16ی ئۆكتۆبەر لە کتێبێکی وەستا رەسوڵەوە

10:19 - 2024-10-16
کەلتور
138 جار خوێندراوەتەوە

 ئاوات كۆكەیی

ناوی كتێب: لە پێناو مرۆڤایەتیدا هۆلۆكۆستێك بۆ داعش، بەرگی یەكەم
ناوی نووسەر: وەستا رەسوڵ
نۆبەی چاپ: یەکەم
ساڵی چاپ: 2024


وەستا رەسوڵ کە فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركوك بووە بۆ بەگژداچوونەوەی هێرشەكانی داعش، بیرەوەرییەكانی خۆی سەبارەت بە شەڕەكان و رووداوەكانی سنووری میحوەرەكەی تا لەدەستدانی كەركوك لە كتێبێكدا چاپ كردووە، لەم کتێبەدا کۆمەڵێک زانیاری گرنگی باسکردووەو مێژووی رووداوەکانی وەکو خۆی  گێڕاوەتەوە.

هەڵوێستی فەرماندەیی گشتیی هێزە هاوبەشەكانی عیراق لە بڕگەیەكدا وەستا رەسوڵ دەڵێت: 
رۆژی 15/10/2017 سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای هێزەكانی پشتیوانی(2)، لە هێڵی شەمەندەفەری كۆنی كەركوك، لە نزیك (گوندی تۆتۆبزاوە) پێشوازیمان لە شاندێكی  سیاسی و سەربازیی ئێرانی كرد، كە بە سەرپەرشتی (حاجی ئیقبال پوور) و ئەندامێتیی (ئەبوعەممار) و چەند كەسێكی تری نەناسراو هاتبوون.
لەو كۆبوونەوەیەدا پێیان راگەیاندین فەرماندەیی گشتیی هێزە هاوبەشەكانی عیراق، بەرنامەی هێرشكردنیان هەیە بۆ سەر كەركوك، بەتایبەت بۆ سەربازگە كۆنەکانی سوپای پێشووی عیراق و كۆنتڕۆڵكردنەوەی بیرە نەوتەكان.

پڕۆژەكەی بافڵ تاڵەبانی
لە بڕگەیەكی پێش ئەو سەردانە، باس لە پەیوەندییەكی تەلەفوونی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەكات سەبارەت بە پڕۆژەكەی (بافڵ تاڵەبانی) لە بارەی كەركوكەوە، دەنووسێت:
(پێی راگەیاندم كە 37 ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە واژۆكانیان پشتگیریی پڕۆژەكەی بافڵ تاڵەبانی یان كردووە).
دەڵێت منیش لێم پرسیوە كە پڕۆژەكە چییە؟ دەنووسێت(بافڵ تاڵەبانی وتی: لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و ئەمریكییەكان (لە سەربازگەی كەیوان) دروستبكرێت و ئیدارەی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان دابنرێت، ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی بكەن و 1 لیوای سكرتاریەتی مام جەلال بێتە كەركوك).
لە بەشێكی دیشكەشدا باس لە پەیوەندییەكی تەلەفوونی شاندەكەی ئێران دەكات بە ناو(حاجی)یەكە و دوای ئەوە پێیان دەڵێن(هێزەكانی عیراق فەرمانی جوڵەكردنیان پێكراوە و لە هەر كاتێكدا بیانەوێت هێرش دەكەن).

 

كتێبەكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ روونكردنەوەی بە شێكی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رەتكردنەوەی زۆر سیناریۆ و درۆی نەیارانی كورد و كەركوك و یەكێتی.

كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە دوكان
ئەو كەسەی كە تەلەفونی لەگەڵ شاندەكە، ئێران كردووە، وتویەتی(ئەگەر لە كۆبوونەوەكەی شارۆچكەی دوكان هەر دوو مەكتەبی ساسی (پارتی و یەكێتی)، راگەیاندنێكی هاوبەش بڵاوبكەنەوە و بە روونی ئاماژە بەوە بكەن، كە بەگوێرەی دەستووری عیراق، ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەنجام بدەن، بۆ چارەسەری ناكۆكی و كێشەكان، ئەوا ئێمە هێرشی سەربازی ناكەین.)
لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا نووسەر باس لە بەیاننامەی هەر دوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەكەی دوكان دەكات، كە چۆن پڕۆژەكەی بافڵ تاڵەبانی لەباربراوە و ئاماژە بەوە دەكات هەڤاڵانی پێیان وتووە، كە پڕۆژەكە پێشكەشی كۆبوونەوەكە كراوە و لە بەرامبەردا سەركردە باڵاكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە وتوویانە عیراق هێرش ناكات.
لە بەشێكی تری كتێبەكەدا نووسەر باس لە هەندێك جموجۆڵ و بابەت دەكات لە رۆژی 15/10/2017 دا كە ئاماژە و زانیاری بوون بۆ خراپیی دۆخەكە و پاشان دەنووسێت (لە سەعات 1ی شەوەوە هەستمان بە جموجۆڵی هێزەكانی عیراق كرد، لە سنووری ناحیەی تازەوە بەرەو «گوندی چەرداغلو»، دیاربوو جوڵەی نائاسایی دەكەن.)
پاشان باس لەوە دەكات لە رێگەی كەسێكی دڵسۆزی خۆیانەوە زانیاریی لەسەر ئەو جموجۆڵانەیان پێگەیشتووە و پێی وتوون(هەموو فیرقەی ئاڵتوونی، فیرقەی 9، فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و هەموو هێزەكانی حەشدی شەعبی، لە ئامادەباشی و لە چاوەڕوانی سەعاتی سفردان بۆ هێرشكردنە سەرتان).

هێرشەكەی سوپای عیراق
سەبارەت بە دەستپێكردنی هێرشەكەی سوپای عیراقیش دەنووسێت: ( هێزەكانیان جوڵە پێكرد، نزیكەی 60 هەمەریان بێ هەڵكردنی لایت بەهۆی دووربینی شەوەوە لە ناو چەمی خاسە، لەنێوان گوندی چەرداغلو و دیوارە بەردینەكەوە، دزە پێكردبووە نزیكی سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەوەبوو لە سەعات 2:10ی شەو لە 3 قۆڵەوە پەلامار و هێرشی هێزی عیراق دەستی پێكرد) و ناوی لیواكان و شوێنی هێرشەكانی نووسیوە.
باسی شەڕەكەش دەكات كە زۆر سەخت بووە و سەرەتا دووجار پێشمەرگە هێرشەكەی عیراقی تێكشكاندوو، بەڵام بۆ جاری سێیەم هێزەكانی عیراق بە 60 تانك و هەمەرەوە هێرشی فراوانتریان كردۆتە سەر پێشمەرگەی لیوای 102 و ئیتر ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون و شكان.
ئەمە سەرەتای زنجیرەیەك هێرشی بەردەوام و سەخت و بەربڵاوی هێزەكانی عیراق بووە لە سنووری كەركوك بۆ داگیركردنی شارەكە و دەرچوونی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك، بەڵام بە قوربانی و شەڕێكی سەختی هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.

بڕیاری کشانەوە

باسی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیان دەكات و دەنووسێت: (ئێمە هەوڵماندا زیانی زیاترمان بەر نەكەوێت لەشەڕی سوپای عیراق، بۆیە بە كۆی دەنگ و بە بڕیاری ژوری ئۆپەراسیۆنەكان كە پێكهاتبوو لە شێخ جەعفەر، بەندە، لیوا هیوا رەش، لیوا بەختیار، سەعید، لیوا كاوە، لیوا پیرۆت، عەمیدروكن خالید و عەمید سەرتیپ، پاشماوەی هێزەكانمان كشاندەوە بۆ دەرەوەی شاری كەركوك، ئەگەرچی لە بەرامبەر هێزەكانی عیراق 29 شەهید و 63 بریندارمان دا، بەڵام باشبوو فریای 6000 پێشمەرگە كەوتین و نەمانهێشت شەڕ بكەوێتە ناو شاری كەركوك، بۆئەوەی وەك موسڵ و حەلەبی لێنەیەت).
كتێبەكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ روونكردنەوەی بە شێكی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رەتكردنەوەی زۆر سیناریۆ و درۆی نەیارانی كورد و كەركوك و یەكێتی.

#16 ی ئۆکتۆبەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان