كۆستی شۆڕش

لە یادی 46 ساڵەی شەهیدبوونی مامۆستا غەفور ژاژڵەییدا

11:40 - 2024-10-07
کوردستان
157 جار خوێندراوەتەوە
شەهید مامۆستا غەفور ژاژڵەیی

ئاوات كۆكەیی

ساڵی 1978 بۆ شۆڕشی تازە هەڵگیرساوی گەلی كوردستان و بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ساڵێكی پڕ لە كارەسات و رووداوی گورچكبڕبوو، پێش ئەوەش و هەر لە لەدایكبوونەوە (ساڵی 1976) شۆڕشەكە كەوتە نێوان بەرداشەكانەوە، بەرداشی دەوڵەتانی عیراق و ئێران و توركیا و جاش و مەفرەزەخاسە و نەیارانی ناوخۆ و دەرەوە، تا لە ساڵی 1978دا تای بەرداشەكان بە تەواوی كەوتنە سەریەك و جەستەی شۆڕشەكەیان هاڕی، خۆ ئەگەر حیكمەتی سەركردایەتییەكەی و دڵسۆزیی گەلی كوردستان نەبوایە، ئەوا هێندەی نەمابوو جوڵانەوەكە بە ساوایی تیا بچێت، كارەساتی هەكاری كۆستە گەورەكە و  پێشتریش شەهیدبوونی كاك ئارام، لە سەرەتای ساڵەكەشدا تا كۆتایی بەپۆل پێشمەرگە لە سەنگەرەكاندا شەهید دەكران، وەك شەهیدبوونی ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا و هاوڕێكانی، یان لە زینداندا لە سێدارە دەدران، ئەمانە هەمووی كۆست و برینی قووڵی جەستەی شۆڕشەكەبوون.
رووداوی شەهیدكرانی مامۆستا غەفور ژاژڵەیی-ش لە شەوی 6\7/10/1978، كۆستێكی دیكەی كاروانەكەی شۆڕشی نوێیە، چونكە جێگەی ئومێدی گەورەی رەوانشاد مام جەلال و سەركردایەتی یەكێتی و شۆڕشی نوێ بوو، بۆشاییەكی گەورەی پڕكردبۆوە، مام وتوویەتی: مامۆستا غەفور شارباژێڕ دەكات بە قەڵای یەكێتی.
پێشتر لە ریزەكانی پارتی و شۆڕشی ئەیلولدا كادری چالاك و فەرماندە بووە، لە ریزەكانی (كاژیك)یشدا خەباتی كردووە و دواجاریش لە ریزەكانی ی.ن.ك و شۆڕشی نوێدا گەیشتە ئاستێك بەرژێر بوو بۆ سەركردایەتی، بەڵام روداوی شەهیدبوونەكەی رێگری كرد لەوەی لە كۆبوونەوە و كۆنفرانسێكدا بە فەرمی ئەو ئەركەی پێ بسپێردرێت.
هەرچەندە مامۆستا غەفور بە كردەوە و بە رایكردنی كارەكان و بەو بەرپرسیارێتییەكی لە ئەستۆی بوو، سەركردەیەك بوو لە گۆڕەپانەكەدا.
لێپرسراوی كۆمیتەی سلێمانی-ی بزوتنەوەی سۆسیالیست بوو كە بزوتنەوە باڵێكی كاریگەریی ناو یەكێتی و شۆڕشی نوێ بوو، كۆمیتەكەی گەورە و بەرفراوان بوو، تێكۆشەرەكانی ئەو كۆمیتەیە زۆریان گەیشتنە ئاستی سەركردایەتی.
لە بواری سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەوە كەسێكی دەستەبژێربوو، خوێندەوار و رۆشنبیرێكی دیاربوو، قسەزان و كاریگەر بوو، ئیتر كە بۆشاییەكی زۆر لە ریزەكانی شۆڕشدا درووست بوو، داواكرا و چووە دەرەوە، رژێمیش ئاستی بەرزی هۆشیاری و كاریگەریی مامۆستای دەزانی، بۆیە زۆر هەوڵیدا پەشیمانی بكاتەوە، لە رێگەی خەڵكی ناوچەكە و كەسایەتییەكانەوە پەیامی بۆ دەنارد و بەڵێنیی پۆستی گەورەی پێدەدرا.
بەڵام كە فریوی بەڵێنەكانی دوژمنی نەخوارد، رژێم كەوتەخۆ بۆ شەهیدكردنی، تا لە دواجاردا بە پیلان، شەهیدیانكرد.

كورتەی ژیاننامەكەی
شەهید مامۆستا غەفور ساڵح ژاژڵەیی، لەدایكبووی ساڵی 1947ی گوندی ژاژڵەی ناوچەی ماوەتە و لە گوندەكەی چۆتە قوتابخانە، دواتر قۆناغی ناوەندیی لە سلێمانی تەواوكردووە و هەر ئەوكاتە پەیوەندی كردووە بە یەكێتی قوتابیان و لاوانی كوردستانەوە، ساڵی 1962 و لە پۆلی دووەمدا دەستگیركراوە و لەگەڵ هاوڕێكانی بۆ باشووری عیراق دورخراونەتەوە، هەمان ساڵ و دوای چەند مانگێك بە نەخشەیەكی ژیرانە خۆیان دەربازكرد و گەڕانەوە بۆ ژاژڵە.
ساڵی 1963 بە تاقیكردنەوەی دەرەكی و بە نمرەی بەرز سێی ناوەندی تەواو كرد و ساڵی 1964 چووە خانەی مامۆستایان، ساڵی 1968 بووە مامۆستای قوتابخانەی ژاژڵە، هەر لەو ساڵەدا بووە ئەندامی رێكخراوی ماوەتی پارتی و دواتر بووە بەڕێوەبەری ناوەندیی ماوت.
ساڵی 1974 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كرد و كرایە سەرلق لە بەتالیۆنی 4ی هێزی خەبات، لە شەڕەكانی (سەرتیز و حاجی هۆمەران و دەرووی هۆمەراغ) بەشداریی كردووە و برینداربووە.
دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول بۆتەوە بە مامۆستا، لە  دروستبوونەوەی یەكێتی چۆتەوە كۆڕی تێكۆشان و بەهاری 1978 لەسەر داوای سەركردایەتی یەكێتی چۆتە شاخ، هاوینی هەمان ساڵ لە گوندی (دڕی)ی ناوچەی ماوەت لە شەڕێكی سەختدا بریندار كرا.
بەداخەوە، شەوی 6\7/10/1978 بە پیلانی نووسینگەی رێكخراوی باكووری بەعس و ئەمن و ئیستخباراتی سلێمانی، بەهۆی چەند بەكرێگیراوێكەوە، لە گوندی باڵخی شارباژێڕ، شەهیدكرا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان