ناساندنی کتێبى:

زانستى ژیان (ئایورڤێدا)

10:54 - 2022-07-03
کەلتور
1496 جار خوێندراوەتەوە

فەهیمە سابیر

کتێبی زانستی ژیان «هاوبیر کامەران حەمە ئەمین» نووسیوێتی و دکتۆر «ڤیناى ڤۆرە» پێشەکى کورتی بۆ نووسیوە. دکتۆر ڤیناى ڤۆرە لە بارەى ئایورڤیداوە دەڵێت: زانستی ئایورڤیدا وەک پزیشکى جێگرەوە هاتۆتە کایەوە،  بۆ یارمەتى دانى مرۆڤ لە ڕووى تەندروستى جەستەیی، دەروونی، رۆحیەوە، کە زانستى دانایی دێرینە. ئەم زانستە جیهانیە، بۆیە نووسینى بە زمانى کوردى دەرخەرى ئەوەیە کە ئەم زانستە تەنها پەیوەست نیە بە هندستانەوە،  بەڵکو جیهانیە،  (لە هەرکوێ مرۆڤ هەبێت لەوێش زانستى گەڕانەوە بۆ هاوسەنگى لەگەڵ دهارماى سروشتى هەیە)، نووسەر دەڵێت: (خۆت پزیشکى خۆت بە). نووسەر زیاتر لە هەشت ساڵى تەرخان کردووە بۆ نووسینى ئەم کتێبە و توانیوێتى کە بڕوانامەى دپلۆمى (راوێژکارى لە ئایورڤیدا)دا لە وڵاتى سوید و دیپلۆمى دووەم لەسەر دەستى (سوامى مادهاڤاناندا) تەواوکارى خوێندنەکانى پێشتر بکات و بتوانێ ئەم کتێبە تەواو بکا.
- مرۆڤەکانى پێش ئەم زەمەنە ئاسنینە زۆر تەندروستتر بوون هەم لە رووى دەروونى هەم لە رووى جەستەییەوە،  ئەوەش ماناى وایە مرۆڤ رۆژ لە رۆژ لە سروشتەکەى دوور دەکەوێتەوە و روودەکاتە ئەو شتانەى کە بەخۆى دروستیان دەکات و بەمەش هێواش هێواش هاوسەنگى خۆى لەدەست دەدات.
وشەى (ڤێدا) سانسکریتیە و بە ماناى (زانین) دێـت،  بۆیە ئەم ناوەنراوە لەبەر ئەوەى دەستى مرۆڤ دەگرن و تا مەنزڵى ناسنیى خود دەست بەردارى نابن،  ئەم زانینە زانینى پیرۆزە کە لە ناو خودى مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، (ئەگەر ئێمە هەموو بونەوەر نەبین ئەوا بونەوەر هەموو ئێمەیە)، (هەم ناوەوە دەرەوەیە و هەم دەرەوە ناوەوەیە).
زانستەکانى ڤێدا بریتیین لە یەکەم: یۆگا، زانستى یەکبوون لەگەڵ هێزى باڵا و زانستى خۆناسین. دووەم:  ئایورڤیدا، زانستى ژیان. سێیەم: جیۆتیش، زانستى ئەستێرەناسى ڤێدایی. چوارەم: گاندارڤا، زانستى هونەر و مۆسیقا. پێنجەم: دهانورڤیدا، زانستى بەرگرى و تیرئەندازى. شەشەم: ستاپاتیا، زانستى ئەندازە و بیناسازى ڤێدایی.
- سوامى مادها ڤاناندا دەڵێت: (هەندێ کات ناتوانین جیاوازى بکەین لە نێوان ئایورڤیدا و یۆگا دا). د. ڤاسانت لاد دەڵێـت:(پێش 5000 ساڵ لەمەوبەر بەرکارهێنراوە و فێرت دەکات کە مرۆڤ جیهانێکى بچووکە لە دەروونى خۆیدا، بوونى تاکێتى ئەو دانەبڕاوە لە هەموو بوونەوەرە گەردونییەکان، هەر بۆیە ئایورڤیدا تەنانەت نەخۆشى و تەندروستیش بە شێوەیەکى یەک دەبینێت). دیپاک چۆپڕا دەڵێت: (ماناى وردى ئایورڤیدا بریتییە لە زانستى درێژ کردنەوەى تەمەنە).
مێژووى ئایورڤیدا
زانستی ڤیدایی بەسەر چوار قۆناغدا دابەش دەبێ. یەکەم: سەردەمى ڤیدایی،  دووەم: سەردەمی کلاسیک،  سێیەم: سەردەمی مت بوون،  چوارەم: سەردەمی نوێ. سەردەمى نوێ لە 1950 دەست پێدەکات هەتا ئەمڕۆ،  سەردەمى ڤێدای (ئەفسانەیی 4000 بۆ 2000 پێش زاینە،  سەردەمى کلاسیک 300 ساڵ پێش زاینە، سەردەمى مت بوون 1000 تا 1950 دەست پێ دەکات.
سەردەمى نوێى ئایورڤێدا
 ئایۆرڤێدا پێی نایە سەردەمێکەوە کە تیایدا زۆر زیاتر لە جاران ببێتە جێى سەرنجى زانایان و پزیشکانى جیهان و ئێستا بە سەدان و هەزاران سەنتەر و خەستەخانە و کلینیک و پەیمانگاى تایبەت بە ئایورڤێدا هەیە لەسەرتاسەرى جیهاندا.
مەبەستى ئایورڤێدا
یەکەم:
یارمەتیدانى مرۆڤ بۆ گەیشتن بە دەرکێکى روون و ئاشکرا دەربارەى دهارما و یاسا کەونییەکان. دووەم: نەهێشتنى ئەو بەربەستانەى دێنە سەر رێى مرۆڤ لە چوونى بەرەو کمالى رۆحی. سێیەم: هاوسەنگکردنى دەروون و جەستەى مرۆڤ.
دیارى کردنى نەخۆشى لە ئایورڤێدادا سێ جۆرە 
یەکەم: نەخۆشیە جەستەییەکان.
 دووەم: نەخۆشییە دەروونییەکان.
سێیەم: نەخۆشییە مەعنەوییەکان (جگەر و سى و دڵ).

هۆکارەکانى پەیدا بوونى نەخۆشى
یەکەم: ئاتى یۆگا: زیادەڕەوى لەبەکارهێنانى لەش و زەین و دەروون لە ئیش و کارى ژیانى رۆژانەدا. دووەم: یین یۆگا، کەمڕەوى و کەم بەکارهێنانى لەش و زەین و دەروون و تەمبەڵى و نەبوونى چالاکى لە ژیانى رۆژانەدا. سێیەم: میتا یۆگا، ناهاوسەنگى لە نێوان بەکارهێنانى لەش و زەین و دەرووندا.
قۆناغەکانى دەرکەوتنى نەخۆشى 
دیپا چۆپڕا پێی وایە سەرچاوەى نەخۆشى لە زەیندایە نەک لە لەشدا. حەوت هەلومەرج هەیە پزیشک بۆ چارەسەرى نەخۆش دەستکاریى ئەم حەوت بوارە دەکات. یەکەم: سیستەمى ژیانى ئەم کەسە. دووەم: کات و زەمەن. سێیەم: شوێن و جێگەى نەخۆش. چوارەم: هەڵچوون و هێزى دەروونى و هەستی نەخۆش. پێنجەم: زەمینەى دەستکارى هەموو ئەو هەڵچوونانەى لەو نەخۆشەدا روو دەدەن. شەشەم: بواری خۆراک و دیارىکردنى بڕ و شێوازى ئامادەکردن. حەوتەم: شێوازى ژیان بە گشتى بەهەموو رووکارەکانییەوە.
 شێوازى دیاریکردنى نەخۆشى
پزیشکی ئایوڤیدا زۆر بە ئاسانى لە سێ رێگەی «چاو» و «دەست» و «گوێ»وە دەزانێت کێشەى نەخۆشەکە چییە. بەگشتى چەند رێگایەکمان هەیە بۆ دیارى کردنى نەخۆشى، واتە لە رێگەی لێدانی دڵ، لەرێگەی زمانەوە، لەرێگەی لێو و نینۆکەکانەوە، لە رێگەی پرسیار و وەڵامەوە.
ئەم کتێبە زۆر کتێبێکی بەسودە و هەموو زانستێکى ژیانى تێدا باسکراوە، خۆى 382 لاپەڕەیە و من لە بەشى یەکەمدا لە 73 لاپەڕەدا ئەم پوختەیەم دەرهێناوە تا سەرەتایەک بێ بۆ ناساندنی کتێبەکە بە خوێنەری ئەم نووسینە و هاندانی خوێنەران بۆ خوێندنەوە کتێبەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان