سەرکۆ یونس
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، دڵخۆشی و بەختەوەری بە یەکێک لە پێوەرەکانی ئابووری دادەنرێت.
بەختەوەری، بووە بە یاریکەرێکی گرنگ لە ئابووریدا، لەوانەیە ئەو پرسیارەی کە هەمیشە دێتەپێشەوە ئەوەیە چی دڵخۆشت دەکات؟ بەدڵنیاییەوە زۆربەی وەڵامەکان، پارە دەبن.
پارە، بزوێنەرێکی سەرەکییە بۆ هێنانی بەختەوەری، بە پارە دەتوانیت هەرچی کاڵا و خزمەتگوزاریی دڵخوازی خۆت هەیە بەدەستی بهێنیت، دەتوانیت گەشت بکەیت، بگەڕێیت و ساتە خۆشەکان بەسەر بەریت.
توێژینەوەکانی زانستی ئابووری، ئەوەیان سەلماندووە، کە پەیوەندیی بەختەوەری و پارە، پەیوەندییەکی راستەوانەیە، هەر کاتێک تاک داهاتی زیاتر بوو، راستەوخۆ رێژەی دڵخۆشیی کەسەکە زیاتر دەبێت و بەختەوەر دەبێت.
دڵخۆشیمان ئەو ساتانەیە کە مووچەکانمان وەردەگرین و دەتوانین بەو داهاتە پێداویستییەکانی خۆمان و خێزانەکانمان بە رێژەیی دابین بکەین، دڵی منداڵ و ئەندامانی خێزان تا رادەیەک خۆش بکەین
چەند وڵاتێک بە نموونە
ئەو وڵات و کۆمەڵگەیانەی کە خاوەنی ئابووریی بەهێزن و بەرهەمی ناوخۆیی کەرتە ئابوورییەکانیان بەرزە و لە هەمان کاتدا سەقامگیریی ئابووری وسیاسییان لە ئاستێکی گەورەدایە، هەمیشە دانیشتوانەکانیان، دڵخۆشتر و بەختەوەرترن. لە نمونەی وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوور و سەنگافورە لە ئاسیا و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا و کەنەدا.
بە پێچەوانەوە وڵاتانی خاوەن ئابووریی فشەڵ و تاک سەرچاوەی داهات، کە لاوازیی بە سێکتەرە ئابوورییەکانیانەوە دیارە، بەردەوام هاونیشتمانییەکانیان، دوودڵ و نائارامن، ئەمەش بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەفەریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای لاتین چەند وڵاتێکی دیکە دەگرێتەوە. کەواتە، ئابووری پەیوەندییەکی گرنگ و کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر دڵخۆشی و بەختەوەریی تاک بە تایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتی.
کە مووچە دێت دەبووژێینەوە
لە دوو دەیەی رابردوودا، تاک و خێزان و کۆمەڵگە لە هەرێمی کوردستان و عیراق بەردەوام لەوپەڕی نائارامیدا بووین. ساتەکانی بەختەوەریی و دڵخۆشیی خەڵک، کەم و دیاریکراو و پچڕ پچڕ و کورت بووە!.
بۆ نموونە، دڵخۆشیمان ئەو ساتانەیە کە مووچەکانمان وەردەگرین و دەتوانین بەو داهاتە پێداویستییەکانی خۆمان و خێزانەکانمان بە رێژەیی دابین بکەین، دڵی منداڵ و ئەندامانی خێزان تا رادەیەک خۆش بکەین، پاشان ئەگەر لێی مایەوە رێژەیەکیش لە قەرزە کەڵەکەبووەکانمان بدەینەوە. سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە رێژەیەک لەم داهاتە، بە ناچاری هەڵبگرین تا ئەو کاتەی جارێکی تر و لە کاتێکی دیارینەکراوی تردا مووچەیەکی تر وەردەگرین!.
ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری و بەرز و نزمی نرخی نەوت، لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دیارنەبوونی وادەی مووچە، هۆکاری سەرەکین بۆ نائارامیی دەروونی هاونیشتیمانیانی هەرێم و عیراق، هەر بۆیە هەموومان بە هیوای ئەوەین لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەشێک لەم کێشە و قەیران و دەردانە چارەسەر بکرێن، تا ئێمەش وەک گەلانی تر، رێژەیەک لە بەختەوەری و دڵخۆشیمان بۆ بگەڕێتەوە.