بۆچی هەندێک ناو و ناوەند ترساون؟

بۆچی هەندێک ناو و ناوەند ترساون؟ ״پێدانی چەک بە پێشمەرگە مافێکی دەستورییە״

10:20 - 2024-09-18
ڕاپۆرت
364 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی - تەها عەبدوڵڵا


شارەزایانی بواری سەربازیی لە هەرێم رایدەگەنن  کە پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عیراق و بەگوێرەی دەستوور رێگە پێدراوە کە هێزی تایبەت بەخۆی هەبێت، تا لە رێگەی ئەو هێزانەوە  پارێزگایی لە خاکی هەرێمی كوردستان و تەواوی عیراق بکات، وەک چۆن لە شەڕی دژبە تیرۆردا پێشمەرگە رێگربوو لە پێشڕەوییەكانی داعش و داگیركردنی خاكی زیاتر لەناوچەکانی دیکەی عیراقیش لەلایەن ئەو گروپە تیرۆریستییەوە، لەو پێناوەشدا چەندین شەهیدی بەخشیووە و چەندین پێشمەرگە بریندار و کەم ئەندام بوون.
ئەو شارەزایانە ئاماژە بەوەش دەدەن کە هەر جۆرە رەتكردنەوەیەك بۆ پێدانی چەک بە پێشمەرگە هاوشێوەی سوپای عیراق، بێ ئاگاییە لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو رێوشوێنە رەسمییانەی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ پێدانی چەک بە پێشمەرگە گیراونەتەبەر.


لەو رووەشەوە فەریقی یەكەمی خانەنشین جەبار یاوەر شارەزا لە بواری سەربازی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەرمان سوڕماوە لەو شێوازی لێداوانەی بەڕێز محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ لەبارەی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێدانی چەکی قورس بە پێشمەرگە، چونكە ئەو سەرۆكی پەرلەمان بووە و لەوە ئاگادارە کە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەگوێرەی بڕگەی 5ی ماددەی 121ی دەستووری عیراق، هێزێكی رەسمییە و پاسەوانی هەرێمی كوردستانە، بۆیە بەگوێرەی ئەو بڕگە دەستوورییە، دان بە هەرێمدا نراوە کە سێ جۆر هێزی هەبێت، لەوانە هێزی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەگە (پاسەوانی هەرێم).

پاراستنی سنوور، پاراستنی عیراقە
وتیشی: بەو پێیەی هەرێمی كوردستان خاكێكی فراوانی هەیە و لەگەڵ هەرسێ وڵاتی دراوسێ (سوریا، ئیران و توركیا)دا هاوسنوورە، بۆیە هەر هێزێك پاسەوانی لەو هەرێمە بكات، پێویستی بە هەموو جۆرە چەکێکی بەرگریی و تەقەمەنییەک هەیە بەتایبەتی چەكی قورس، چونكە پاسەوانیکردنی سنوور وەك بەشێك لە دەوڵەتی فیدراڵیی عیراق، بەتەنها بەچەكی سووك ناكرێت، هاوكات جگە لە هێزی پێشمەرگە، هێزەكانی دیكەی دەرەوەی وەزارەتی بەرگریی وەك حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر ‌و پۆلیسی فیدراڵی هەموویان چەكی سوك و قورسیان هەیە.
ئەو شارەزا سەربازییە راشیگەیاند کە خودی حەلبوسی  ئاگادارە لەوەی کە ئەوە یەكەمجار نییە چەك بۆ پێشمەرگە دێت، بەڵكو لە سەردەمی كابینەكانی رابردووی عیراقیشدا هەر هەبووە، تاساڵی 2014، سەرجەم ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە بە هێزەکانی دیکەی عیراق دراوە، بە ئیمزای وەزارەتی بەرگری و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە رێگەی رەسمییەوە بۆ پێشمەرگەش نێردراوە.
روونیشیكردەوە: ئەوەی ئەمجارە  باس دەكرێت كە چەكی قورس بۆ پێشمەرگە نێردراوە، تۆپی جۆری 105 ملیمە، كە چەكێكی قورسی ئەوتۆ نییە تا جێگای مەترسی بێت، بەڵكو ئێستا تەنانەت لەلایەن سوپای هیچ وڵاتێک بە عیراقیشەوە بەكارناهێنرێت، تەنها بۆ جۆری شەڕی ناوچەیەكی وەك هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت.
 پاشان لە ساڵی 2016 ەوە رەزامەندیی پێدانی ئەو تۆپهاوێژانە وەرگیراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی دابینكردنی چەک و تەقەمەنی بووە بە بەهای یەك ملیار دۆلار بۆ سیستمی بەرگریی عیراق بە هێزی پێشمەرگەشەوە وەک بەشێک لەو سیستمە.
 هەروەک تەئکید دەکاتەوە لەوەی پۆشتەکردنی پێشمەرگە بەچەک و پێداویستییەکان مەترسی نییە بۆ  ناوچە سوننە نشینەکان و هیچ ناوچەكی تری  عیراق، چونكە جگەلەوەی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا زیاتر لە هەزار شەهید و 10هەزار برینداری داوە، هاوكات  هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانی باشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا هەیە و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم گرفتەكان، بۆیە دەبوو محەمەد حەلبوسی بەر لەو لێدوانەی، تەئكیدی لە رێوشوێنە یاساییەكانی پێدانی چەك و جۆرەكانی بە پێشمەرگە بكردایەتەوە و زانیاریی زیاتری کۆبکردایەتەوە، تا دڵنیابێت لەوەی  حكومەتی فیدراڵ ئاگادارە و بە رەزامەندیی وەزارەتی بەرگری ئەو چەكانە دراوە بە پێشمەرگە و گواستراوەتەوە بۆ هەرێم.

با جەنگی دژبە داعش بەبیر خۆیان بهێننەوە
هەر لەو بارەیەشەوە رەنج جەعفەر نووسەر و شارەزای بواری سەربازی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند:  بۆچوونی بەشێك لە سەركردە عەرەبەكانی عیراق لەبارەی بەهێزكردنی توانای پێشمەرگەوە بە چەكی قورس، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان كاریگەریی بیری رژێمەکانی پێشوو لەزهنیاندا ماوە و بەردەوام بە چاوی گومانەوە لە بەهێزبوونی پێشمەرگە دەڕوانن،  لەكاتێكدا هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لەسیستمی بەرگریی عیراق لە دەستووردا چەسپاوە و هەرچەندە بەهێز و پۆشتە و پێشكەوتوو بێت، رۆڵی باشتری دەبێت و دەتوانێت پارێزگاری لە خاكی كوردستان و عیراقیش بكات بەگشتی.
ئەو نووسەرە راشیگەیاند کە پێویستە سەركردە عیراقییەكان ئەوە بەبیری خۆیان بهێننەوە کە هەر هێزی پێشمەرگەبوو لە شەڕی داعشدا توانیی پارێزگاری لە زۆربەی ناوچەكانی سنووری كەركوك و موسڵ و دیالە بكات و رێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت،  دواتریش پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و  عیراقدا توانیان زۆربەی ئەو ناوچانە ئازاد بکەنەوە كە لەلایەن تیرۆرستانەوە داگیركرابوو .
روونیشیكردەوە: ئەوانەی بەو جۆرە بیردەكەنەوە،  هەمیشە ترسیان لە بەهێزبوونی پێشمەرگە و پڕچەككردنیان هەیە و نایەنەوێت پێشمەرگە وایلێبێت توانای رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ سوپای وڵاتاندا هەبێت، بۆیە بەردەوام پاساوی جۆراوجۆر دەهێننەوە بۆ رێگریی لە پێدانی چەكی قورس بە پێشمەرگە.

دیارە باش لە دەستوور تێنەگەیشتوون
لای خۆشییەوە عوسمان سێدەری پێشمەرگەی دێرین و جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ وت:  رەتكردنەوەی چەک دان بە هێزی پێشمەرگە لەلایەن بەشێك لە سەركردەکانی عیراقەوە، دەرخەی ئەو راستییەیە كە بەشێک لەوانە لە دەستوور تێنەگەیشتوون یان خوانەخواستە نیەتێكی باشیان بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان نییە لە ئایندەدا، بۆیە  پێدانی چەکی قورس بەو پێشمەرگە بە هەڕەشە دەزانن بۆسەر خۆیان.
وتیشی: رەنگە بەشێک لەوانەی بەو جۆرە بیردەكەنەوە، تیایاندا بێت لە دەرفەتێك بگەڕێن تا پێشمەرگە بێهێز بێت، یان وای نیشان بدەن كە  توانای بەرگرییان لە هەرێمی كوردستان نییە، وەك چۆن لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بینمان هێزێك ویستی لە سنووری كوڵەجۆ پێشڕەویی بكات، بەڵام لەلایەن پێشمەگەوە رێگەی لێگیرا. ئەو جۆرە بیرکردنەوانەش لەکاتێکدان هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عیراق و بەشدارە لە ئیدارەدانی عیراقی فیدڕاڵدا بەسەرجەم دامەزراوە یاسایی و تەنفیزیی و قەزاییەکانییەوە.
راشیگەیاند: راستە پێدانی چەكی قورس بە پێشمەرگە پێویستە و وا دەكات  بەهێزتر بەرگریی لە خاكی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام یەكگرتوویی پێشمەگە هێزێكی زیاتری دەبەخشێت بەو هێزە و وادەكات هیچ هێز و لایەنێك بیر لە بێهێزكردنی نەکەنەوە، وەك چۆن لە رابردوودا سەركەوتنە سەربازی و سیاسییەكان بە یەكگرتوویی پێشمەرگە بەدەستهاتوون.







#پێشمەرگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان