بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق كرد.
لەدیدارێكدا گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێكران، جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنەکانی هەرێم و عیراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشیی راستەقینە و رێکەوتنە سیاسییەکان كرایەوە لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت پرسی مووچە و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە.
لەدرێژەی دیدارەکەدا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار كردەوە كە پرەنسیپی راستەقینە و هاوبەشیی تێدا پەیڕەو بكرێت، ببێتە مایەی سەقامگیری و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو لایەك بێت. لەو رووەشەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، یەكێتی پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەر و دوور لە جیاكارییە لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا، دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینە بین لە بەڕێوەبردنی هەرێمەكەمان و هەموان بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە كار بۆ خزمەتی خەڵكەكەمان و بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان بكەین.
لە بەشێکیتری دیدارەکەدا پرسی سەرژمێری و راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و گرنگی دیدی هاوبەش بۆ سەرجەم پرسەکان و بەردەوامیی دیالۆگ و راوێژی نیشتمانیی نێوان لایەنەکان جەختی لەسەرکرایەوە لەپێناوی پاراستنی ئارامی و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.