د. هيوا جاف *
هێزی نەرم لە سیاسەتدا، بەتایبەت لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا، توانای راکێشان و هاوکارییکردنە نەک گوشار و بەکارهێنانی هێزی سەخت و رەق وەک هێزی سەربازی و چەک، بە واتایەکی تر و فۆرمولایەکی جیاواز، هێزی نەرم بریتییە لە داڕشتنی ئارەزووەکانی ئەوانی دیکە لە ڕێگەی هاندان و راکێشانەوە، یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە هێزی نەرم جیادەکاتەوە ئەوەیە کە هێزی نەرم بەزۆرەملێ نابێت و گرنگترین سەرچاوەکانی بریتین لە بەها کولتووری و سیاسییەکان و سیاسەتی دەرەوە.
هێزی نەرم
هێزی نەرم چەمکێکە لەلایەن جۆزێف نای لە زانکۆی هارڤاردەوە داڕێژراوە بۆ وەسفکردنی توانای راکێشان و هاوبەشیکردن بە بێ زۆرکردن وەک ئامرازێک بۆ قایلکردن، ئەمەش بەو مانایەیە کە لە سەردەمی سۆشیال میدیا و ماس میدیادا، متمانەپێکردن بۆتە یەکێک لە بناغەکانی دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرندا.
لەم دواییەدا ئەم دەستەواژەیە بۆ کاریگەریی و گۆڕینی بیروڕای گشتی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی کەناڵە تاڕادەیەک کەمتر شەفافەکانەوە و گوشارخستنە سەر لە رێگەی رێکخراوە سیاسی و ناسیاسییەکانەوە بەکارهاتووە، جۆزێف نای لە پێناسەی هێزی نەرمدا دەڵێت؛ باشترین پڕوپاگەندە پڕوپاگەندە نییە، ڕوونیشیکردەوە کە لە سەردەمی زانیاریدا ؛ متمانە دەگمەنترین سەرچاوەیە.
گومانی تێدا نییە کە وەرزش یەکێکە لە توخمە پێکهاتەییە گرنگەکانی “هێزی نەرم و دیپلۆماسی گشتی، هێزی نەرم واتە دەوڵەت هێزی ڕۆحی و ئەخلاقی لە ڕێگەی ئەو بیرۆکە و پرەنسیپ و ئەخلاقایینەیەوە بەرجەستەی دەکات و لە ڕێگەی پشتیوانی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، ژێرخانی ئابوری، کولتوور و هونەردا هەیە، ئەمەش وا دەکات ئەوانی دیکە رێز لەم شێوازە بگرن و سەرسام بن و دواتر شوێنی بکەون و سەرچاوەی لێوە بگرن.
مۆندیالی ئەڵمانیا بە نموونە
وەرزش بەشدارە لە تیشکخستنە سەر وێنە و ناسنامە و براندی وڵات لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، هەروەها سەکۆیەکی ئایدیاڵن بۆ تیشک خستنە سەر خانەخوێی وڵات، بۆ نموونە، میوانداریکردنی مۆندیال ساڵی 2006 لەلایەن ئەڵمانیاوە، متمانەی بەخۆی و نوخبەی سیاسی زیادکرد، پلەی نیشتمانپەروەریی لای هاوڵاتیان بەرزکردەوە، رێژەی گەشتیاریی باشتر بوو، وەبەرهێنان و هەناردەکردنی ناوەوە گەشەی زۆری کرد.
وەرزش بووەتە بەشێکی گرنگی هێزی نەرمی وڵاتان لە سیاسەتی دەرەکیدا، هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی وەرزش بووەتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان و بنیاتنانی هێزی نەرمیان و داڕشتنی وێنەی زهنيیان و دانان و خستنەڕووی پرسە سیاسییەکان بۆ کارنامەی نێودەوڵەتی، دیپلۆماسی وەرزشی (هێزی نەرم) ئێستا پێویستی بە بڕوانامەی پسپۆڕان و شارەزایان هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەستی جەماوەر و ڕەوتی ڕای گشتی و وێنەی زهنی و چۆنییەتی ئیستغلال کردنی ڕووداوە وەرزشییەکان بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی دەرەوەی وڵات و بنیاتنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
زۆر رووداو هەن کە گرنگی هێزی نەرم نیشان دەدەن، فیفا (FIFA) ساڵی 1961 تا 1992 ئەفریقای باشووری لە بەشدارییکردنی نێودەوڵەتیی دوورخستەوە، ڕژێمی ئاپارتایدی ناچارکرد چاکسازی بکات و دەستبەرداری رەگەزپەرستی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت کۆتایی بە گۆشەگیرییەکەی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە یاریی وکێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا.
وڵاتان دەتوانن کەڵک وەربگرن لە دیپلۆماسی وەرزشی و بەکاریبهێنن بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا
سیستەمی دیموکراسی لە باشووری ئەفریقا
ئەمە بە گرنگترین نموونەی سەرکەوتنی بەکارهێنانی هێزی نەرم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت، بۆیە سەرکردەکانی ئەفریقای باشوور لە دوای ساڵی 1994 -ەوە هێزی نەرمیان بەکارهێنا بۆ بنیاتنانی وێنای ئەفریقای باشوور لە سەردەمی دوای ڕەگەزپەرستیدا و ئەمەش بەشدارییکرد لە زیادکردنی هێزی نەرمی سیستمی دیموکراسی لە باشووری ئەفریقا و توانای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ گەلانی جیهان بەگشتی و ئەفریقا بەتایبەتی.
وڵاتان دەتوانن کەڵک وەربگرن لە دیپلۆماسی وەرزشی و بەکاریبهێنن بۆ بەڕێوەبردنی ململانێیەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەوەتا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئامانجی گەیشتن و کاریگەری لەسەر گەنجانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی وەرزشەوە دوای ڕووداوەکانی 11 -ی سێپتێمبەر، بەشی دیپلۆماسی وەرزشی دامەزراند تا لەو رێگەیەوە کاریگەریی دروستبکات لەسەریان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئاڵوگۆڕی وەرزشی لە نێوان گەلاندا دەرگا بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵگه و بنیاتنانی پەیوەندی له نێوانیاندا دەکاتەوه، وەرزش ئامرازێکه بۆ گه یشتن به ئامانجه کانی سیاسەتی دەرەوە و به هێزکردنی لاوان و یه کسانی جێندەری و چاره سەرکردنی ناکۆکییەکان.
لە لایەن بەشی دیپلۆماسی وەرزشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە چەندین بەرنامە ئامادە دەکرێن، وەک پرۆگرامی نێردەی وەرزشیی کە راهێنەری وەرزشی دەنێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گەنجان کۆببنەوە و گرنگی وەرزش بۆ تەندروستی روون بکەنەوە، هەروەها بەرنامەی سەردانی وەرزشیی کە میوانداریی وەرزشکاران و راهێنەران و کارگێڕان لە بواری وەرزشدا لە ئەمریکا دەکات.
هێزێکی نەرم بۆ بنیاتنانی ناوبانگی دەوڵەت
ئەوەتا ئوسترالیا بۆ بەکارهێنانی دیپلۆماسی وەرزشی وەک هێزێکی نەرم بۆ بنیاتنانی ناوبانگی دەوڵەت ستراتیژی خۆی داڕشتووە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە وڵاتێکە کاردەکات بۆ دروستکردنی هاوبەشیی لەگەڵ وڵاتان و زیادکردنی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵیان، هەروەها بەکارهێنانی وەرزش وەک هێزێکی نەرم بۆ زیادکردنی ئەگەرەکانی گەیشتن بە ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا، هەروەها هێزێ نەرم ئامرازێکە بۆ دروستکردنی دیالۆگێکی هەمیشەیی لە نێوان گەلاندا و گواستنەوەی زانست و زانیاری لەنێوانیاندا و کاریگەریی لەسەر هەندێک لە گروپە تایبەت و دیارییکراوەکانی وەک گەنجان و ژنان لە وڵاتان وگەلانی تردا درووست دەکات.
وڵاتانی ئەمریکای لاتین وەک بەرازیل و ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای و ...تاد، لە یاری تۆپی پێدا ناوبانگیان دەرکردووە، هیندستان و پاکستانیش سوودمەند بوون لە باڵادەستییان لە یاری کریکێتدا وەک هێزێکی نەرم، ئوسترالیا و نیوزیلەندا لە یاری ڕەگبیدا سەرکەوتوو بوون، هەروەها ئەمریکا بۆ باڵا دەستی خۆی لە یاری باسکەدا، تیشکی خستۆتە سەری وەک هێزێکی نەرم، وەرزش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بەرجەستەکردنی هێزی نەرمدا، باشترین نموونەش لەم بوارەدا، ناوبانگی هەندێک یانەی وەرزشیی وەک: ڕیاڵ مەدرید، بارسیلۆنا، مان یونایتد مان سیتی و... تاد ، ناو و ناوبانگی هەندێک یاریزانی وەک: پێلێ، دییگۆ مارادۆنا، لیۆ مێسی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەسەر ئاستی جیهاندا و بەرجەستەکردنی هێزی نەرم لە وێنای وڵاتەکانیاندا، وەرزش وەک ناسنامە و هێزی نەرم لە سیاسەتدا و سیاسەت لەوەرزشدا دوانەیەکی جیانەکراوەن.
* ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی