ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

10:36 - 2022-07-02
کەلتور
405 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.

شوكریە حسێن رەشید
لە ساڵی 1949  لەدایکبووە، دەرچووی كۆلێژی زانستە بەشی فیزیا، لە وەزیفەدا سەرپەرشتیاری پسپۆری فیزیا بووە و ئێستا خانەنشینە، ئەو ژنە باس لەوە دەکات کە لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و كوردپەروەدا گەورە بووە و لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و زانكۆی تەواو كردووە، هاوسەری كەمال شاڵی-یە.
هەستی کوردایەتی
شوکریە حسێن دەڵێت: یەكەم كچ بووم لە خوێندنگەی كوڕان وەك مامۆستا وانە بڵێمەوە بەهۆی ئەوەی رێژەی دەرچوونی خوێندكارەكانم بەرزبوو لەو ساڵەدا یەكەمی سلێمانی بووین دیاری قەڵەمی ئاڵتونیم وەرگرت.
هەروەها دەڵێت: ساڵی 1961 کاتێک شۆڕشی كورد هەڵگیرسا ماڵی ئێمە جێگەیەك بوو بۆ كۆبوونەوە و كاری رێكخستن هەر بەو هۆیەشەوە خولیای كوردایەتی و سیاسەت کەوتو سەرمەوە، ژوورێكمان هەبوو خەڵكمان تێدا داڵدە دەدا ئەوانیش (كاك حیلمی عەلی سەریف- شێخ شەهاب - حسێن عەلی رەزا - كاك نەوشیروان - كاك سەلیم بەگ، هەروەها پەیوەندیم هەبوو بە ست ئەنجوم کە ئەوكاتە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووین.
وتیشی: ساڵی 1969 چوومە زانكۆی سلێمانی و بووم بە لیژنەی باڵای زانكۆ، هەروەها لە ریزی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانیشدا كارم دەکرد لەرێی ست ئەنجومەوە، چالاكی سیاسی زۆرم هەبووە و كاری نهێنی و گواستنەوەی بەیاننامە و كەلوپەلمان بۆ پێشمەرگە لەئەستۆ بوو.  هەندێك جاریش باوكم نامەی پێدا دەناردم بۆ شوێنی مەبەست.
چالاکی حزبی
ساڵی  1974بەهۆی خراپیی بارودۆخەوە بە فەرمانی حزب و یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان چوومە دەرەوە زۆرێك لە ئیشوكارەكان كەوتە سەرشانم.
شوکریە حسێن باس لە کارو چالاکیی حزبی و وەزیفی خۆی دەکات لە دوای راپەڕین و دەڵێت: بەشداربووم لە كۆنگرەی یەكەمی ی ن ك ساڵی 1992 و كۆنگرەی دووەمی ساڵی 2001 .
ساڵی 1996 بووم بە سەرپەرشتیاری پسپۆری فیزیا، هەروەها ساڵی 2005 لەگەڵ خوالێخۆشبوو كاك شێركۆ بێكەس کارمان كرد بۆ ریفراندۆم، ئێستا كاری رێكخراوەیی دەكەم بە خۆبەخش لە رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشانی شێرپەنجە، رێكخراوی پەروەردەی نوێ ‌بۆ خزمەتی پەروەردە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان