هۆشداری له‌سه‌ر جۆرێك‌ بتڵی غازی ماڵان‌ ده‌درێت

01:02 - 2024-10-16
کوردستان
115 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی سلێمانی جۆرێك له‌ بتڵی غازی ماڵان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش له‌باره‌یه‌وه‌ هۆشداری به‌هاوڵاتیان ده‌دات.

گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: دوای به‌ده‌ستگه‌یشتنی داواكاری بۆ فرۆشتنی جۆرێك له‌‌ بتڵی غازی ماڵان كه‌ له‌ پلاستیك دروستكراوه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ نمونه‌ی ره‌وانه‌ی تاقیگه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پیشه‌سازی كراوه‌ بۆ پشكنین.

وتیشی: دوای پشكنین ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ بتڵه‌ نه‌گونجاوه‌ و شیاوی به‌كارهێنان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانای به‌رگه‌گرتنی فشاری (90) باڕی نییه‌.

راشیگه‌یاند: له‌سه‌ر بنه‌مای پشكنین و نوسراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پیشه‌سازی، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی فرۆشتنی له‌ بازاڕه‌كان قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و له‌هه‌ر شوێنێكیش ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.‌

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی هۆشداریدا؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ بتڵه‌ پلاستیكییه‌ چینییانه‌ مه‌ترسی ته‌قینیان لێده‌كرێت و جێگه‌ی مه‌ترسین، هاوڵاتیان له‌و جۆره‌ بتڵه‌ غازه‌ پلاستیكییه‌ به‌كارنه‌هێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان