هێمن ئەحمەد
بەچاودێریی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەنجومەنی باڵای گەنجان، بە هاوئاهەنگی رێكخراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و چەند رێكخراو و گروپێكی مەدەنی، هەڵمەتێكی نیشتمانییان بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان دژی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و راگەیاند و پۆستەری هۆشیارییان لە دژی ئەو ماددە ترسناكە دابەشكرد، هەڵمەتەكەش بۆ هۆشیاركردنەوەی توێژی گەنجان بوو لە مەترسییەكانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
لەوبارەیەوە سەنگەر كاكەیی ئەندام لە ئەنجومەنی باڵای گەنجان، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەكو ئەنجومەنەكە، هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە دژی بەكارهێنانی ئەو ماددەیە لە پارێزگای كەركوك و قەزاو ناحیەكان دەستپێكردووە.
وتیشی: ئامانج لە هەڵمەتەكە خستنەڕووی زانیارییە لەسەر مەترسییەكانی ئەو ماددەیە بۆ توێژی گەنجان، چونكە ماددەیەكی كوشندەیە و ئالوودە بوون پێوەی جێگەی مەترسییە لەسەر ئایندەی گەنجانمان.