تەواوكردنی رێوشوێنەكانی كۆنترۆڵكردنی دیاردەی چەكداری

״روماڵكردنی رووداوەكان نەبنە هۆكاری شڵەژان و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ״

10:29 - 2022-07-06
کوردستان
544 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

پەرلەمانتاران و چالاكوان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ، تەئكید لەسەر «تەواوكردنی رێوشوێنەكانی كۆنترۆڵكردنی دیاردەی چەكداری لە هەرێمی كوردستان» دەكەنەوە.
تۆمارنەكردنی چەك
لەوبارەیەوە، عەبدولناسر ئەحمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان پێیڕاگەیاندین: یەكێك لە هۆكارەكانی كۆنترۆڵ نەكردنی دیاردەی چەكداری لە هەرێمی كوردستاندا، تۆمارنەكردنی ئەو ژمارە زۆرەی چەكە، كە بەئاسانی دەست هاووڵاتیان كەوتوون و كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكرێت، كە ئەم تۆمارنەكردنی چەكە لە بەشێك لە دامودەزگا رەسمییەكانیشدا هەیە، كە لە ساڵانی رابردوودا بەپێی بڕیارێك هەر كەسێك چەكی نەبوایە دانەدەمەزرا، بۆیە چەكی بەشێكی كارمەندان موڵكی خۆیانە و تۆمارنەكراوە.
جێبەجێكردنی سزاكان و توندتركردنی رێوشوێنەكان
ئاماژەی بەوەشكرد كە كۆنترۆڵكردنی دیاردەی چەكداری، تەنها بە داخستنی شوێنی فرۆشتنی چەك، ناكرێت، بەڵكو پێویستە رێگریی بكرێت لە بازرگانیكردن پێیەوە، جگەلەوەش پێویستە و دەبێت لێپرسراوان لە هەموو ئاستەكاندا لە دامودەزگا رەسمییەكاندا ئاگاداربكرێنەوە كە پاسەوانەكانیان تەنها لەكاتی ئەركی رەسمیدا چەكیان پێبێت و كاتەكانی تر لە شوێنی كارەكانیان دایبنێن. «بۆ ئەوەی رووداوەكان كەمتر ببنەوە، پێویستە سزای توندتر بەسەر ئەو كەسانەدا جێبەجێبكرێت، كە بە چەك تاوانێك دەكەن. هەروەها ناكرێت كەسێك تاوانێك بكات، بە سوڵح كێشەكەی كۆتایی پێبهێنرێت، بۆیە توندكردنی سزاكان كارێكی زۆر پێویستە». تەئكیدیشیكردەوە كە بەبێ چارەسەركردنی ئەو هۆكارانە، دەركردنی یاسای هەڵگرتنی چەك، كە لەماوەی رابردوودا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بایەخێكی ئەوتۆی نابێت و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو كێشەكان دووبارەدەبنەوە.
بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووداوەكان و كاریگەرییەكانی 
سەبارەت بە كاریگەریی تاوانەكانی كوشتن و توندتیژی لەسەر دەروونی هاووڵاتیان و ئارامیی خێزان، محەمەد گۆمەشینی چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مافی مرۆڤ، ئەوە دەخاتەڕوو كە بە دڵنیاییەوە شێوازی بڵاوكردنەوەی هەواڵی كوشتن و توندوتیژییەكان بەوجۆرەی لە هەندێك كەناڵی میدیایی‌ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبینرێت، كاریگەریی گەورەیان لەسەر ناخ و دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە دەبێت و وا لە مرۆڤ دەكات هەست بە نائارامی و بێئومێدی بكات، دواجاریش رەنگدانەوەی خراپی لەسەر كۆمەڵگە دەبێت. وتیشی: یەكێك لە حاڵەتە هەرە خراپەكانی ئێستا، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی بەشێكی تاوانەكانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، كە دەكەوێتە بەرچاوی هەموو تاكێك و بەدڵنیاییشەوە كاریگەرییەكەی لەسەر گەنج زیاتر دەبێت، بۆیە ئەركی راستەقینەی ئەو دەزگایانە جێبەجێكردنی بنەماكانی كاری رۆژنامەوانییە.
پێویستە هەوڵەكان چڕتربكرێنەوە
هەر تایبەت بەو باسە، شیروان عەوڵا بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپەمەنی لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم، رەخنە لە شێوازی گواستنەوەی هەواڵی كوشتن و تاوانەكان دەگرێت، كە هەندێك كەناڵ و دەزگای میدیایی پەیڕەوی دەكەن، كە ئەو شێوازە لە گواستنەوە و رووماڵكردنی رووداوەكاندا پێشێلكردنی مافی خەڵك و تاكە، بۆ ئەوەش جگە لە رێوشوێنەكانی وەزارەتی رۆشنبیری، پێویستە داواكاری گشتی و دادگاكانیش رۆڵی زیاتریان هەبێت. وتیشی: گەورەكردنی رووداوی كوشتن و كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی و قسەكردن لەگەڵ كەسی یەكەمی قوربانییەكان، لەلایەن راگەیاندنەكانەوە، گونجاو نییە و پێشێلكردنی مافی تاك و خەڵكە، «وەك وەزارەتی رۆشنبیری، ئەركی خۆمان جێبەجێکردووە لە دەركردنی رێنمایی و ئاگاداركردنەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن، كە رەنگە هەر ئەوەندە سنووری دەسەڵاتی یاساییمان بێت، هەنگاوی دووەم دەكەوێتە سەر داواكاری گشتی و دادگاكان، كە پێویستە ئەوان زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن، زۆر گرنگیشە كار بكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی لە كەمكردنەوەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی تاوانەكاندا، راستە كارێكی زەحمەتە، بەڵام پێویستە هەوڵەكان چڕتربكرێنەوە».

#دیاردەی چەكداری

بابەتە پەیوەندیدارەکان