ئا: یانی سابیر
لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ لە كەناری خۆرهەڵات و ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو ناوچانە، دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا فەرمانیان بە دەیان هەزار هاووڵاتی كردووە كە ماڵەكانی خۆیان لە سیدنی پایتەخت و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری بەجێبهێڵن.
فەرمانگەی كەشناسیی ئەو وڵاتە هۆشداریداوە لەوەی كە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەری بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو و رۆچوونی زەوی هەیە بە درێژایی ناوچەكانی كەناری خۆرهەڵات تا باكوور و باشووری سیدنی لە ویلایەتی نیو ساوس وێڵز.
فەرمانگەی خزمەتگوزاری و فریاكەوتن لە ویلایەتەكە فەرمانی كردووە كە ناوچەی باشووری سیدنی چۆڵ بكرێت، چونكە لە ئەگەری مانەوەی هاووڵاتیان، ئەوا بەبێ ئاوی خواردنەوە و كارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دەمێننەوە و رەنگە بەهاناوەچوونیان، مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەندامانی تیمەكانی فریاكەوتن دروست بكات.
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی ئاوی ویلایەتەكە رایگەیاندووە: بارانی زۆر و بەخوڕ بۆتەهۆی دزەكردنی ئاو لە بەنداوی باشووری خۆرهەڵاتی سیدنی و پێدەچێت هەمان رووداوی مانگی ئازاری 2021 لە هەمان بەنداو دووبارەببێتەوە، كە وێڕای گیانلەدەستدانی چەند كەسێك، زیانی زۆری مادیشی لێكەوتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەكان