راپۆرتی/ کەناڵی ئەلمەسرا
و: فەرید دڵشاد
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵكو لە تەواوی عیراق پەرۆشی پاراستنی ئەو کەلتووری پێکەوەژیان و تەوافوقەیە کە مام جەلال بەردی بناغەکەی داناوە، لەم راپۆرتەدا دید و ئومێدی ژمارەیەک هاووڵاتی عەرەبی عیراق دەخەینەڕوو کە رۆڵی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنن، لە بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا.
حامد ساعدی هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە دەڵێت: بە رای من مام جەلال یەکەم شۆڕشگێڕ بوو کە لە چیاکاندا ژیا بۆئەوەی خزمەتی عیراق بکات، پشت بە خودا کوڕەکەشی خێری دەبێت بۆمان، خودا بیپارێزێت و دوعای بۆ دەکەین، لەبەرئەوەی رێبازی باوکی گرتووە لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان و عیراق.
عەبدولستار عیساوی دانیشتووی بەغدا:
ئێستا یەکێتی بە بەهێزی دەرکەوتۆتەوە و لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت، لەبەرئەوەی راستگۆیە
بەهێزیی یەکێتی
عەبدولستار عیساوی هاووڵاتییەکی دیکەی بەغدایە وتی: بێگومان گەلی کورد نەهامەتی زۆری بینی بە دەستی رژێمی پێشوو، کیمیابارانی هەڵەبجە بەڵگەبوو لەسەر کۆمەڵکوژی گەلی کورد، بەڵام مام جەلال رۆڵێکی گەورەی هەبوو بە تایبەت دوای رووداوەکانی ساڵی 1991، گەلی کورد خۆیان کۆکردەوە و یەکیان گرت بۆ داواکردنی مافەکانیان، ئەمڕۆش دیموکراسیەتی زیاتریان هەیە و نوێنەریان هەیە لە بەغداد.
وتیشی: بێگومان مام جەلال کەسایەتییەکی سیاسی مێژوویی بوو، کەسێکی سادە بوو، لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەیوت:״ کەرکوک قودسی کوردستانە״، ئەمڕۆ مام جەلال کۆچی دوایی نەکردووە، چونکە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هەیە، کە شوێنی باوکیان گرتووەتەوە و هەوڵدەدەن مافی گەلی کورد بە دەستبهێنن، ئەگەرچی ناکۆکی هەیە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، بەڵام ئێستا یەکێتی بە بەهێزی دەرکەوتۆتەوە و دەڵێم لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی دەنگی زیاتر بە دەست دەهێنێت، لەبەرئەوەی راستگۆن لەگەڵ گەل و خەڵکی سلێمانی و سۆران و بەڵێنیداوە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، لە پارتی زیاتر هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند هەیە. ئەمەش گرنگە، لەبەرئەوەی سیاسەت هونەرە و یەکێتی یارییەکی راست دەکات و پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند، هیوا دەخوازین هەڵبژاردن سەرکەوتوو بێت، من لە دڵەوە لەگەڵ یەکێتیم، لەبەرئەوەی مامۆستا بووم لە قەڵادزێ، گەلێکی سادەن و تائێستا پەیوەندیم بەهێزە لەگەڵیاندا.
پیادەکردنی دیموکراسی
ریاز جەنعان دانیشتووی دیالە باس لە رۆڵی یەکێتی دەکات لە پیادەکردنی دیموکراسیدا و دەڵێت: رۆڵی یەکێتی زۆرباشە، یەکێتی دەستیکرد بە دیموکراسییەت، سوپاس بۆ خودا خەڵک بە ئاشتییانە دەژین، پێموایە کاک قوباد و کاک بافڵ لەسەر رێبازی باوکیانن و شتەکان زۆر بەباشی دەڕۆن. رۆڵی مام جەلال شەرەفمەندانە بوو، ئازادی و دیموکراسی هەبوو مام جەلال سەمام ئەمانی وڵات بوو، رێبەری تەواوی وڵاتێک بوو.
محەمەد ئەلعەزاوی یەکێک لە شێخەکانی گەرمیان وتی: هیچ جیاوازی و تائیفیەت نییە، هەموو یەک وڵاتین، بەرنامەی یەکێتی زۆرباشە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە شوێنی باوکێتی و کەسێکی زۆرباشە و ئێمە مەمنونین، ژیانێکی ئاشتییانە هەیە و ئێمەش سەقامگیریمان دەوێت بۆ وڵات.
شێخ محەمەد ئەحمەد دانیشتووی دیالەیە و لە کاتی شەڕی دژی داعشدا بۆ ماوەیەک لە گەرمیان ژیاوە و دەڵێت: لە ساڵی 2014 ئاوارەی کوردستان بووین، مامەڵەیان زۆرباشە، هەر هاتین وتیان ئێوە برامانن و ئاوارەنین لە شاری خۆتانن، سیاسەتی یەکێتی زۆرباشە و پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، هیوادارین یەکێتی سەربکەوێت و هەمیشە بۆ سەرەوە، لەبەرئەوەی شایەنین و ئێوە برامانن.
وەلید جەنعان دانیشتوویەکی دیکەی دیالەیە و لەبارەی رۆڵی یەکێتی لە پێکەوە ژیان وتی: تائیفیەت بوونی نییە، مام جەلال و یەکێتی و کاک بافڵ هەموو زۆرباش بوون و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، مام جەلال لە وێنەی نەبوو، ئێمە هاتووین بۆ ئێرە، لەبەرئەوەی مام جەلال و کاک بافڵ مان خۆشدەوێت و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.