حەیدەر مەنتك
لـــە ســـــاڵانــــی هەشــــــــتا رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەشەی باشی بەخۆوە بینی و رۆڵی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان ببووە جێگەی متمانەی گەنجەكانی ئەوكات و كاریگەریی تەواوی لەسەریان هەبوو، ئەگەرچی ئەو كاریگەرییە گشتی و لە هەموو ناوچەكان بوو، بەڵام لە ناوچەی دیبەگە جۆرێكی تایبەت و بەرفراوان بوو، رۆژ دوای رۆژ گەنجەكان هەستی نیشتمانی و نەتەوەییان بەهێزتر دەبوو و پەیوەندییان بە رێكخستنەكانی كۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەكرد.
یەكێك لەو ماڵانەی ئەو سنوورە كە كوڕەكانیان دەروێشانە لە ریزەكانی یەكێتیدا دەستیان بە خەبات و تێكۆشان كرد، ماڵی مام سەلیم دیبەگەیی بوو، بێگوێدانە هەڕەشە و مەترسییەكانی رژێمی بەعس، بۆ ئامانجەكانیان تێدەكۆشان.
تاهیر شورتە، یەكێك لە كوڕەكانی مام سەلیم بوو، ساڵی 1982 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەوە و ساڵی 1983 بووە بە پێشمەرگە لە دەشتی هەولێر، پێشمەرگەیەكی ئازا و بە بیروباوەڕ، بەشداریی دەیان داستان و نەبەردی كردووە لەگەڵ چالاكیی ناو شاری هەولێر، لەبەر ئازایی و دڵسۆزیی كرایە فەرماندەی مەفرەزە و دواتریش جێگری فەرماندەی كەرت، برایەكیشی بە ناوی (زاهیر) پێشمەرگە و فەرماندەی مەفرەزە بوو، شەهیدكرا.
هەڤاڵ مەلا ئاوات، دەربارەی شەهید تاهیر بۆ كوردستانی نوێ وتی: شەهید تاهیری مام حاجی سەلیم و گەنجەكانی ئەو بنەماڵەیە، رۆڵی بەرچاو و دیارییان هەبووە لە خەباتدا و بەشداریی بزاڤی رزگاریخوازی میللەتەكەیان كردووە، قوربانی و خوێن و فرمێسكی زۆریان بەخشیوە، بەڵگەی سوارچاكییەكانی ئەو بنەماڵەیە زۆرن، لە یەكەم دەستپێكی شۆڕشدا و وەك ئەركێكی نەتەوەیی و بە راسپاردەی حزب، كاكە جەوهەری براگەورەی داواكاری و داخوازی خەڵكی كوردستانی گەیاندە مەخفەری ناحیەی دیبەگە، پاشانیش لەسەر سووتانی ناحیەكە، لەگەل نەمران سەلیمی حاجی و مەحمودی ئەحمەد مەحمود حوكم دران و لە زیندانەكانی بەعس و قەومییەكان ماوەی حوكمەكەیان بەسەر برد.
وتیشی: ئەم بنەماڵەیە هەمیشە قوربانیان بەخشیوە، ساڵانی شەستەكانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول (كەریم عارەب)ی ئامۆزای شەهید تاهیر تا دوا فیشەك بەرگریی كرد و شەهیدكرا، لە شۆڕشی نوێشدا زاهیری برای پێشمەرگەی هەرێمی 74ی باڵەك بوو شەهید كرا، قاسمی براشی لە پێش ماڵی خۆیدا لەلایەن جاشەوە شەهیدكرا.
شەهید تاهیریش كاتێك پۆلیس (شورتە) بوو لە ناحیەی دیبەگە، ئەندامێكی چالاكی رێكخستنەكانی كۆمەڵە و بە دەست و جەربەزە بوو، رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو.
ژیاننامەكەی
شەهید تاهیر سەلیم قادر حاجی ناسراو بە تاهیر شورتە، لە دایكبووی ساڵی 1956ی
ناحیەی دیبەگەی قەزای مەخمورە لە پارێزگای هەولێر، لە عەشیرەتی (بابۆڵی)یە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1982 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1983 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 86ی دەشتی هەولێر.
سەرەتا كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی سێی تیپی 86ی دەشتی هەولێر و دواتر جێگری فەرماندەی کەرت.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی سنووری مەڵبەندی سێی هەولێری كردووە.
رۆژی 6/11/1987 لە نەبەردییەكدا لە گوندی ساقیەی نزیك گوێڕ، شەهید كرا.