شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بۆ هونەرمەندان: هونەرمەندانی کورد پێشمەرگەی بوارەکەی خۆیانن

05:22 - 2024-10-01
کوردستان
492 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەشرینی یەکەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ بەشێک لە هونەرمەندان و هونەرمەندانی میللی سنووری سلێمانی کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەئامادەبوونی هەڤاڵ دکتۆر عومەری شێخ موس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و هەریەک لەهەڤاڵان زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی و  جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر و مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی و کاک جەزای ساز بەڕێوەچوو، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، لەوتەیەکدا رۆڵی بەرچاو و کاریگەری هونەرمەندان و هونەرمەندانی میللی لە پیشاندانی رووی جوانی شارستانی و کەلتوور و کەلەپوری کۆمەڵگەی کوردەواری بەرزنرخاندو پێیڕاگەیاندن ئێوە هیچتان لە هونەرمەندانی جیهان کەمتر نییە.

جەختیشیکردەوە، هونەرمەندانی کورد پێشمەرگەی بوارەکەی خۆیانن، چونکە ئەوانیش لەڕێی هونەرەکەیانەوە خزمەتێکی گەورەی کۆمەڵانی خەڵک دەکەن، هەر بۆیە پێشتر لە شاخ و شاریش لە لایەن رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال-ەوە گرنگیان پێدەدراو داواکارییەکانیان بەهەند وەردەگیراو لە ئێستاشدا لە لایەن سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتییەوە بایەخی بەرچاویان پێدەدرێت.

 دواتر باسی لە نەخشی گرنگ و کاریگەریی هونەرمەندان کرد لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانداو جەختیکردەوە کە دەتوانن لەڕێی وشە و چالاکییە جوانەکانیان و دەنگی بەسۆزیانەوە جەماوەر بخەنە جۆش و خرۆش و هانیان بدەن دەنگ بەلیستی 129ی یەکێتی بدەن، ئەو لیستەی تەنها ئومێدە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە بتوانێت هاوسەنگی لەنێو حکومەتدا دروست بکات و کەموکوڕییەکانی دەسەڵات چارەسەر بکات، بەجۆرێک کە بتوانرێت کۆتایی بەمەینەتی و نادادییەکان بهێنێت و ئاهێک بەبەر  کۆمەڵانی خەڵکی ماندووی کوردستاندا بهێنێت.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ دکتۆر عومەری شێخ موس، لە وتەیەکدا، هونەرمەندان و رووناکبیران و نووسەرانی بەدڵ و مێشکی هەر میللەتێک شوبهاندو پەیگیری کرد کە کاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵک هەیەو پێویستە ئەو کاریگەرییە بۆ پشتیوانیکردنی لیستی 129 بخەنەگەڕ.

باسی لەوەشکرد کە لە هەموو جیهاندا پرسیارێکی گرنگ دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەت، ئەویش ئەوەیە؛ ئاخۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی باشتر کردووەو ئایا گۆڕانکاریی هێناوەتەئاراوە؟ بەو پێودانگەش بێت دەبێت کار بۆ گۆڕینی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم بکرێت بەجۆرێک کە ببێتە حکومەتێکی خزمەتگوزار، ئەویش لەڕێی خەباتی ئاشتیانەی پەرلەمانیی دوور لەتوندوتیژیی.

دوای کۆبوونەوەکەش، تێپی هەڵپەڕکێی نیشتمان، دیمەنێک لە هەڵپەڕکێیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، وەکو ئاهەنگێکی پێشوەختەی تایبەت بەسەرکەوتنی چاوەڕوانکراوی یەکێتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان