د. ژیا عەباس: ئالودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان تووشی لادان و تاوان دەبن

11:20 - 2024-10-08
هەمەرەنگ
265 جار خوێندراوەتەوە
#د. ژیا عەباس

سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتی زانكۆی سلێمانی دەڵێت: بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان كاریگەریی نەرێنییان لەسەر لایەنی جەستەیی و عەقڵی و دەروونی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ دەبێت.
پرۆفیسۆر د. ژیا عەباس لەبارەی ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكان بە دوالاپەڕەی وت: ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكان بە پەتایەكی مەترسیدار دادەنرێت، كە لەئێستادا تەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێناسەی دەكات بەوەی ماددە هۆشبەرەكان بریتییە لە بەكارهێنانی هەر دەرمانێك بەبێ رەچەتەی پزیشكی كە دەبێتە هۆی تێكدانی فەرمانی ئەندامەكانی جەستە و گۆڕانكاریی لە پرۆسە عەقڵییەكان دروست دەكات، زۆر دووبارەكردنەوەی، تاك ئالودە دەكات و كاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنی جەستەیی و عەقڵی و دەروونی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت.
وتیشی: ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكان چەندین هۆكاری هەیە، بەشێكی پەیوەندیدارە بە خودی كەسەكان، ئەمەش زیاتر وابەستەیە بە توانا و ئیرادەی تاك لەرووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ئەو فشارە دەروونیانەی بۆی دروست دەبێت، كە زۆرجار بۆ هەڵهاتن لەو دۆخە، تاك پەنا بۆ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبات، تا بە تەواوی لەو واقیعە تاڵەی تێیدا دەژی، داببڕێت.
سەبارەت بە مەترسی ماددە هۆشبەرەكان وتی: مەترسیی ماددە هۆشبەرەكان خۆی دەبینێتەوە لەو شوێنەوارە خەتەرناكانەی لەسەر تاكی ئالودەبوو و خێزان و كۆمەڵگە بەجێیدەهێڵێت، بەڵام كاریگەرییە نەرێنیەكانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەر تاكی ئالودەبوو بەگوێرەی تەمەن و جۆری مادەكە و شێوازی بەكارهێنانی و چەندێتی بەكارهێنانەكەی دەگۆڕێت، بەگشتی لەمەترسیدارترین حاڵەت دەبێتە هۆی مردنی كەسەكە بەهۆی وەرگرتنی بڕی زیادە، ئەمە جگە لە تێكدانی پەیوەندییە خێزانییەكان و دووركەوتنەوەی تاك لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی و تووشبونی بە شڵەژانی دەروونی و ئەنجامدانی لادان و تاوانکردن و ...هتد، بەڵام لەهەمان كاتدا بارگرانییەكی ئابووریی گەورەشە بۆسەر داهات و ئابووری وڵات، لەلایەك بەهەدەردانی داهاتی ناوخۆیی بەهۆی كڕینی ئەم مادانە، لەدەستچوونی سامانێکی نیشتیمانی كە توانا و لێهاتوویی و بەرهەمی ئەم سەرچاوە مرۆییانەیە كە هۆش و خەیاڵیان نامێنی بەهۆی ئالودەبوونیان، جگە لە زۆریی تێچووەكان بەهۆی كردنەوەی چاكسازی و نەخۆشخانە بۆ ئالودەبوان و بازرگانان.
جەواد حەیدەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان