له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-2
هان كانگ ساڵی (2016) پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی بوكه‌ری نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت نووسه‌رێكی سه‌ركه‌وتووی كۆریای باشوور بوو، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی شاكاره‌كه‌ی (رووه‌كی) و وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته له جیهاندا ناسرا و دوای ئه‌وه، كتێبه‌كانی تری له‌لایه‌ن (دبورا سمیس)وه‌رگێڕی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه بۆ ئینگلیزی زمانه‌كانی تر ته‌رجه‌مه كران. رووه‌كی وێڕای خه‌ڵاتی بوكه‌ر، خه‌ڵاتی كتێبی ساڵی نیویۆرك تایمز، تایم، ئیكۆنۆمیست و واڵ ستریت جورناڵی وه‌رگرت. رووه‌كی چیرۆكی ژنێكه كه ده‌یه‌وێت ببێت به دره‌خت.
ده‌یه‌وێت واز له نه‌وه‌ی مرۆڤ بهێنێت بۆئه‌وه‌ی خۆی له ره‌شی خودی مرۆڤ رزگار بكات. (ییونگ- های) دوای كابووسێك واز له خواردنی گۆشت ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌نی له تاوان و توندوتیژی پاك بكاته‌وه، ورده ورده ده‌بینێت بۆ گه‌یشتن به بێگوناهی ته‌واو پێویسته له به‌ده‌نی مرۆڤی خۆی دووربكه‌وێته‌وه و له‌وه‌دا ئاواتی ئه‌وه‌یه ببێت به دره‌خت. (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) رۆمانی دواتری كانگ بوو كه ته‌رجه‌مه‌كرا بۆ ئینگلیزی و جارێكی تر سه‌ركه‌وتنی بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد. كتێبه‌كه گه‌یشته قۆناغی كۆتایی خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی دبلین، كتێبی ساڵی ئه‌مازۆن، ئه‌تڵانتیك، سان فرانسیسكۆ، رادیۆی نیشتمانی ئه‌مریكا، لایبری جۆرناڵ و هافینگتۆن پۆست. رووداوه‌كانی (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) له (گوانگجۆی) كۆریای باشوور ده‌گوزه‌رێن. له‌ناوجه‌رگه‌ی سه‌ركوتكردنی خوێناوی شۆڕشی دیموكراسیدا، كوڕێژگه‌یه‌ك به‌دوای به‌ده‌نی هاوڕێكه‌یدا وێڵه، رۆحێك به‌دوای به‌ده‌نی به‌ره‌ڵاكراوی و وڵاتێكی سته‌مدیده‌ش به‌دوای ئازادی راده‌ربڕیندا وێڵه. رۆمانی سێیه‌می هان كانگ به‌ناوی (كتێبی سپی)یه، له ساڵی (2018)دا به ئینگلیزی بڵاوكرایه‌وه و بۆ جاری دووه‌م خه‌ڵاتی بوكه‌ری بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد.
(كتێبی سپی) به زمانی ئاوێته‌ی چیرۆك و شیعر نووسراوه. نووسه‌ر به‌سه‌رهاتی كه‌سێك به‌پێی رووداوێكی مێژوویی ده‌گێڕێته‌وه، رۆمانی رووەکی و کتێبی سپی تەرجەمە کراون بۆ کوردی، ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه هه‌ڵبژارده‌یه‌كه له گفتوگۆی هان كانگ له‌گه‌ڵ گاردیان و ئه‌نستیتۆی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی كۆریای باشوور سه‌باره‌ت به هه‌رسێ كتێبه‌كه‌ی.
*تۆ وتت نووسینه‌كانت له‌سه‌ر ته‌وه‌ری مانای مرۆڤه. رۆمانی (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) كۆمه‌ڵێ بواری فراوان له خۆده‌گرێت، له دڕنده‌ییه‌وه تا نه‌رمونیانی. به روانینێكی سه‌رپێی ده‌بینین (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) كه ته‌ركیزی له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی پاش جه‌نگی نه‌وه‌ی گه‌نج و ململانێكانییه‌تی له‌سه‌ر رێگه‌ی دیموكراسی زۆر جیاوازه له رۆمانی (رووه‌كی) كه رۆمانێكه ته‌ركیزی له‌سه‌ر بوارێكی ته‌واو تاكه‌كه‌سییە؟
–به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه وه‌كو دوو رۆمانی جیاواز دێنه‌به‌رچاو، به‌ڵام ده‌كرێت وه‌كو جووت سه‌یر بكرێن له‌و رووه‌وه ره‌گ و ریشه‌یان پێكه‌وه گرێ دراوه. له كاتی نووسینی (رووه‌كی)دا له چه‌ند پرسیارێك ده‌رباره‌ی توندوتیژی مرۆڤ و مه‌حاڵیی بێگوناهی قووڵ ده‌بوومه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌وه كه (ییونگ-های)ه كه به‌جدی ده‌یه‌وێت پشت بكاته توندوتیژی و ئه‌مه‌ش به دووركه‌وتنه‌وه له پێكدادان و گۆڕانكاری له رووه‌كێكدا ده‌كات كه نیشانه‌ی نائومێدی و گومانی قووڵه له مرۆڤایه‌تی. له رۆمانه‌كه‌ی ترمدا (چه‌ند وانه‌یه‌كی یۆنانی)، پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه له دژی ئه‌و توندوتژییه‌ی كه ئاوێته‌ی زمان بووه توانای قسه‌كردنی له ده‌ستده‌دات. ئه‌م حاڵه‌تی ناڕه‌زاییه وێڕای ئه‌وه‌ی، خۆی له‌خۆیدا ئاره‌زوویه‌كی تیایه بۆ چاكبوون (كه سنووداره و رووبه‌ڕووی سه‌ختی زۆر ده‌بێته‌وه)، واته چاكبوونی ویقاری مرۆڤانه له رێگه‌ی كرده‌وه‌ی خۆوێرانكردنه‌وه. (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه)ش به ئازارێك له توندوتیژی مرۆڤانه ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام من ده‌مه‌ویست له كۆتاییدا به ویقاری مرۆڤانه بگه‌م، بگه‌م به‌و جێگا رۆشنه‌ی كه گوڵ خونچه ده‌كات. ئه‌وه گه‌وره‌ترین هانده‌ری من بوو بۆ نووسینی ئه‌م رۆمانه.
*(كتێبی سپی) چیرۆكی خوشكه‌كه‌ته كه دوو سه‌عات دوای له دایكبوونی مرد. چ شتێك بووه هۆی ئه‌وه‌ی بته‌وێت یان هه‌ست بكه‌یت ده‌توانیت له‌باره‌یه‌وه بنووسیت؟
–نه‌مده‌ویست سه‌باره‌ت به خوشكه گه‌وره‌كه‌م بنووسم. دایك و باوكێك گه‌وره‌یان كردم كه نه‌یانده‌توانی له‌بیری بكه‌ن. كاتێ سه‌رقاڵی نووسینی (كرده‌وه‌ی مرۆڤانه) بووم، یه‌ك دێڕ دیالۆگ به شێوه‌یه‌كی سه‌یر له گوێم‌دا ده‌زرنگایه‌وه و له ناخمدا مایه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو «مه‌مره، بۆ خاتری خوا مه‌مره.» له‌ناكاو ئه‌وه‌م هاته‌وه یاد ئه‌مه په‌یوه‌ندی به یاده‌وه‌ریی دایكمه‌وه هه‌یه. ئه‌مه‌ی بۆ گێڕابوومه‌وه كه به خوشكه‌كه‌می گوتبوو پێش له دایكبوونی من، چه‌ندان جار ئه‌م رسته‌یه‌ی دووباره كردبۆوه.
*نووسیوته چۆنچۆنی «له جیاتی ئه‌و مردنه هاتیته دنیاوه و گه‌وره بوویت» ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆن له گه‌وره‌بوونی تۆدا كاریگه‌ریی دانا؟
–مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا له ده‌ستدانی خوشكه‌كه‌م نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هاداری ئێمه بوو. باوك و دایكم به من و براكه‌میان ده‌گوت: «ئێوه به‌شێوازێكی وه‌ها به‌هادار لای ئێمه له دایكبوون، ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕێتان بووین». به‌ڵام له هه‌مانكاتدا پرسه‌ش بوو. ئاوێته‌یه‌ك بوو له پرسه و هه‌ستی به‌هاداریی ژیان.
*له رۆمانه‌كه‌دا وتوته ئه‌گه‌ر مناڵی یه‌كه‌م و دووه‌می دایكتان نه‌مردایه، تۆ و براكه‌ت هه‌رگیز نه‌ده‌هاتنه دنیاوه. ئه‌مه چ هه‌ستێكت پێده‌به‌خشێت؟
–كاتێ دایكم سكی به من پڕ بووه، زۆر به خراپی نه‌خۆش كه‌وتووه و ده‌رمانی زۆری خواردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر لاوازبووه، بیری له‌وه كردۆته‌وه من له‌ناوبه‌رێت. به‌ڵام دواتر له سکیدا جووڵه‌ی من هه‌ست پێده‌كات و بڕیار ده‌دات من بهێنێته دنیاوه. من هه‌ست ده‌كه‌م جیهان ده‌گوزه‌رێ و ئه‌م جیهانه‌ش شانسی به من داوه.
*له لاپه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێیت ده‌ته‌وێت نووسینی ئه‌م رۆمانه ببێته هۆی گۆڕانكاری له مندا، ئه‌وه روویداوه؟
–به‌ڵێ نووسینی ئه‌م رۆمانه به‌ڕاستی یارمه‌تی منی داوه. وه‌كو رێوڕه‌سمێكی بچووك و رۆژانه وابوو. وه‌كو دوعا. كاتی ده‌منووسی، هه‌ستم ده‌كرد به تێپه‌ڕبوونی هه‌ر رۆژێك نزیكتر ده‌بمه‌وه، له به‌شێكی دیاریكراوی ده‌روونم كه قابیلی روخان نییه و زیانی پێناگات.
*تۆ له ته‌مه‌نی لاویته‌وه شه‌قیقه‌یه‌كی قورست هه‌یه. ئه‌م ئازارانه چۆن كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌رت؟
–شه‌قیقه‌كه‌م ئه‌وه‌م به بیرده‌هێنێته‌وه كه مر‌ۆڤم. چونكه كاتی شه‌قیقه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات ده‌بێت ده‌ست له ئیش هه‌ڵگرم، واز له خوێندنه‌وه و ئیشه رۆتینییه‌كان بێنم، بۆ هه‌میشه ساده و خاكیم ده‌كاته‌وه، یارمه‌تیم ده‌دات تێبگه‌م ده‌مرم و تێكده‌شكێم. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر له سه‌دا سه‌د ساغ و سه‌لامه‌ت و پڕ وزه بوومایه نه‌متوانیایه بببم به نووسه‌ر.
*گوتوته له چوارده ساڵییه‌وه ده‌تزانی ده‌ته‌وێت ببیت به نووسه‌ر؟ له كوێوه ده‌تزانی؟
–چونكه به دوای وه‌ڵامی پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا ده‌گه‌ڕام. ئه‌وكاته وه‌كو خوێنه‌رێك تێگه‌یشتم كه هه‌موو نووسه‌ره‌كان به دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێن به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێك به‌ڵام هه‌ر ده‌نووسن. كه‌واته بیرم كرده‌وه بۆچی من ئیشێكی وانه‌كه‌م؟
*باوكیشت رۆماننووسه. ئه‌و به چ شێوه‌یه‌ك كاری له تۆ كردووه؟
–كاتێ گه‌وره ده‌بووم ماڵه‌كه‌مان پڕ بوو له كتێب، پێم وایه ئه‌وه گرنگترین كاریگه‌رییه.
*كام نووسه‌رانه زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر نووسینی تۆ هه‌بووه؟
–له‌ناو نووسه‌رانی كۆریادا عاشقی كورته‌چیرۆكه‌كانی (لیم چول وو)م. له‌ناو نووسه‌رانی بیانیشدا عاشقی دۆستۆیڤسكیم.
*له‌ناو ئه‌دیبه‌كاندا به مردوو و زیندووه‌وه حه‌زت ده‌كرد كامیان ببینیت؟
–من نامه‌وێت نووسه‌ران ببینم، من پێشتر له رێی كتێبه‌كانیانه‌وه به دیداریان شاد بووم. ئه‌گه‌ر كتێبه‌كه‌یانم خوێندبێته‌وه و هه‌ستم به شتێك كردبێت. شتێكی به‌هاداره. نووسه‌ران باشترین شته‌كانی خۆیان له قاڵبی كتێبه‌كانیاندا ده‌نووسن و خوێندنه‌وه‌یان بۆ من به‌سه.
*رۆمانی (رووه‌كی) تۆ خه‌ڵاتی بوكه‌ری وه‌رگرت. ئه‌م رووداوه چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بووه له‌سه‌ر ئیشه‌كه‌ت وه‌كو نووسین؟
–من به خوێنه‌ران و وه‌رگرانێكی زیاتر ئاشنا بووم. به‌ڵام پاش چه‌ند مانگێك ویستم زیاتر سه‌رقاڵی ژیانی تایبه‌تی خۆم بم، چونكه ده‌ركه‌وتن و بایه‌خ پێدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بۆ نووسه‌ر باش نییه. مه‌حاڵه هه‌ست و هۆشت لای ئه‌و بایه‌خ پێدانه بێت و بتوانیت بنووسیت.
سه‌رچاوه: morour.org