یادی شەهیدبوونی فەرماندەكەی تیپی 55ی قەرەداخ

11:42 - 2024-09-30
کوردستان
94 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی سەروەران

 

شەهید فەرماندە حەمەسەعید سێتەڵانی، یەكێكە لەو پێشمەرگە و فەرماندانەی كە رۆڵی گەورە و درەوشاوەیان هەبووە و بینیوە لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، لە ساتە سەختەكانی بەرگریی لە خاكی كوردستاندا وەك كێو لە بەردەم سوپای داگیركەردا چەقیوە، پایەی  پتەو و نەلەرزیوی ناو هێزی پێشمەرگەبووە.
شەهید حەمەسەعید جگەلەوەی گەنجێكی خوێندەوار و دەرچووی قۆناغی ئامادەیی بووە كە بۆ ئەوكاتە بڕوانامەیەكی بەرزبووە، بە سروشت و بوونیەتی خۆی، خاوەن كەسایەتییەكی پەسەند و پێگەی تایبەت بووە، بۆیە بەزوویی كاری رێكخستن و سیاسیی لەناو گوندەكاندا پێ سپێردراوە.
دیاریكردنی كەسانی وەك شەهید حەمەسەعید بۆ ئەركی (كادری جەماوەری) كە بەركەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ خەڵکدا هەبووە، هۆكارێك بووە بۆ زوو گەشەكردنی شۆڕش، چونكە واقیعیانە و هۆشیارانە هەڵسوكەوتیان دەكرد و دەبوونە بەشێك لە خەڵكەكە، لە خۆشی و ناخۆشییەكانیاندا هاوبەشیان دەبوون و زۆرجار لە كاری وەرزێری و جوتیارییدا، هەرەوەزیان بۆ خەڵكی گوندەكان دەكرد.
ئەمەش ئەو وێنە جوانەی شۆڕشی نوێی لە لای خەڵك باشتر بەرجەستە دەكرد كە شۆڕشی ئەمجارە، شۆڕشی رەنجدرانی بیروبازووە و بەشێكە لە خۆیان، نەك بار و ئەركێكی گران بەسەریانەوە.
دواتریش شەهید حەمەسەعید كە دەبێتە فەرماندەی سەربازی، ئازایەتی و زرنگییەكەی لە نەخشەكانی شەڕدا سەرنجی دەوروبەر رادەكێشێت و وەك پسپۆڕێكی بواری جەنگ لێی دەڕوانن، هەربۆیە بەزوویی پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕی تا گەیشتە فەرماندەی تیپ.

ژیاننامەكەی
شەهید حەمە سەعید حاجی غەریب سێتەڵانی، لە دایكبووی ساڵی 1955ی گوندی سێتەڵان-ی شارەزوورە، دەرچووی قۆناغی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆیە.
ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1978 لە هەرێمی پێنجی قەرەداغ بووە بە پێشمەرگە، وەك كادرێكی رێكخستن لە گوندەكاندا ئیشی كردووە، بەهۆی سەركەوتنییەوە لەو بوارەدا دەستنیشانكرا بۆ ئەركی لێپرسراوێتی كاروباری ناوچەی شارەزوور لە ساڵی 1981دا.
بەگشتی چەندین پلە و پایەی پێشمەرگایەتی بڕیوە، وەك: لێپرسراوی ناوچەی شارەزووری سەر بەهەرێمی پێنجی قەرەداغ و فەرماندەی كەرتی دووی تیپی 55ی قەرەداغ،  جێگری فەرماندەی تیپی 15ی هەورامان و فەرماندەی تیپی 55ی قەرەداغ، وەك كادیرێكیش لەبناری شارەزوورو قەرەداغ كاریكردووە، پێشمەرگەیەكی ئازاو لەخۆبوردوو و رۆشنبیرو هۆشیار بووە، هەمیشە لەپێش هەڤاڵەكانی هەڵمەتی دەبردە سەر دوژمن و تا دواساتەكانی ژیانی بەو شێوەیە بوو.
بەداخەوە، شەوی 29\30/9/1987 لەكاتی شەڕی بورجەكەی دارەڕەشدا لە نزیك شاری سلێمانی، شەهیدكرا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان