زۆنگاوەكانی عیراق،

گۆماوە کەم وێنەکە، سەرچاوەیەکی ژیان

12:05 - 2024-10-31
کەلتور
215 جار خوێندراوەتەوە

عومەر كەریم بەرزنجی

زۆنگاوەکان سەرچاوەیەکی باشن بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زۆری خۆراک کە لە ماسی و باڵندە و بەروبوومی کشتوکاڵی پێکهاتووە و بۆ چاندنی برنج و قامیشی شەکر بەکاردێت


ئەهوار یان هۆڕەکان، یان زۆنگاو و زۆنگاوەكان، گۆماوەكان، لە (زاراوەی عەرەبی هاوچارخ)دا بەواتای (غەدیر، نیعمەت، بەهرە، باخچەی ساوایان، هۆر، قەدەغەكردن، رووبار) هاتووە. لە (فەرهەنگی یەكگرتووی زاراوە جیۆلۆجیەكان)دا بە واتای (دەریاچەیەكی بچووك) هاتووە. لە بیابانەکان لە شوێنە نزمەکان یان لە نزیک کانیاوەکاندا زۆنگاو دروست دەبێت. سەبارەت بەو زۆنگاوانەی کە بەدرێژایی دەریاکان هەڵکەوتوون، پێیاندەوترێت زۆنگاوەكانی دەریاچەی دەریایی، واتە لە دەمی رووبارەکان یان چەمەکاندا. هەندێکجار لە ئاوی شیریندا نوقم دەبن، هەندێکی تر لە ئاوی سوێردا (خوێدا) نوقم دەبن و ئەم تێکەڵە ئاوە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەردەستبوونی چەندین کەرەستە دابین دەکات، کە هەندێک لەو ئاژەڵانەی لە زۆنگاوەكان دەژین، وەک مار یان مشکی ئاوی، هەروەها کۆتر و چۆلەکە و کیسەڵ.
زۆنگاوەکان سەرچاوەیەکی باشن بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زۆری خۆراک کە لە ماسی و باڵندە و بەروبوومی کشتوکاڵی پێکهاتووە و بۆ چاندنی برنج و قامیشی شەکر بەکاردێت. بە گووتەی شارەزایان نزیکەی (40) جۆر باڵندە لە هۆڕەکان دەژین، کە (12) جۆر لەوانە جۆری دەگمەن و دانسقەن. هەروەها هۆڕەکان گەورەترین گۆماون لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرئاوای ئاسیا، لەرووی ژینگەییەوە تەواوکەری یەکترن. 
لە دێر زەمانەوە خانووی هۆڕەکان بۆتە جێگەی سەرنجی گەشتیار و گەڕۆکەکان، بەو پێیەش هەندێک لەوانە هۆڕەکانیان بە «باخچەی بەهەشت» وەسفکردووە. ئەو ناوچەیە گرنگیی خۆی هەیە لە رووی مێژووییەوە و بەپێی هەندێک لە توێژینەوەکان دەرکەوتووە، کە بۆ یەکەمینجار  سۆمەرییەکان لەو ناوچەیە دەرکەوتوون و شارستانیەتی خۆیان بونیاتنناوە، جگە لەوەی لە (پەیمانی کۆن)دا بە (بەهەشتی عەدەن) ناسراوە. 
لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا زۆنگاوی زۆر هەن، وەک زۆنگاوەكانی فلۆریدا لە ئەمریکا، بەڵام بەناوبانگترین زۆنگاوەكانی ناوچەی عەرەبی و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی زۆنگاوەكانی عیراقن. کۆی هۆڕەکانی عیراق لە ناوچەیەکی فراوان و رووبەرێکی (9000-20000) کیلۆمەتری داپۆشیوە و هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە لە سەرەتادا (بەتیحە)یان پێوتوون، ماناکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاوی هۆڕەکان دابەزیوە و خانووەکان لەسەری مەلە دەکەن. 
یەکێک لە سیما هەرە گرنگەکانی ناوچەی رافیدەین، بوونی هۆڕەکانە کە لە رووی سامانی جیهانییەوە بایەخێکی تایبەت و گرنگی هەیە. لە رووی تۆبۆگرافییەوە لە ژمارەیەک گۆمی ئاو پێکهاتووە و  بە شێوەی سێگۆشە کەوتۆتە شارەکانی عەمارە، ناسریە، بەسرە.  
بەپێی راپۆرتێكی (UNDP):سەرەڕای ئەم دۆخە سەختە و ئەو ئاڵنگارییانەی دانیشتوانی زۆنگاوەکان بەدەستیانەوە دەناڵێنن لە هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاوی خواردنەوە و نەبوونی کارەبا و کەمی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا لەو ناوچانەشدا، بۆتە هەڕەشەیەکی تر و ئاستەنگەکانی دوو ئەوەندە بۆ سەر ژیانی دانیشتوانەکە و بژێوی ژیانیان زیادکردووە.
بەپێی راپۆرتێكی (رۆژنامەی گاردیان)ی بەریتانیا بێت، هۆڕەکان جاران جۆرێكی بەهەشت بوون، وەلێ‌ قەیرانی کەشوهەوا و وشکە ساڵی وێرانیان کرد. دروستكردنی بەنداوەكانی وڵاتانی دراوسێی عیراقیش، رۆڵێكی نەرێنییان لە كەمكردنەوەو وشككردنی زۆنگاوەكاندا هەیە.
لە17ی تەموزی2017ەدا رێکخراوی یونسکۆ بڕیارییدا، هۆڕەکانی عیراق بخاتە ناو لیستی (کەلەپووری جیهان)ی سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی رژێمی (بەعس)دا، زۆربەی هەرە زۆری زۆنگاوەكان وشككران و پڕکرانەوە بە کۆنکرێت و خاشاک، بە پاساوی بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی عیراق. 

سەرچاوەكان:
-1https://www.instagram.com/sapra_artificial/
-2معجم وأصول اللهجة العراقية، الشيخ محمد رضا الشبيبي،الدار العربية للموسوعات، الطبعة الأولى،  2007.
-3 الهور في معاجم والأنطولوجيا العربية. الأنطولوجيا (جامعة بيروت). مؤرشف من الأصل في  2023-10-27.

بابەتە پەیوەندیدارەکان