بۆ گەلی ئۆکرانی برا

12:27 - 2022-07-02
ئەدەب و هونەر
812 جار خوێندراوەتەوە

یوسف مەنتک

ڤاسیل ئێمە لێرەین، 
ئارام بنوو
زەنگی کلێسا نەبوو
دەنگی ئاگادارکردنەوە، و فڕۆکە، و بۆمب بوو
خەوی رفاندن، ماڵەکانی روخاندن
بەیانی زوو دەرگاتان کردەوە
نامەی جەنگ میوان بوو
دووکەڵ و هەناسە، لاشەو خوێن، ماڵی روخاو
بوون بە یەک جەستە
ئاخ، دەیان ساڵ ئاسمانی وڵات ساماڵ بوو
تەمی مەرگ ئاسمانی داپۆشی
جەنگاوەر چوون بۆ جەنگ
خەم بۆ خێزانەکان، 
فرمێسک و دەریا بوونە برا 
نزا خوێنران!
قافلەی کۆچ مەزن بوو
مناڵەکان بۆ یارییەکان گریان
ژیان لە شار کوژایەوە
ئەوەی لە نێو شارو مەیدانی جەنگ ماوەتەوە
داگیرکەرو جەنگاوەرانی ئۆکرانیین
ریزەکانتان یەکخەن، سەنگەرەکان قایم کەن
چەکەکان بگرنە دەست، فیشەک بەفیڕۆمەدەن
بجەنگن سەردەکەون، ئێوە تەنیا نیین
 ئاشتیخوازانی دونیا لەگەڵتانن
ڤاسیل تۆو من ستەممان لێکراوە
سەدان ساڵە خاکی کوردستان داگیرکراوە
کورد قوربانی بێ کۆتایی داوە
رێگەمان هێشتا سەختە، زۆری ماوە
مێژووی ئێمە بە خوێن نووسراوە
مێژووی ئێوەش بە خوێن دەنووسرێتەوە
تەنیا خەونی دیکتاتۆرەکان
داگیرکاری و گەورەیی هێزە
لە ئاست تاوانکردندا، کوێرو بێ دەنگن
لە ئاست بەرژەوەندی، تەباو یەک دەنگن
لە شەرمەزاریدا، دەریا کپ، مانگ کوێر، رۆژ گیراوە، ئاسمانیش دەگری
غرور خۆکوژی  مرۆڤە
پیرە بەراز مات و بێدەنگە
پڵنگە سپییەکەی سیبیریا ددانی تیژ کردووە
دەڵێن سەگی هار عومری چل شەوە
ئەوەی نەفرەت لەجەنگ نەکا چارەنووسی وەک ئەوە
گەلی ئۆکرانیا
ئارام بن دان بە خۆتانا بگرن
ئێوە بەتەنیا نیین،
 ئازادیخوازان لەگەڵتانن
ڤاسیل ئێمە لێرەین،
ئارام بنوو
هەرکات کۆتری ئاشتی هات
مژدەی سەرکەوتنی پێیە

*بۆ گەلی ئۆکرانی برا، بۆ ڤاسیلی ئەندرێڤیچ سیمینیکۆ شاعیری شۆڕشگێڕی بەنێوبانگی ئۆکرانی، بە هۆی ئازاردانی لەلایەن پۆلیسی نهێنی رووسییەوە، گیانی سپارد. ساڵی 1963 بەر لەکۆچی دوایی شیعرێکی بۆ شۆڕشی کورد و پێشمەرگە نووسیوە، بەنێوی» بۆ برایانی کورد».


بابەتە پەیوەندیدارەکان