ئەدۆنیس
وەركێڕانی لە عەرەبییەوە:
عیسا چیایی
(1)
تۆ زەمینیت و
ئەوانەش سەركردەی لەناوبردن و سوڵتانی بەندایەتیـن،
پەلاماری گەرد بەگەردت دەدەن.
ـ تۆ زەمینیت
تاریكییەكان پڕدەدەنە رووناكیی و
خواردنی تۆش: ئەو نانە وشكەیە كە بەهەناسەی دەربەدەران و
تەرمی كوژراوان دروستکراوە.
ـ تۆ زەمینیت
پێیەکانت پەتین،
خاكەكەت هەڵدەلەرزێت.
هەرچیەكت لەبەردایە شیتاڵێكە وەكو پۆشاكێكی ئاسنین.
بەسەر یەكدا دەكەون بە رووی مانادا،
ئەو ئاسۆیەی كە بۆ ژێرەوەی تێكشكان دەڕوا و
ئەو خۆرەیت كە دەپرسێ :
ئەم خەرمانەیە چییە دەوریداوم؟
ئێستا ـ چەكوشی دادگایە
ئەزموونەكەش گەواهییەكی راستگۆ
رابردوو شمشێركێشێكە، بە تەنیا چاوێكەوە گوزەر دەکات و
ئاسمان ئەمێستاكە هەر خۆی مەرگیشە.
(2)
رۆژئاوا لاولاوێكە؛ شانە، شانەی رۆژهەڵات هەڵدەمژێ.
جەستەكان گڕدەگرن و ئاسمانیش كڵپە دەپۆشێت:
پۆشاكێكی گەردوونییە!
كێ كڵپە دەكێڵێت؟
چاندن لە كوێوە دێت؟
دروێنە كەی تەواو دەبێت؟
وەڵامێكت لەلایە؟
تۆ، ئەی ئەو سەرە تۆپەی كە لەنێوان دوولای كتێبێكدا گلۆر دەبیەوە
تۆ، ئەی ئەو کتێبەی پیت بە پیت لە لوولەگەلێكی گەردوونیدا هەڵدەفڕیت
ئاوێكی سوور دەپاڵێوی؟
وەڵامت لەلایە
تۆ، ئەی ئەو زمانەی كە خوێن پیرۆز رادەگری، بەشەرابێكی بێگەرد
لەپێك گەلی خەڵووز و مرواریدا دابەشی دەكەیت؟
وەڵامێكت لەلایە؟
تۆ، ئەی جەستە ـ جوانـەكە
چی بەمیوانەكانت لە ئەستێرە و مەجەڕە، پاسەوان، گولە تۆپ،
ساروخ و ئەو سوارانە دەڵێیت كە بە زمانی ئاسمان دەدوێن؟
ـ ئەوەی خویان بە گوللە تۆپی پەرچوو دەپارێزن.
ئێمە ئەو تارماییە ئادەمییانەی كە زەمین بە دوو پێیان دەكوتین،
چیتر نازانین لە كوێوە دێین یان لە كوێوە هاتووین و بۆ كوێ دەڕۆین.
وشەكانمان، ماندوون لەو ئەركانەی پێیان سپێردراون و لەو پردانەش
كە لێژاییەك و ئەوی تر پێكەوە دەبەستنەوە .
رووناكیی لەگواستنەوەیدا لە نێوان پردێك و براكەیدا ماندو بوو .
ئەوەش زەمەن كە لە ئێمە و دەوروبەرماندا نیشتەجێیە.
لە خۆی دێتە دەر و دەخوازێ كە لم بێت .
جێگاكان، خۆیان بۆ سەمایەك لەژێر ئاڵای پەرچودا ئامادە دەكەن
كە شەیتان و فریشتەكان و سەربازەكانیان لەو گیانلەبەرە خوداییانەی
تێكەڵەیەكن لە مرۆڤ وپەری، دڵ و عەقڵ و دەست و پێ،
بیركردنەوە و زمانەكانیان دەگۆڕنەوە.
چەند دەنگێكی دەربەدەر هاوار دەكەن و دەپرسن:
ئایا وایلێهات كە بۆ ئەوەی تێ بگەین
دەبێ توێكڵی پیتی وشە و تەنی شتەكان، بگرینەوە؟
بە چ ئاوێك كاغەز و مرەكەب، نووسین و كتێب، بشۆین؟
ئەی ئەو دیمانەیە چییە كە بە ئاراستەی دیماهیی و نادیماهیدا
خۆی بۆ ئامادە كردووین و
كەنگێ ئاسمانمان لێ هەڵدێ و چۆن چۆنی؟
ئەو لەئاو وهەوایەكی بێهودەدا لەپشت بەردێكەوە گلۆر دەبێتەوە؟
بۆ كوێ ئەی ئاسمان؟
(3)
بروسكەگەلێك ئامادە دەبن، ئەندام بە ئەندامی جەستەم وەختە كڵپە بكات
لە تەنوری مانادا،
ئەومانایەی بەسەر پشكۆی پڕوپووچی دروستبووندا ئێشك دەگرێ.
رۆژگار بەسەر ناواخنی هەتا هەتاییدا دەكرێتەوە و
خۆریش سوپاگەلێك دەلەوەڕێنێت.
ئەی خۆر، تۆ لەپێستی ئەو مناڵانەی خۆت خێوەتگەلێكیان بۆ هەڵدە
كە هەر ئێستا لە منداڵدان گەلێكەوە لەو بیابانانەوە دابەزین كە تیاچوون،
ئەو بیانانەی سیخناخ بوون لەو مرۆڤانەی لەو بەرمیلانەدا گلۆر دەبنەوە
كە بە بەرچاوی مێژووەوە بزمارڕێژ كراون.
مێژوویەك، نووسەر وخوێنەرێك دەینووسنەوە،
ئاخاوتنێكیان هەیە لە ژێر زمانی ئاسماندا خۆیان دەشارنەوە.
ئەم زمانە چییە و ئەی ئەم ئاسمانە چییە؟
ببوورە ئەی ئەو گەردوونەی
كە ماجونێكی قوڕین گاڵتەت پێ دەكا ناوی ئادەمە.
(4)
كێیە ئەو كەسەی زیاتر لە زانینی خۆی پیاهەڵدان دەكات؟
هەڵدەلەرزێ و دەپرسێ: من نەمری گەشتێكم نازانرێ كەیە و بۆ كوێیە؟
یان نەمری گەڕانەوەیەكم كە نازانرێ كەی و بۆ كوێیە؟
ئەی ئەو كەسەی وڕێنە دەكەی، پێم بڵێ:
كەواتە من هەر دەبێ لەم چركەیەوە فێربم
چۆن لە دوا لاپەڕەوە کتێبی گەردوون بخوێنمەوە.
(5)
ـ ئەوەتا لێدانی دڵ لە جەستەی مردوودا خەریكە دەوەستێ.
ئایا هەروەك موتەنەبی دەیوت: «مردن مرد»؟
وا ژیانیش یەكەمین دانیشتنی خۆی
بۆ دادگاییكردنی ئەم زەمینی دووەمە دەست پێكرد،
كە زەمینی یەكەمی ئەتك كردووە.
ئێستا ـ چەكوشی دادگایە
ئەزموونەكەش گەواهییەكی راستگۆ،
رابردوو شمشێركێشێكە بە تەنیا چاوێكەوە گوزەر دەکات و
ئەمێستاكە ئاسمان هەر خۆی مەرگیشە.
ئاو وەختە بكەوێتە سەر پێ و بەدەست ئاماژە دەكات وهاوار دەكات:
بەناوی منەوە منداڵدان و مناڵ و شیردانیش مەكوژن
هەر هێندە بەس نەبوو كە لە پەپولە و باڵندەكان رابمێنین
كراسی جێگاكان بپۆشن و سۆزی فەزاكان بدەن بەخۆیاندا.
هەر هێندە بەس نەبوو گوێ لە سەرچاوەكان بگرین،
بەسەر گۆڕی دار بەڕووەکاندا بگرین.
ـ شتەكان ئاوێنەن
ـ هەموو ئاوێنەیەك هەڵلەرزینێكە
-هەموو ئاوێنەیەك دەورو بەرێكە لە تەنگانەدا،
بایەكە دەستی دەخاتە سەر سەری خۆر
كەی ئەو سبەینێیە دەست پێ دەكات، كە ناوی مرۆڤە؟
پاریس/ نۆڤەمبەری 2023
*ئەم دەقە رۆژی شەممە 2 ـی دیسەمبەری كانونی یەكەم، لە پاشكۆی «لابرینتۆ»ـی رۆشنبیریی لە مەكسیك بەوەرگێڕانی جەعفەر عەلوانی و یۆلاندا سولێر ئۆنیس بڵاوبۆتەوە. شاعیر واتە ـئەدۆنیسەـ مافی بڵاوكردنەوەی وەرگێڕانی عەرەبیی ئەم دەقەی لێبڕاوانە و بەتەنیا بەو «گۆڤار»ە بەخشیوە .
ژێدەر : گۆڤاری (المجلة)، ژ 1955ـی مارسی 2024
(https://www.majalla.com/node/310241.)