كوبایی (ئه‌لیخۆكار پنته‌ر) شێوازی ریالیزمی جادووكاری گواسته‌وه بۆ ئه‌مریكای لاتینی و رۆمانه‌كه‌ی (مه‌مله‌كه‌تی جیهان) ده‌ربڕین بوو له كارامه‌یی و به‌توانایی له سوود وه‌رگرتن له‌م ته‌كنیكه تازه‌یه.
شایانی باسه كارپنته‌ر وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی دیپلۆماسی كاری بۆ وڵاته‌كه‌ی كرد له فه‌ره‌نسا و له نزیكه‌وه ئاشنابوو به شه‌پۆله هونه‌رییه باوه‌كانی ئه‌وروپا له‌و سه‌رده‌مه‌دا و له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ كوبا ئه‌م دیارییه به‌نرخه‌ی پێشكه‌ش به بزاڤی رۆشنبیری ئه‌مریكای لاتین كرد.
له شه‌سته‌كاندا گێژه‌ڵوكه‌ی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) روویدا كه گشت پێوه‌ره‌كانی گۆڕی، وای له گشت جیهان كرد ئاوڕ له‌م ته‌كنیكه سه‌رسوڕهێنه‌ره بداته‌وه و هه‌ڵپه‌ی زۆری بێت بۆ به‌كارهێنانی نه‌ك به‌ته‌نها له ئه‌ده‌بدا، به‌ڵكو له چه‌ند بوارێكی دیكه‌ی هونه‌ریدا وه‌كو فیلمه سینه‌ماییه‌كان و ئه‌ده‌بی منداڵان. نموونه‌ی فیلمه‌كانی ریالیزمی جادوویی ده‌توانین بڕوانینه فیلمی (شاری فریشته‌كان) كه له ساڵی 1997دا به‌رهه‌م هێنراوه و ده‌رهێنانی (براد سیڵبه‌ر لینج)ه نواندنی هه‌ریه‌ك له ئه‌كته‌رانی به‌توانا (نیكۆڵاس كه‌یج) و (میگ رایان)ه، فیلمه‌كه باس له فریشته‌یه‌ك ده‌كات به ناوی (سیس)ه‌وه كه عاشقی كچێك ده‌بێ كه مرۆڤه له‌به‌ر خۆشه‌ویسته‌كه‌ی فریشته‌كه بڕیار ده‌دات بگۆڕێت و ببێت به مرۆڤ تاوه‌كو بتوانێت له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بژی، به‌ڵام چاره‌نووس زۆر به‌سه‌ختی به‌ره‌و رووی فریشته‌كه ده‌بێته‌وه و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له رووداوێكدا ده‌مرێت.
ده‌سته‌واژه‌ی ریالیزمی جادوویی پێكهاتووه له پارادۆكسی (ریالیزم جادوو) گشت ره‌خنه‌گره دیاره‌كانی جیهان تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه كه وه‌كو خه‌وشێك وایه ئه‌م پارادۆكسه و وایكردووه گران بێت پێناسه‌یه‌ك دابڕێژرێت به‌وردی دیاری بكات ریالیزمی جادوویی چییه. له‌وانه‌یه ره‌خنه‌گر (فرانزڕوه) نازناوی ریالیزمی جیوه‌یی لێ بنایه باشتر بوایه.
ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی خاتوو (ماجی ئان بورز) ئاماژه به چه‌ند پێناسه‌یه‌ك بۆ ریالیزمی جادوویی ده‌كات له‌وانه ئه‌م پێناسه‌یه:
((گشت ئه‌و چیرۆك و رۆمانه گێڕدراوانه‌ی رووداوی جادووییان تێدایه له چوارچێوه‌یه‌كی گێڕدراوه‌ی ریالیزمیدا، به‌جۆرێك شته تێكشكێنه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ شتی ساده یاخود روون نین له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نامۆییه‌دا ده‌گێڕدرێته‌وه هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی رووداوی ئاسایی بێت هه‌روه‌كو ئه‌و رووداوانه‌ی رۆژانه رووده‌ده‌ن و ده‌كرێت په‌سه‌ند بكرێن و دانیان پێدابنرێت وه‌كو به‌شێكی دابه‌شنه‌كراو له ئه‌قڵانێتی ریالیزمی ئه‌ده‌بی و ماتریاله‌كه‌ی هه‌ژمار بكرێت. له ئه‌ده‌بدا ریالیزمی جادوویی تێكه‌ڵاویی له نێوان ئه‌فسانه و عه‌قڵانیه‌ت، له نێوان ریالیزم و سوپه‌رستشندا ده‌كات، هه‌روه‌ها تێكه‌ڵاوی له نێوان دوو دیدی جیاواز بۆ ژیان و دیدی شار و دیدی لادێ، دوو جۆری جیاواز له بیركردنه‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌م دووفاقیه یه‌كێكه له نهێنییه‌كانی سه‌رسامبوونی خوێنه‌ران له جیهاندا به‌رۆمانه‌كانی ریالیزمی جادوویی.
له ئه‌وروپادا ریالیزمی جادوویی به زیندوویی به‌رده‌وامی داوه به‌خۆی، له نێوان چه‌ندین نه‌وه‌ی جیاوازی نووسه‌راندا، له‌وانه‌یه به‌ناوبانگترینیان رۆماننووسی ئه‌ڵمانی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ (گۆنته‌ر گراس) بێت به رۆمانی (ته‌پڵی ته‌نه‌كه) له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌یدا له ساڵی 1969دا بووه رووداوێكی ئه‌ده‌بی تایبه‌ت و جیاواز له رۆشنبیری ئه‌وروپادا.
هه‌روه‌ها رۆمانه‌كانی رۆماننووسی به‌ریتانی (به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك هیندی) سه‌لمان روشدی سه‌ر به شه‌پۆلی ریالیزمی جادووییه، له‌وانه‌یه به‌كارهێنانی نووسه‌ر بۆ ئه‌م شێوازه یه‌كێك بێت له هۆكاره‌كانی ئه‌و به‌دحاڵیبوونه‌ی وای كرد فه‌توای كوشتنی ده‌ربكرێت.
به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به‌كارهێنانی ته‌كنیكی ریالیزمی جادوویی چه‌ند روویه‌كی جیاوازی هه‌یه بۆ نموونه ده‌توانێت زۆر به قووڵی مه‌به‌ست بپێكێت و نووسه‌ره‌كه‌ی دووچاری مه‌ترسی مه‌رگ بكاته‌وه.
سه‌باره‌ت به نووسه‌رانی ئه‌مریكای لاتین تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین ریالیزمی جادووییان وه‌كو ئامێرێك به‌كارهێناوه بۆ به‌ره‌نگاریكردنی داگیركاران به‌واتای ئه‌وه‌ی داگیركاری ئه‌وروپی به رێگای ئه‌قڵانی-ریالیزمی بیری ده‌كرده‌وه، له كاتێكدا دانیشتوانی ره‌سه‌نی وڵاته‌كه وه‌كو هیندییه سووره‌كان بۆ نموونه به شێوازێكی جادوویی سوپه‌رستێشنانه بیریان ده‌كرده‌وه.
پێده‌چێت گفتوگۆیه‌ك هه‌بێت له نێوان رۆشنبیره ئه‌وروپیه‌كاندا و رۆشنبیره‌كانی ئه‌مریكای لاتین سه‌باره‌ت به‌ریالیزمی جادوویی و ئایا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كێ و كێیه ئه‌و كه‌سه‌ی زیاتر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات. هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵده‌دات چاكه و پێشه‌نگییه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خۆی. به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م گفتوگۆ ره‌خنه‌ییه‌دا چه‌ندین كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی به‌شداری تێدا ده‌كات له به‌رزترین كۆمه‌ڵگاكانی هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی ده‌ریای ئه‌تڵه‌سییه‌وه، ده‌كرێت دیدێك به‌بیرماندا بێت كه یه‌كه‌مین تیشكی ریالیزمی جادوویی له‌كتێبی (هه‌زار و یه‌ك شه‌وه)وه هاتووه كه (ئه‌نتوان گالان) وه‌ریگێڕایه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی له ساڵی (1704) دا و له‌وێوه وه‌رگێڕدرایه سه‌ر سه‌رجه‌م زمانه ئه‌وروپیه‌كانی دیكه له‌ژێر ناونیشانی (شه‌وه عه‌ره‌بییه‌كان) دا.
كتێبی (هه‌زار و یه‌ك شه‌وه) نه‌ك ته‌نها ته‌كنیكی ریالیزمی جادوویی تێدایه به‌ڵكو كانێكی گه‌وره‌ی ته‌كنیكی هونه‌رییه تاوه‌كو ئێستا و رۆژگاری ئه‌مڕۆشمان ئه‌ده‌بی خۆرئاوا سوودی لێوه‌رده‌گرێت.
سه‌باره‌ت به ئاماده‌بوونی ریالیزمی جادوویی له رۆمانی عه‌ره‌بی نوێ‌دا، ئه‌و ئاماده‌گییه زۆر دیارنییه یاخود به‌لانی كه‌مه‌وه زۆر به‌ته‌واوه‌تی هاوشێوه نییه له‌گه‌ڵ مه‌رجه هونه‌رییه‌كانی ئه‌م ته‌كنیكه جۆرییه بێ وێنه‌یه. پێده‌چێت رۆمانی (شه‌وانی هه‌زار شه‌وه)ی نووسه‌ر نه‌جیب مه‌حفوز له ساڵی 1982 بڵاوبۆته‌وه پێشه‌نگ بێت له‌ناو ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا له رووی پراكتیزه‌كردنی ته‌كنیكی ریالیزمی جادووییه‌وه.
له عه‌ره‌بییه‌وه: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د
سه‌رچاوه:www.yemeniamerican.com