لە میدیای تورکییەوە

11:56 - 2024-10-09
جیهان
92 جار خوێندراوەتەوە

فراوانخوازیی ئیسرائیل كێشەیەكی ئەمنیی قەومیی توركیایە

حورییەت
پەرلەمانی توركیا دانیشتنێكی داخراوی تایبەت بە تاوتوێكردنی پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان سازكرد،  نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە وتاری كردنەوەی دانیشتنە تایبەتەكەدا وتی ״وەك ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی توركیا، پێویستە هەنگاوی پتەو بەرەو پێشەوە بنێین بۆ یەكڕیزیی و یەكدەنگیی لە دژی سیاسەتە فراوانخوازییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا، كە وەك كێشەیەكی ئەمنیی قەومی دەیبینین״.

 
مەسەلەكە بەیروت نییە، بەڵكو ئەنقەرەیە


میللیەت

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، لە كۆبوونەوەی گروپی پارتەكەیدا، سەرنجی خستەسەر هێرشەكانی ئیسرائیل و وتی «ئەمڕۆ مەسەلەكە بەیروت نییە، بەڵكو ئەنقەرەیە، ئەجێندای شاراوەی هێرشەكان خاكی توركیایە، قۆناغی داهاتووش خۆرهەڵاتی ئەناتۆلیا دەگرێتەوە، كە توركیا دەكات».
باخچەلی بە پێویستی زانی بەپەلە هێز بەكاربهێنرێت بۆ وەستاندنی ئیسرائیل و نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەستبەجێ ئەم ئەركە مێژووییە بگرێتە ئەستۆ، تەئكیدی كردەوە دوای ئەو مووشەكانەی ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی كرد، پرۆسەكە هێندەی تر چڕبۆتەوە و ئاگرەكە بە ئەگەری تۆڵەسەندنەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.
باخچەلی رایگەیاندووە: ئیسرائیل ئێستا شەڕی دژی ئیسلام و تەنانەت مرۆڤایەتیشی راگەیاندووە، ئەو حەوت زلهێزەش نابێ لەبیریان بچێت ئەگەر ئیسرائیل لەدژی ئێمە بێت و هەوڵی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی شاراوە یان ئاشكرا لەناوخۆی وڵاتەكەماندا بدات، پەشیمان دەبنەوە.

توركیا هاووڵاتیانی لە لوبنان دەگوازێتەوە


ئاكشەم

گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە توركییانەی كە دەیانەوێت لوبنان بەجێبهێڵن لە رێگەی دەریاوە، لە 9ی ئۆكتۆبەرەوە دەگوازرێنەوە.
لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی توركیادا ئاماژە بەوەكراوە كە لە ئەمڕۆوە ئەو هاووڵاتییە توركیانەی داوای چوونەدەرەوە لە لوبنان دەكەن بەڕێگەی دەریایی، دوو كەشتی سەر بە هێزی دەریایی توركیا بەڕێ دەخرێن بۆ بەیروت كە توانای هەڵگرتنی هەریەكێكیان دوو هەزار كەسە، بەڵام بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا ژمارەی هاووڵاتیانی تۆماركراو لە وەزارەتەكەدا كە لە لوبنان نیشتەجێن، 14هەزار كەسە و تا ئێستا دوو هەزار و پێنج سەد كەسیان داوای گواستنەوەیان بۆ توركیا كردووە.

 

ئەڵمانیا چەك دەفرۆشێتەوە بە توركیا


حورییەت

 ئەڵمانیا گڵۆپی سەوزی بۆ فرۆشتنی چەك بە بڕی 336 ملیۆن یۆرۆ بۆ توركیا هەڵكرد.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە ناكۆكی لەسەر فڕۆكە جەنگییەكانی یۆرۆفایتەر هەیە كە توركیا دەیەوێت بیكڕێت، لەو بارەیەشەوە گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی باس لەوە دەكات حكومەتی هاوپەیمانێتی لە ئەڵمانیا رێگە بە هەناردەكردنی مووشەكی رێنماییكراو و تۆرپیدۆ بۆ هێزی دەریایی توركیا داوە. هەروەها سەرچاوە ئەمنییەكان رایانگەیاندووە ئەوەی دەگوترێت «هێشتا دەنگۆیە».
بەپێی هەواڵی گۆڤارەكە بێت ئەنجومەنی ئاسایشی فیدراڵی بڕیاریداوە فرۆشتنی پاكێجەكە بە بەهای 336 ملیۆن یۆرۆ بە توركیای هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند بكات، لەنێو ئەو چەكانەشدا كە رێگەیان پێدراوە هەناردە بكرێن، 100 مووشەكی رێنماییكراو هەیە كە لەلایەن كۆمپانیای MBDA بۆ هێزی دەریایی توركیا بەرهەم هێنراوە، 28 تۆرپیدۆی جۆری SeaHake ی كۆمپانیای ThyssenKrupp هەیە.
لە لیستەكەدا كە وەزارەتی ئابووری بۆ پەرلەمانی فیدراڵی ناردووە، مەودای دارایی ئەو چەكانەی كە باسی لێوە دەكرێت بە دیاریكراوی نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئاماژە بەوەكراوە كە نرخی مووشەكەكان نزیكەی 100 ملیۆن یۆرۆ بووە و نرخی تۆرپیدۆش 156 ملیۆن یۆرۆ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان